” بە فەلسەفەی ژن و ژیان و ئازادی ئاستی خەبات بەرز دەکەینەوە”
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٨ی ئادار ڕۆژی تێکۆشانی ژنان، ژنانی پێکهاتە کورد و عەرەب و سریانییەکانی شاری قامیشلۆ ڕایانگەیاند، کە بە فەلسەفەی ژن و ژیان و ئازادی و هاودەنگی پێکهاتەکان خەبات و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەن.
زەینەب عیسا
قامیشلۆ- لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا ژنان بۆ هەمان ئامانج، بۆ ئازادی و دادپەروەری خەباتیان کرد، ژنانی کورد، عەرەب و سریانی لە بوارەکانی خەبات و کردەوەی مەدەنیدا کۆبوونەوە و پشتڕاستیان کردەوە کە ئازادی ژن دەروازەی ڕاستەقینەی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکیە کە هەمووان لە باوەش بگرێت، ئەم هاوپشتییە تەنها نیشاندانی پشتیوانی کاتی نەبوو، گۆڕا بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتی، دۆخی ژیانی هاوبەشی ناوچەکەی داڕشتەوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٨ی ئادار ڕۆژی تێکۆشانی ژنان، ژنانی پێکهاتە کورد و عەرەب و سریانییەکانی شاری قامیشلۆ بە ئاژانسەکەمانیان ڕاگەیاند: کە بە فەلسەفەی” ژن، ژیان، ئازادی” و هاوپشتیی پێکهاتەکان خەبات دەکەن تا بە مافەکانیان دەگەن.
”ژنان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدا دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە”
شەپال یوسف ئاماژەی بەوەدا، کە ژنانی کورد، عەرەب و سریانی بە یەکگرتن ئاستی خەبات بەرز دەکەنەوە، هەروەها گرنگترین کەسایەتی و بناغەی کۆمەڵگە ژنانن، ژنان لە سەرانسەری جیهان و بەتایبەت ژنانی کورد لە خەباتدان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان، ژنان سەدان ساڵە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا خەبات دەکەن، لە بوارەکانی سیاسی، سەربازی، کولتووری، هونەری و ئابووریدا بەرەنگاری و تێکۆشان دەکەین، ئەم خەباتەی کە بەڕێوەچوو، ئێستا سوودی بۆ ئەو ژنانە هەیە کە بەهۆی عەقڵیەتی پیاوسالارییەوە نەیانتوانی بوونی خۆیان دەرببڕن و هەموو ژنێک لە بوارەکانی کۆمەڵگەدا جێگەی خۆی دەگرێتەوە، ئێمە وەک ژنانی کورد و عەرەب و سریانی بە یەکگرتن ئاستی تێکۆشانمان بەرزدەکەینەوە و لە ٨ی ئادار ڕۆژی تێکۆشانی ژنان لە هەموو ژنانی جیهان پیرۆز دەکەین.
”بەڵێن بۆ خەبات”
مریەم حیانی بەڵێنی خەباتی خۆی وەک ژنێکی عەرەب بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک دووپاتکردەوە، لە ٨ی ئادار پیرۆزبایی لە هەموو ژنان کرد و وتی: پێش ئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوا بە پێشەنگایەتی ژنان دەست پێبکات، ڕژێمی بەعس مافەکانی ژنانی پەراوێز کردبوو، ژنان ڕووبەڕووی چەندین سەختی بوونەتەوە، دوای ئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوا بە پێشەنگایەتی ژنان دەستی پێکرد، ژنان لە هەموو پێکهاتەکانەوە پێکەوە دەژیان و خەباتیان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان دەستپێکرد، ژنان بوونە بڕیاردەر و ساڵانێک بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان درێژەیان بە خەباتی خۆیاندا، بە بۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی تێکۆشانی ژنان، بەڵێنی خەبات نوێ دەکەینەوە و پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی ژنانی خەباتکار لە هەموو ژنان دەکەین.
”بە فەلسەفەی ژن و ژیان و ئازادی پێکەوە خەبات دەکەین”
سەباح شابۆ ڕایگەیاند، لەگەڵ فەلسەفەی ”ژنا، ژیان، ئازادی” ژنان خەبات دەکەن، بۆ ئەوەی مافەکانی ژنان بخرێتە ناو دەستووری نوێی سووریاوە و لە کۆتای قسەکانیدا وتی: لە ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانی خەباتکار نزیک دەبینەوە، ژنان لە ڕێگەی ساڵانی خەباتی خۆیانەوە مافەکانیان بەدەستهێناوە، ئێمەش دەسکەوتەکانمان دەپارێزین، هەروەک ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان کە لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە دەستکەوتی گەورەیان بەدەستهێناوە و خەباتێکی بێهاوتایان ئەنجامداوە، یەکێک لە دەستکەوتەکانمان ئەوەیە کە ژنان دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە، بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانە، پێویستە هەموو ژنان بەیەکەوە لەگەڵ فەلسەفەی ”ژن، ژیان، ئازادی”دا خەبات بکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی مافەکانمان لە دەستووری نوێی سووریادا مسۆگەر دەکرێن.