بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزان، بە دانانی تاجە گوڵینەی وەفا شەهیدی ڕاگەیاند "هێرۆ بەهادین"، بەبیرهێندرایەوە

بە بۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزان، خانەوادەی شەهیدان، ڕاگەیاندکارانی ئازاد و هاوکارانی، بە دانانی تاجە گوڵینەی وەفا، شەهیدی ڕاگەیاندی ئازاد " هێرۆ بەهادین "، بەبیرهێندرایەوە.

سلێمانی_ پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە گۆڕستانی قەرەتۆغان، لە شاری سلێمانی، لە لایەن کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدان، کۆمپانیای چەتر، خانەوادەی شەهید هێرۆ بەهادین و هاوڕێ و هاپیشەکانی، بە بۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزان، بە مەبەستی بەبیر هێنانەوەی شەهید " هێرۆ بەهادین " شەهیدی ڕاگەیاندنی ئازاد، بە دانانی تاجە گوڵینە لەسەر مەزاری، بە دروشمی " شەهید نامرێ " بە ڕێز و وەفادارییەوە بە بیر هێندرایەوە.

 

شەهید " هێرۆ بەهادین "، لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤دا، لەسەر ڕێگایی سەیدسادق، لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی ڕاگەیندن، لەگەڵ هاوکارانی " گوڵستان تارا و ڕێبین بەکر "، لە ڕێگەی هێرشی درۆنی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، ئۆتۆمبێلەکەیان بە ئامانج گیرا، تێیدا هەردوو ڕاگەیندکاری ئازاد " هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا " شەهید کران، هەروەها " ڕێبین هەردی " بە سەختی بریبندار بوو.

 

سەرەتا دەقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی، شەهیدان بەبیر هێدرایەوە، پاشان لە لایەن کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدان و بەڕێوەبەری کۆمپانیای چەتر و هاوڕێ و هاوپیشەکانیەوە چەندین بەیان نامە خرایە ڕوو:

 

ئیبراهیم محەمەد ئەمین، ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدان، شەهید هێرۆ بەهادین و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی بەبیر هێنایەوە، شەهیدان ڕۆشەنکەرەوەی ڕێگای ئازادین، دەڵێت: "بە بۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە، وەک بە بیرهێنانەوەی شەهیدان و ئیهانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، لەسەر مەزاری شەهیدی ڕاگەیاندن " هێرۆ بەهادین " ئامادەبونمان هەبوو، هەروەها پەیامی سەدەی ڕێبەری گەلی کورد "عەبدوڵا ئۆجەلان"، ببێتە هۆی ئاشتی و پێکوەیی تا چی دیکە جەرگی دایکان هاوشێوەی دایکی شەهید هێرۆ نەسوتێت، هیوادارین هاتنی جەژن هاتنی ئاشتی و پێکەوەی بێت.

 

کەمال حەمە ڕەزا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای چەتر، باس لە شەهیدانی کۆمپانیای چەتر دەکات، هەبوونی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەردەوام ئاریشەی بۆ تەواوی کورد دروست دەکات، لە ناویاندا ڕاگەیاندکارانی ئازاد بەردەوام  ڕوبەڕووی شەهیدکردن و ڕێگری و دەستبەسەردا گرتن دەبنەوە، وتیشی: هەتا ئێستە کۆمپانیای چەتر خاوەنی چوار شەهیدی ڕێگای ڕادەڕبڕینی ئازادە، کە یەکەمیان شەهید " وەداد حسێن " کە بەشێوەیەکی دڕندانە بە ئەمری داگیرکەران و چاوساخانی تیرۆرکرا، پاشان " گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین " لە کۆتا جاردا شەهید " عەزیز کۆیلوئۆغلوو " بوو، لەسەر مەزاری هێرۆ بەڵێنی بەردەوامی دوپات دەکەینەوە، هەردەم ڕێوڕێبازی شەهیدانمان بەرنادەین.

 

کەمال حسێن، برای شەهید وەداد حسێن، وەک هاوخەمیەک جەختی لەوەوکردەوە، شەهیدانی ڕاگەیاندن هەردەم جێگایان بە بەرزی دەمێنێتەوە، وتیشی: شەهید وەداد و شەهیدانی دیکە لە لایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە شەهید کران، بەڵام هەزاران وەداد و هێرۆ درێژەدەری ڕێگای ئازاد دەبن، هاوڕێ و هاوکارانی لەسەر هەمان خەبات درێژەدەری کاریان دەبن، ئێمەی خانەودەی شەهید ناهێڵین کامێراکەتان بکەوێتە زەوی، لێرەین بۆ ئەوەی دوژمن بزانێت چەندین وەداد و هێرۆی دیکە بونیاد نراون.

 

بەهادین عەبدوڵا، باوکی شەهید " هێرۆ بەهادین "، پەیامی بۆ هاوکار و هاوپیشەکانی شەهید هێرۆ خستەڕوو، وتی: داواکارم خوێنی شەهیدانمان ون نەبێت، بەردەوام لێکۆڵینەوە بۆ هێرشەکان بکرێت، هەردەم هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەر بخرێتەڕوو، هیوادارم قەڵەم و کامێراکەی هێرۆ نەخرێتە زەوی و هاوکارانی درێژەدەری خەبات و ڕێبازی ئەوبن.

 

" هێرۆیەک شەهید دەکرێت، سەدان هێرۆ درێژەدەری خەباتی دەبن "

چرۆ شوانی، چالاکوانی سیاسیی، باس لەوەدەکات، ساڵانە کۆمیتەی شەهیدان سەردانی مەزاری شەهیدان دەکەن، بە مەبەستی بەبیرهێنانەوەی شەهیدانی ڕێگای ئازادی،و دەڵێت: کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدان و ڕاگەیاندکارانی ئازاد و خانەوادەی شەهیدان سەردانی مەزاری هێرۆ بەهادینمان کرد، تێیدا باس لە شەهیدان و ڕێگای ئازادی و خەباتی مەدەنیمانکرد، ئێمە دەزانین دەوڵەتیی داگیرکەری تورکیا بەردەوام لە دەنگی ئازاد دەترسێت، سەرەڕای خەباتی چەک دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ڕاگەیاندنی ئازاد دەترسێت، بەردەوام بە هێرشە درۆنیەکانیان دەیانکاتە ئامانج، لە باشووری کوردستاندا چوارەم ڕاگەیاندکاری ئازاد کراوەتە ئامانج، بەردەوام دەنگی ئازاد و کامێرەی ئازاد لە هەر جێگایەک بیەوێت بیروڕای ئازادانە ڕوماڵ بکات دەکرێتە ئامانج.

ئەو چالاکوانە سیاسییە، وتیشی: ڕێگریەکان بۆ ڕاگەیاندکاری ئازاد بەردەوامی هەیە، ڕاگەیاندکاری ئازاد شەهید دەکرێت، بەڵام سەدان هێرۆ بۆ درێژەدان بە بیروڕای دەست دەدەنە قەڵەم و کامێرای ئازاد، دەبینین ڕۆژانە ڕاگەیاندکاران و هاوپیشەکانی زیاتر کار بۆ فکری ئازاد دەکەن، ئەمە دەری دەخات کورد هەردەم بۆ ماف و ئاشتی هەوڵ دەدات. کورد هەردەم بۆ ئاشتی هەوڵی داوە، شەهیدان خوێنیان لەسەر خاک دەمێنێتەوە.