بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ڕۆژى پرتەقاڵى لە کۆیە بەڕێوەچوو
لە درێژەی چالاکییەکانی هەڵمەتی ۱٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، کۆمیتەى زاگرۆس بەهاوبەشى ڕێکخراوى ڕۆشنبیرى کۆیە سمینارێکیان ئەنجامداو ئاماژە بەوەکرا، لە هەموو شوێنێک و کۆمەڵگەیەک توندوتیژى هەیەو زۆر جار دەسەڵاتەکان هۆکارن.
شیا کۆیی
کۆیە-دوێنێ ٧ی کانوونی یەکەم، لە هۆڵی رۆشنبیرى کۆیە لە چوارچیوەی چالاکییەکانی هەڵمەتی ١٦ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، کۆمیتەى زاگرۆس بەهاوبەشى ڕێکخراوى ڕۆشنبیرى کۆیە، سمینارێکیان بۆ هەریەکە لە بەسیدە حەیدەرانور، مامۆستاى زانکۆ, و کنێرە لوقمان خورشید، مافپەروەر بە بەشداری ژمارەیەک لە ژنانى سنوورەکەو ڕێکخست.
کنێرە لوقمان خورشید، یاریدەدەرى دادوەرى لە دادگاى بەرایى کۆیە سەبارەت بە بابەتەی کە پیشکەشى کرد وتى: لە هەموو شوێنێک و کۆمەڵگەیەک توندوتیژى هەیە، بە شێوازى سیستماتیک بێت یان بە شێوازى دیاردەبێت، و زۆر جار دەسەڵاتەکان هۆکارن بۆ بەرزبوونەوەى توندوتیژىیەکان، بەڵام دواى گۆرانگاریەگان لە یاساکان لە هەرێمى کوردستان توندوتیژییەکان کەمبونەوە، من ناڵێم توندوتیژییەکان بنبڕ کراون بەڵام کەم بۆتەوە، وکرانەوەیەک درووست بوو بەڕووى ژنان.
کوردستان محەمەد، مامۆستاى پەیمانگاى وەرزشى لە کۆیە سەبارەت بە توندوتیژیەکانی دژی بەژنان وتى: توندوتیژیەکان بەردەوام گۆرانکاریان بەسەردادێت ئەوەى ئێستا زیاتر دەبینین توندوتیژى تەکنەلۆژیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، ئەوەش پێویستى بە چارەسەرە چونکە کاریگەرى نەرێنى هەیە لەسەر دەروونى ژنان، پێویستە بۆ ئەوەش یاساى نوێ بخرێتە ڕوو.
وتیشى: جۆرێکى دیکە لە توندوتیژى ژنان ڕووبەرووى دەبنەوە بەهۆى نەبوەنى هەلى کارە یان ئەوانەى فەرمانبەرن لە شوێنى کار ڕووبەڕووى توندوتیژى دەبنەوە، زیاتر ئەوەش بە هۆى خراپی بارى دارایی کە وادەکات ژنان ناچار بن کاربکەن بۆ بژێوی ژیانیان.
ئاسکە جەعفەر، بەرپرسی کۆمیتەى زاگرۆس وتى : وەک کۆمیتەکەمان لە ٢٥ى نۆفەمبەرەوە دەستمان بە چالاکیەکان کردووە و بەهاوبەشی ڕێکخراوى رۆشنبیرى کۆیە هەستاین بە سازکردنى ئەو سیمینارە بۆ ژنان لە رۆژە پرتەقاڵیەکان، ئامانجمان ئەوەیە زیاتر ژنان هۆشیار بکەینەوە بە مافەکانیان ئاشنایان بکەین.
سەبارەت بە پرسیارى جۆرى توندوتیژییەکان لە ئێستادا چین و چۆن دەستنیشان دەکرێن؟ ئاسکە جەعفەر وتى: وەک خۆم ئەوەى دەىبینم زیاتر توندوتیژی نەبیندراون جگە لەوەى لە نوسینگەکانى توندوتیژى تۆمار دەکرێت بەڵام زۆرێک لەتوندوتیژیەکان کە دەکرێت لە ماڵى هەر یەکێکماندا هەبێت ئەویش توندوتیژى نادیارن دەروەنین بێدەنگن، جا لە لایەن کەسوکارت بێت لە ناوخێزانەکان، وزۆر جار باسکردنیشیان بڤەیە . کە ژنان وەک کاڵایەک و پێداویستیەک سەیر دەکرێن و بەکاردەهێندرێن، بۆیە بە بۆچوونی من ئەو جۆرە کۆبوەنەوەو سمینارانە گرنگن تا ژنان زیاترهۆشیار بکرێنەوە.