ڕاپۆرتێک تێکچوونی تەندروستی نێرگس محەمەدی و ڕەتکردنەوەی چارەسەری پزیشکی ئاشکرا دەکات

ڕاپۆرتێکی نوێی دەزگای ”نێرگس محەمەدی”، تێکچوونی باری تەندروستی چالاکوان نێرگس محەمەدی لەناو زیندانی زەنجان ئاشکرا دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

چالاکوان نێرگس محەمەدی لە زیندانی زەنجان ڕووبەڕووی قەیرانێکی تەندروستی ڕاستەقینە بووەتەوە، دوای جەڵتەی دڵی پێشتر تووشی ئاڵۆزییەکان بووە، لەوانە ئازاری توندی سنگ و سەرئێشەی توند کە لەگەڵ سکچوون و دوو بینین و هەروەها هەڵاوسانی مەترسیدار لە پەستانی خوێندا.

 

دەزگای ”نێرگس محەمەدی” بڵاویکردەوە، لە ماوەی دوو کۆبوونەوەی خێزانییدا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ بەرپرسانی زیندان ئەنجامدرابوو، باری تەندروستی بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچووە، خێزانەکە ئاماژەیان بەوە کردووە: کە لە سەردانێکی پێشوودا تێبینیان کردووە کە نێرگس لەڕادەبەدەر سست بووە و بڕێکی بەرچاو کێشی دابەزاندووە، هەروەها لە ژوورێکدا لەگەڵ زیندانیانی تۆمەتبار بە کوشتن ڕاگیراوە و لە چەندین بۆنەدا هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە نێرگس محەمەدی کە ماوەیەکی درێژخایەن تووشی ئازارێکی توندی سنگی بووە، بەتایبەتی دوای ئەوە تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک و ١٥ خولەک لە بەشی ژنانی زیندانی زەنجان بێهۆش ماوەتەوە، ئەمەش نیگەرانییەکی ڕاستی لەبارەی تەندروستی خۆیەوە وروژاندووە.

 

بە وتەی حەمید ڕەزا محەمەدی برای، نێرگس محەمەدی دوای ڕووداوەکە ڕەوانەی پزیشکی دڵ لە زەنجان کراوە، کە جەڵتەی دڵی بۆ ئەو دەرمانانە گەڕاندووەتەوە کە پزیشکی زیندان بۆی نووسیوە، ڕەتیکردەوە دەرمانی نوێ بنووسێت یان بەردەوام بێت لە چارەسەرکردن بەبێ ڕاوێژکردن بە پزیشکە متمانەپێکراوەکەی لە نەخۆشخانەی پارس لە تاران، هۆشداریشی داوە لە مەترسی دووبارەبوونەوەی جەڵتەی دڵ.

 

سەرەڕای بەردەوامی بەدواداچوونی خێزانەکەی بۆ دۆسیەکە، کارگێڕی ئیتلاعاتی زەنجان ئامادە نەبوو بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت، لە کاتێکدا کارگێڕی ئیتلاعاتی تاران هیچ وەڵامێکی نەدایەوە، بە وتەی براکەی، باسکردنی کارگێڕ ئیتلاعاتی مەشهەد پەیوەست بووە بە "هەڕەشەی دەستگیرکردن”، سەرەڕای کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری داواکاری گشتی و تیمێکی پزیشکی دادوەری، نێرگس محەمەدی بەبێ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی پێویست لە زینداندا دەمێنێتەوە.

 

سەبارەت بە گرفتە تەندروستییەکانی نێرگس محەممەدی، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە تووشی سەرئێشەی توند دەبێت لەگەڵ سکچوون و دوو بینین و کەمبوونەوەی بینیندایە، ئەم نیشانانە دوای دەستبەسەرکردنی توندوتیژی لە مەشهەد دەستی پێکرد و لەو ماوەیەدا زیان بەر لە سەر و ملی کەوت، هەروەها بەهۆی پێشینەی نەخۆشییەکانی دڵ و بوونی ستێنت لە سییەکانیدا، کە یەکێکی دیکەیە لە نیگەرانییە پزیشکییەکانی پەیوەست بە حاڵەتەکەیەوە، تووشی هەڵاوسانی توندی پەستانی خوێن دەبێت.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، پارێزەرانی نێرگس محەمەدی لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ داواکاری گشتی زەنجان سێ داواکارییان پێشکەش کردووە: ئازادکردنی بە دانانی بارمتە، گواستنەوەی دەستبەجێی بۆ تاران و دەستبەجێ خەواندن لە نەخۆشخانە، بەڵام داواکاری گشتی زەنجان ڕایگەیاند، کە دەسەڵاتی بڕیاردانی لەم دۆسیەیەدا نەبووە، چونکە کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی دادستانەکانی مەشهەد و تاران.

 

ڕوونیکردووەتەوە، دوای ئەوەی لە دەستبەسەرکردنی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری مەشهەد هێورکەرەوەی بۆ کراوە، پشکنینی بۆ کراوە و دەستنیشان کراوە کە پێویستییەکی بەپەلەی بۆ ئەنجیۆگرافی هەیە، سەرەڕای ئەمەش بەبێ ئاگادارکردنەوەی خێزان و پارێزەرەکەی بۆ زیندانی زەنجان گوازراوەتەوە، لە هەروەها زیندانی زەنجان کە توانای وەرگرتنی نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ زیندانی هەیە، باڵێکی سیاسی جیاوازی نییە، هەروەها ئاماژەی بە گواستنەوەی پێشووی بۆ ئەو زیندانە کردووە لە ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٩.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، نێرگس محەمەدی وەک تاکە زیندانی سیاسی ژن ڕاگیراوە لە بەشی ژنان، لەگەڵ ئەو ژنانەی بە تاوانی توندوتیژی سزا دراون، ئەمەش دۆخێکە کە "کەشێکی ناجێگیر و مەترسیداری" دروستکردووە و بەرەوڕووی "هەڕەشە و هەراسانکردنی بەردەوام" بووەتەوە.

 

ئەم ڕاپۆرتە دیسانەوە ڕەخنەی لە پێشێلکردنی "بنەمای جیاکردنەوەی تاوانەکان" لە زیندانەکانی ئێران گرتووە و بە هۆکارێک بۆ زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر زیندانیانی سیاسی پێناسەی کردووە، هۆشداریشیدا لەوەی بەردەوامی ئەم هەلومەرجانە ژیانی نێرگس محەمەدی دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی "کارەساتێکی مرۆیی".

هەروەها ڕێکخراوەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە "ڕێوشوێنی خێرا و کاریگەر" بگرێتەبەر بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی ئەو و زیندانییە سیاسییەکانی دیکە.