بە دروشمی ''تەنها کورد، دۆستی کوردە'' پێشانگای ساڵانەی چالاکییە هونەرییەکانی پەروەردەی ڕۆژهەڵات کرایەوە
پێشانگای ساڵانەی چالاکییە هونەرییەکانی سنووری پەروەردەی ڕۆژهەڵات، بە درۆشمی ''تەنها کورد، دۆستی کوردە''، بە بەشداری خوێندنگا بنەڕەتییەکان، بەمەبەستی نیشاندانی بەرهەمە هونەرییە جۆراوجۆرەکان، لە مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکەی سلێمانی کرایەوە.
سلێمانی
ئەمڕۆ، لە مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکەی شاری سلێمانی، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی و خوێندنگە بنەڕەتییەکانی سنوری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتەوە پێشانگای ساڵانەی چالاکییە هونەرییەکانی خوێندنگا بنەڕەتییەکانی سنووری پەروەردەی ڕۆژهەڵات، بە درۆشمی ''تەنها کورد، دۆستی کوردە'' کرایەوە، کە مەبەستی پێشانگاکە نیشاندانی بەرهەم و توانا هونەریەکانی خوێندکاران و پەرەپێدانی ڕۆحی هاوبەشبوون و ناسنامەی نەتەوەیی بوو، هەروەها بۆماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت.
ڕێکخەرانی پێشانگاکە وتیان: ئەم پێشانگایە دەرفەتێکی گرنگە بۆ دۆزینەوە و پەرەپێدانی تواناکانی منداڵان، چونکە هونەر ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە دروستکردنی کەسایەتی و بەهێزکردنی متمانە بەخۆبوونی خوێندکاران، هەروەها ئەم چالاکییانە یارمەتیدەرن بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لەنێوان خوێندنگا و مامۆستا و دایک و باوکاندا، ئەم پێشانگایە چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت، چاوەڕوانیش دەکرێت گروپە جیاوازەکانی خوێندکارانی خوێندنگا بنەڕەتییەکانی سنووری دیکەی پارێزگای سلێمانی بەشداری تێدا بکەن، بۆ ئەوەی ئەم چالاکییە ببێتە بۆنەیەک بۆ پێکەوەهاتن، هاوبەشبوون و پشتیوانیکردنی هونەری منداڵان.
''وەک مامۆستایەکی هونەر داوا لە دایک و باوکان دەکەم کە منداڵەکانیان بهێنن بۆ ئەم پێشانگایە''
بەناز جەمال، مامۆستا لە خوێندنگەی جەمال عەبدول، وتی: بەشداریمان کردووە لە چالاکی خوێندنگەکانی سلێمانی، ئەم پێشانگایە ئیشی خوێندکارانە، واتە خوێندکاران بە هاوکاری مامۆستایان لە کاتی دەوام و وانەی خۆماندا ئیشیان کردووە، ئەم ئیشانەی کە لێرەیە چەندەها ئیشی هاوشێوە لە خوێندنگەکەمان هەمانە ، بەڵام لێرە تەنها دەتوانین ئەوەندە نمایش بکەین، ئەم پێشانگایە بە ڕاستی جێگەی خۆی کردۆتەوە لە دڵی خوێنداکاراندا، من وەک مامۆستایەکی هونەر داوا لە دایک و باوکان دەکەم کە منداڵەکانیان بهێنن بۆ ئەم پێشانگایە، هەروەها دایک و باوکان وەک لە کۆبوونەوەکاندا گوێمان لێدەبێت زیاتر گرنگی بە وانەکانی دیکە دەدەن وەک بیرکاری، عەرەبی، ئینگلیزی، بۆیە گرنگی بە وانەی وەرزش و هونەر نادەن، لە کاتێکدا ئەم وانانە زاخاوی مێشکە، ئەگەر خوێندکارێک مێشکێکی هونەری نەبێت ئایا دەتوانێت وانەکانی دیکە بە هونەری داڕێژێتەوە؟، بە لای منەوە وانەی هونەر وانەیەکی هزرییە بۆ خوێندکار و پێویستە هەموو دایک وباوکێک پەرەی پێبدات، چونکە وانەی هونەر و وەرزش، ڕەنگدانەوەی نەتەوەیە، واتە نەتەوەی ئێمە بەتایبەت سلێمانی ئەوا گرنگی زۆری بە هونەرداوە لە هەموو بوارە جیاوازەکانیدا و داواش دەکەم لە بواری هونەر بەرەو پیشەوە بچین و دایکان و باوکان منداڵەکانیان بهێنن بۆ ئەم پێشانگایانە.
''زۆر باشە کە ئەم پێشانگایانە بکرێنەوە''
نورا هەژار، خوێندکار و بەشداربووی پێشانگاکە، وتی: زۆر سوپاسی مامۆستاکانم و خوێندنگەکەم دەکەم کە بەشدارییان کردووە لەم پێشانگایەدا و ئێمەش توانیمان بەشداری بکەین و ئیشەکانمان بخەینە ڕوو، من بە دوو وێنە و کاری زەخرەفە بەشداریم کردووە، زۆر باشە کە ئەم پێشانگایانە بکرێنەوە، چونکە دەتوانم بچم سەیری وێنەکانی دیکە بکەم و منیش لە داهاتوودا ئیشی باشتر بکەم و ئیشی هاورێکانم زۆر پێ جوانە و مامۆستاکانمان زۆر هاوکارمان بوون .
باڤین محەمەد، خوێندکار و بەشداربووی پێشانگاکە، وتی: هاتووم بەشداریم کردووە بەم وێنە جوانانە و لەگەڵ خوێندنگەکەم سەیری وێنەکانی دیکە دەکەم.
''بە هاوکاری مامۆستاکانم توانیومە چەندین وێنە بکێشم''
لاسۆ شوانە، خوێندکار و بەشداربووی پێشانگاکە، وتی: بە هاوکاری مامۆستاکانم توانیومە چەندین وێنە بکێشم وبەشداری پێ بکەم لەم پێشانگایەدا، هەروەها خۆشحاڵم وەکو هەموو خوێندکارەکانی دیکە.
''پێکەوە لەگەڵ هاوڕێکانم کارەکانمان دەکرد''
سیدرا سیروان، خوێندکار و بەشداربووی پێشانگاکە، وتی: ئێمە بەشداریمان کردوە بەم وێنە جوانانە و مامۆستاکانمان زۆر هاوکارمان بوون، هەروەها پێکەوە لەگەڵ هاوڕێکانم کارەکانمان دەکرد بۆ ئەوەی کارەکانمان جوان دەرچێت.
''هیوادارم خوێندکاران بەردەوام ئەم کارە جوانانە بکەن''
گوڵی لاوکۆ، خوێندکار و بەشداربووی پێشانگاکە، وتی: ئێمە چەندین وێنە و کاری زەخرەفەمان کردووە و بەشداریمان کردوە لەم پێشانگایەدا، هەروەها زۆر سوپاسی مامۆستا کانم دەکەم کە زۆر هاوکارم بوون بەتایبەت نەزیرە خان کە زۆر هاوکارم بووە، بۆیە هەمیشە بەردەوام دەبم لەسەر ئەم کارانە و هیوادارم خوێندکاران بەردەوام ئەم کارە جوانانە بکەن.