ڕاپۆرتێک: ٧ شاری یەمەن ڕووبەڕووی نەبوونی ئاسایشی خۆراک دەبنەوە

بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی ئاژانسی ئەمەریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی، دانیشتووانی ٧ شاری یەمەن لە باکووری وڵاتەکە ڕووبەڕووی خراپترین حاڵەتی نەبوونی ئاسایشی خۆراک دەبنەوە لە چەند مانگی داهاتوودا.

یەمەن

 

شەڕی یەمەن کە چەندین ساڵە بەردەوامە بارودۆخی ئابووری خراپتر کردووە و ملیۆنان کەس لە ٧ شاردا ڕووبەڕووی خراپترین ئاستی نەبوونی ئاسایشی خۆراک دەبنەوە.

 

ئاژانسی ئەمەریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی "USAID" لە ڕاپۆرتێکی نوێدا هۆشداری دەدات کە بارودۆخی خۆراک لە یەمەن لە چەند مانگی داهاتوودا بەرەو خراپترین ئاستی خۆی دەڕوات و ئاماژەی بەوەکردووە، ٧ شاری یەمەن (عەمران، حەجە، حودەیدە، جەوف، ئەلمەحویت، سەعد و تەعز) بە توندی نەبوونی ئاسایشی خۆراک دەبینن.

 

ملیۆنان کەس لە ٧ شارەکە لە ئاستی باری نائاساییدا دەژین، کە قۆناغی چوارەمی پۆلێنکردنی قۆناغی نەبوونی ئاسایشی خۆراکی یەکخراوە، بۆیە بەلایەنی کەمەوە یەک خێزان لە پێنج خێزان تووشی کەمی خۆراک دەبن کە دەبێتە هۆی بەدخۆراکییەکی سەخت یان گیان لەدەستدانی زۆر، یان ئەو سامانە گرنگانەی کە لەوانەیە ببنە هۆی کەمی خۆراک.

 

بەپێی شیکردنەوەیەک کە لەلایەن تۆڕی سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی برسێتییەوە ئەنجام دراوە، ملیۆنان کەس لەو شارەدا تووشی باری لەناکاوی خۆراک دەبن، کە بەرزترین ئاستە لە ئاستی نەبوونی ئاسایشی خۆراکدا.

 

لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراوە ناحکومییەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە کاریگەری زیادبوونی هێزی سەربازی لە یەمەن و دەریای سوور لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری و گەیاندنی یارمەتییەکان، هەروەها ژمارەیەک لە ڕێکخراوە مرۆییەکان ئۆپەراسیۆنەکانیان ڕاگرتووە بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە دوای هێرشەکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر حوسییەکان.

 

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ٢٦ ڕێکخراوی یەمەنی و نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی منداڵان و ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویج نیگەرانییەکی گەورەیان دەربڕی سەبارەت بە کاریگەرییە مرۆییەکانی ئەم دواییەی زیادبوونی سەربازی لەسەر یەمەن و دەریای سوور و جەختیان لەوە کردەوە کە ڕێکخراوە مرۆییەکان دەستیان کردووە بە هەستکردن بە کاریگەری هەڕەشەی ئەمنی لە دەریای سووردا، کە تێکچوونی بازرگانی نرخی خۆراک بەرز دەکاتەوە و گەیاندنی یارمەتییە سەرەکییەکان بۆ دانیشتووان دوادەخات.

 

جێی ئاماژەیە کە زیاتر لە ٧٥%ی یەمەنییەکان پشت بە یارمەتییە مرۆییەکان دەبەستن بۆ مانەوەیان، ئەمەش بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوورییە سەختەی کە لە ئەنجامی جەنگ و داڕمانی دراو تێکچوونی هەناردەکردنی نەوت سەریهەڵدا بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی حوسییەکان بۆ سەر بەندەرەکانی هەناردەکردن، جگە لە سنووردارکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوردەکردن و بازرگانی لەگەڵ دەرەوە.