بە دروشمی" شەهیدان خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتەن" شەهید بەفرین ڕێباز بەبیرهێندرایەوە
لە سلێمانی بنەماڵەی شەهیدان وەک نەریتێکی ساڵانە بەبۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، بە دانانی تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفا سەردانی مەزاری شەهید سارا ئەحمەد ناسراو بە شەهید بەفرین ڕێبازیان کردو بەبیریان هێنایەوە.
سلێمانی
ئەمڕۆ، لە گۆڕستانی سلێمانی نوێ لە سلێمانی، لە لایەن بنەماڵەی شەهیدان، وەک نەریتێکی ساڵانە بە دانانی تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفا بەبۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، بە وتنەوەی دروشمەکانی، " شەهید نامرێت" و " شەهیدان خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتەن"، شەهید سارا ئەحمەد، ناسراو بە بەفرین ڕێباز، بەبیرهێندرایەوە.
سەرەتا خولەکێک بۆ گیانی شەهید بەفرین ڕێبازو شەهیدانی ڕێگای ئازادی لەسەر گڵکۆی شەهید، وەستان، پاشان لە لایەن خوشکی شەهید بەفرین ڕێباز، پەیامی بنەماڵەکەیان خوێندرایەوە.
سەمیرە ئەحمەد، خوشکی شەهید سارا ئەحمەد وتی: وەک بنەماڵەی شەهید بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانمان و بەبۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربانەوە، لەگەڵ بنەماڵەی شەهیداندا سەردانی مەزاری شەهید بەفرینمان کرد، تا بتوانین یادی شەهیدان بەرز ڕابگرین و هەردەم لە بیرماندا بمێننەوە، شەهیدان خاوەنی ڕاستەقینەی وڵاتن، بۆیە هاتوین بە دانانی تاجەگوڵینە پەیامی بەردەوامیمان بۆ شەهیدان دووپاتکەینەوەو درێژەدەری خەباتی هەڤاڵان و شەهیدانمان بین، سارا تەنها خوشکی ئێمە نییە، بەڵکو تێکۆشەری گەلێکە.
ئامانج حەمەڕەشید، ئەندامی کۆمیتەی شەهیدان، وتی: بەناوی کومیتەی بنەماڵەی شەهیدان جەژنی قوربان لەهەموو گەلانی موسڵمان پیرۆز دەکەین، لێرەوە لەسەر گۆڕی شەهید بەفرین کەڕۆڵ و پێگەیی خۆیی هەبوو لەنێو تێکۆشانی ئازادیدا لەکەسایەتی ئەودا تەواوی شەهیدان بەبیر دەهێنینەوە سەری ڕێزو نەوازش لەئاست ڕەنج و خەبات و تێکۆشانی ئەوان دادەنەوێنین.
ئاماژەیی بەوەشکرد، وەک نەریتێکی ساڵانە پێش جەژن سەردانی گڵکۆی شەهیدان دەکەن لەسەر گڵکۆی پیرۆزیان جەژن پیرۆزدەکەن لەساڵیادی شەهیدبوونی شەهید بەفرین بەڵێن دووپاتدەکەنەوە بەردەوامدەبن لەخەبات و تێکۆشان.
"درێژەدەری خەباتی سارا ئەحمەد دەبم"
سەمیرە ئەحمەد وتیشی: لە نزیکبوونەوەی ساڵیادی شەهید بەفرین سەردانی مەزارەکەی شەهید کرا، تا بتواندرێت یادی شەهیدان بەرز ڕابگیرێت، یادکردنەوەی شەهید بەفرین و شەهیدانی دیکە هەردەم بەرز دەبێت، ئێمە بە دانانی تاجەگوڵینە بەردەوام یادیان دەکەینەوە، یادی سارا هەردەم لە دڵماندا زیندووە ئێمە وەک خێزانی شەهید سارا درێژەدەری ئەو خەباتەی دەبین.
زارا ئەحمەد عەزیز، چالاکوانی سیاسی وتی: ئەمڕۆ هاتینە سەر مەزاری شەهید بەفرین، یەکێک بوو لەو ژنە پێشەنگانەی لەباشووری کوردستان سەریهەڵدا بەگیانی خۆی بە ئیرادەو هێزی پۆلاێنی خۆیی گیانی بەخشی بەگەل و نیشتمانەکەی. چووە هێڵی گەریلاوە بۆئەوەی هەموو ژنان ئازادبن لەچەوساندنەوەو کۆیلایەتی دەربابن، بەهیچ شێوازێک پێناسەی شەهید ناکرێت، دەبێت بەجۆرێک ڕیبازەکەی بەردەوام بکەین نەهێڵین هیچ کاتێک خوێنیان بەفیڕۆ بچێت، هیوادارین ئاشتیەکی سەرتاسەری بۆ مرۆڤایەتی دروست بێت و ڕێبەڕ ئاپۆ ئازاد بێت و ئاشتی سەرتاسەری بەرقەرار بێت.