ڕاپۆرت: نزیکەی ١٠ هەزار کەس لە لوبنان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان
نوسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە، لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حزبوڵڵا، ٩٠٢ هەزار و ٧١٧ کەس گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ناوەندی هەواڵ
لوبنان شایەتی پەرەسەندنی هێرشەکانی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان بوو، کە بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆنێک کەس بۆ شوێنە ئارامەکان.
نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان "OCHA" دوێنێ ١٦ی کانوونی یەکەم لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕایگەیاند، سەرەڕای ئاگربەستی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حزبوڵڵا، ١٧٨ هەزار و ٨١٧ لوبنانی نەیانتوانی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
سەبارەت بە دۆخی لوبنان لە نێوان ٦-١٢ کانوونی یەکەمدا، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ٩٠٢ هەزار و ٧١٧ کەس گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ١٧٨ هەزار و ٨١٧ کەسی دیکەش نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست ٥٥ هەزار کەس لە سووریاوە گەڕاونەتەوە بۆ لوبنان.
لە ٢٧ تشرینی دووەمی ڕابردووەوە ئاگربەست کراوە، کە کۆتایی بە ئاڵوگۆڕی بۆردومان لەنێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حزبوڵڵا هێنا کە لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە دەستیپێکردوو و دواتر لە ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ گۆڕا بۆ شەڕێکی بەرفراوان، سەرەڕای ئاگربەست، هێزەکانی ئیسرائیل تا ئێوارەی دووشەممە بۆ جاری ٢٢٨ەمین ڕێککەوتنەکەیان پێشێل کرد.
هێرشەکانی لوبنان بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە چوار هەزار کەس و برینداربوونی ١٦ هەزار و ٦٥٦ کەسی دیکە کە ژمارەیەکی زۆریان منداڵ و ژن بوون، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس ئاوارەبوون.