ڕاپۆرتەکان : شەمسی خەسرەوی دوای دادگاییکردن لە تاران رووبەڕووی لەسێدارەدان دەبێتەوە
ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرایان کرد، شەمسی خەسرەوی، هاوڵاتیی کوردی خەڵکی سەقز لە زیندانی قەرچەک، بە تۆمەتی گەندەڵی لەسەر زەوی، سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بووەتەوە
ناوەندی هەواڵ
دەسەڵاتی دادوەری لە ئێران سزای لەسێدارەدان بەسەر زیندانییانی سیاسی و ئەمنییەکاندا دەسەپێنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕەخنەی بەردەوامی مافی مرۆڤ هەیە، کە داوای مسۆگەرییە دادوەرییەکان و پێداچوونەوە بە ڕێکارەکانی دادگاییکردن دەکات.
شەمسی خەسرەوی، هاوڵاتییەکی کوردی تەمەن ٤٤ ساڵی خەڵکی شاری سەقز و دەستبەسەرکراو لە زیندانی قەرچەکی وەرامین، مەترسیی دەرچوونی سزای لەسێدارەدانی لەسەرە، بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەم دواییانەدا دانیشتنی دادگاییکردنەکەی لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبول قاسم سەلواتی بەڕێوەچوو، کە تێیدا دادگایی دەکرێت بە تۆمەتی وەک "گەندەڵی لەسەر زەوی"، "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" و "هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان"، ئەوانەش تۆمەتگەلێکن کە دەکرێت ببنە هۆی دەرچوونی سزای لەسێدارەدان.
ڕاپۆرتەکان بە پشتبەستن بە سەرچاوەی ئاگادار بڵاویان کردووەتەوە کە دادوەر ئەبول قاسم سەلواتی لە کاتی دانیشتنی دادگاکەدا بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە، کە "تاکە سزایەک کە چاوەڕێی شەمسی خەسرەوی دەکات لەسێدارەدانە، بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوودا لەسەر ڕێگای خێرای کەرەج - تاران دەستبەسەر کرابوو، لە کاتێکدا بنەماڵەکەی بۆ ماوەی دوو مانگی تەواو لە دوای دەستبەسەرکردنییەوە لە چارەنووسی بێئاگابوون.