ڕاپۆرتی مانگانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوکرایەوە

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕاپۆرتی مانگانەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە لە ماوەی مانگێکدا ٥ ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و دوو زیندانیش لە بۆکان و ورمێ بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە لە زیندان گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕاپۆرتی مانگەنەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی لە کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماری گیانلەدەستدانی زیندانیان و کوشتنی ژنان و کۆڵبەرانی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە خستەڕوو.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە لە ماوەی مانگێکدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٧ کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان گیانیان لەدەست داوە. یەک لەم کەسانە بە هۆی وەستانی دڵەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا و یەکی دیکەشیان بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییە سنوورییەکانەوە گیانیان لەدەست داوە، ٣ کەس بە تەقەی هێزەکانی چەکداری ئێران و ٢ کەسیش بە تەقەی هێزەەکانی پاسەوانی سنووری تورکیا و ئێراق گیانیان لەدەست داوە. هەروەها هەر لەم مانگەدا ١٠ کۆڵبەری کوردی تر لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و تورکیادا بریندار بوون یان ئەندامی لەشیان لەدەست داوە.

 

٥ ژن کوژراون و دوو زیندانی گیانیان لەدەستداوە

٥ ژنی کورد لە شارەکانی دەڕەشار، ئیلام، کرماشان و سەقز بە دەستی ئەندامانی بنەماڵەکانیان کوژراون، هەروەها دوو زیندانیی کورد لە زیندانەکانی بۆکان و ورمێ لەبەر پێنەدانی چارەسەری پزیشکی و درەنگخستی گواستنەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان، گیانیان لەدەست داوە، هەر بەپێی ئامارەکە ٥ کرێکاری کورد لە شارەکانی سەقز، کرماشان، سەردەشت و مەریوان لە ڕووداوەکانی کاردا گیانیان لەدەست داوە.

 

١٩ چالاکوانی کورد دەستبەسەرکراون

٥ هاوڵاتی کورد بە تۆمەتی بانگەشەی دژی حکومەت، چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی لەلایەن دادگاکانی ڕژێمی ئێرانەوە حوکمی زیندانیان لە ٣ مانگەوە تا ٤٠ ساڵ بەسەردا سەپاوە، نزیکەی ١٩ هاوڵاتی و چالاکوان لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. تەنیا دوو کەسیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

 

٣ زیندانی مانیان لە خواردن گرتووە

لە ماوەی ئەم مانگەدا ٣ زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی ڤیان محەممەدی، شاکر بێهروز و کەیهان مەکەڕەم لە زیندانی ورمێ و بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامی دەستبەسەربوون، دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و ڕەچاونەکردنی یاسای کەمکردنەوەی سزای زیندان، مانیان لە خواردن گرتووە.

 

ت.پ