ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان: قەیرانی مافی ژنان لە ئەفغانستان توندترین قەیرانی جیهانە
ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە نزیکەی ٨٠%ی ژنانی ئەفغانستان بە دەسەڵاتی تاڵیبان لە خوێندن، دامەزراندن، یان خولی پەروەردەی پیشەیی بێبەشن، ئەمەش وایکردووە ئەفغانستان ڕووبەڕووی یەکێک لە توندترین قەیرانەکانی جیهان ببێتەوە.

ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان ڕاپۆرتێکی نوێی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە نزیکەی ٨٠٪ی ژنان لەو وڵاتە بێبەشن لە خوێندن، دامەزراندن، یان خولی پەروەردەیی پیشەیی، لە کاتێکدا بەشداری ژنان لە بازاڕی کاردا تەنها لە ٢٤٪دایە، ئەم دۆخە بە یەکێک لە توندترین قەیرانەکانی مافی ژنان لە جیهانی لە ئەمڕۆدا پێناسە دەکات.
بەپێی پێوەرەکانی ڕەگەزی ساڵی ٢٠٢٤، ٨٠%ی کچانی گەنج لە خوێندنگە نین و کار ناکەن و بەشداری هیچ خولێکی پەروەردەیی و پیشەیی ناکەن.
دوای نزیکەی چوار ساڵ لە گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، ژنان سەرەڕای ئەوەی زۆربەی مافەکانیان لێ زەوت دەکرێت، بەردەوامن لە خەبات بۆ دەستڕاگەیشتن بە مافە سەرەتاییەکانی وەک خوێندن، دامەزراندن و ئازادی هاتوچۆ.
نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: تاڵیبان زیاتر لە ٨٠ بڕیار و فەرمانی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانی ژنانی دەرکردووە، لەوانە ڕێگریکردن لە چوونە ناو شوێنی گشتی و خوێندن و کارکردن، بەڵام نیشانەکانی "بەرخۆدانی بێدەنگ بەڵام بەهێز" لەلایەن ژنان لە سەرانسەری وڵاتدا بەدی دەکرێن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سەرەڕای ئەو سنووردارکردنانە، بەشێک لە ژنان توانیویانە لە ڕێگەی کارە بچووکەکانی ماڵەوە، کارکردن لە پشت پەردەوە لە دەستپێشخەرییە مرۆییەکان، یان لە ڕێگەی پرۆگرامی خوێندەواری و بونیادنانی کارامەیی، هەل بۆ خۆیان دروست بکەن.
زۆرێک لە ژنانی شار، کە ڕێگرییان لێ کراوە بچنە زانکۆ یان کار بکەن، ڕوو لە فرۆشگاکانی ئۆنلاین دەکەن یان لە ماڵەوە وانەی نافەرمی پێشکەش دەکەن وەک ڕێگەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و دوورکەوتنەوە لە پەراوێزخستنی تەواو لە کۆمەڵگە.