شانۆگەرییەک بە ناوی "ژنە ئازاکان بەبیرهێنانەوە بۆ ئێستا" نمایش کرا

لە شاری بازل لە فۆڵکسبوونە "Volksbühne" شانۆگەرییەک بە ناوی "ژنە ئازاکان" نمایش کرا کە ئیلهامی لەو ژنە بوێرانە وەرگرتووە کە شوێنپەنجەیان لە مێژوودا دیارە، ژمارەیەکی زۆر لە بینەران بە بایەخەوە تەماشای شانۆگەرییەکەیان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لە شاری بازل لە فۆڵکسبوونە "Volksbühne" شانۆگەرییەک بە ناوی "ژنە ئازاکان بەبیرهێنانەوە بۆ ئێستا" نمایش کرا کە ئیلهامی لەو ژنە بوێرانە وەرگرتووە کە شوێنپەنجەیان لە مێژوودا دیارە. ژمارەیەکی زۆر لە بینەران بە بایەخەوە تەماشای شانۆگەرییەکەیان کرد.

 

ئەم شانۆگەرییە خەباتی ئەو ژنانە دەگوازێتەوە بۆ سەردەمی ئەمڕۆ، کە بەدرێژایی مێژوو لە دژی زوڵم و چەوسانەوە وەستاونەتەوە. شانۆگەرییەکە بە هەوڵی هاوبەشی پێنج هونەرمەندی شانۆ ئامادە کراوە و تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی ژیانی ئەو ژنانەی لە چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و لە سەردەمە جیاوازەکاندا ژیاون. چیرۆکەکان ئیلهامیان لە نموونەی ڕاستەقینەی ژیان وەرگرتووە و نیشانی دەدەن کە تێپەڕاندنی ترس و بێئومێدی تەنیا لەرێگەی تێکۆشان و ئازایەتییەوە دەبێت.

 

لە سارا‌وە تا ئێما

سەرچاوەکانی ئیلهامی ئەم شانۆگەرییە بریتین لە چەندین ناوی پێشەنگی تەڤگەری ژنانی کورد، وەک: ساکینە جانسز "سارا"، ئارین میرکان، ناگیهان ئاکارسەل، هەڤرین خەلەف، غوربەتەلی ئەرسۆز و هونەرمەندی کورد عایشە شان. هەروەها شانۆگەرییەکە باسی ژنە ئازاکانی وەک ئێما گۆڵدمان، نووسەری ئەنارکیستی سەدەی بیستەم، باربارا کیستلەر، تێکۆشەری سویسری کە لە ڕیزەکانی TKP/ML  لە کوردستان خەباتی دەکرد و کریستا وۆڵف، نووسەری سۆسیالیست دەکات.

 

سەردەم و ئەزموونەکان

دەرهێنان و گونجاندنی دەقەکە لەلایەن ئانینا جێندرێیکۆ ئەنجامدراوە. کارەکتەرەکانی سەر تەختەی شانۆ لەلایەن کارمان دالفۆگۆ، بەرفین ئەمەکتار، ئێوی ساولیدۆ و کلیمەنس گابریێلیدیس بەرجەستە کراون. هەروەها ئاکسێل نیتز "دراماتۆری و دیزاینی دەنگ"، میرجام گورتنەر "کۆریۆگرافی" و مارتینا ئیلایتەر و ئێڤا بوتزکیس "دیزاینی سەکۆ و پۆشاک" کاریان تێدا کردووە.

 

ئەم بەرهەمە ئەزموونی ژنانی سەردەم و ناوچە جیاوازەکان لە ڕێگەی گۆرانی، سەما و وتارەوە کۆدەکاتەوە و بینەر دەباتە ناو گەشتێکی دەروونی و سیاسیی قووڵەوە.

 

"شەوێکی شکۆدار بوو"

تیمی فۆڵکسبوونەی بازل دوای یەکەم نمایش لە ٣١ی کانوونی دووەمدا گوتیان: "چ شەوێکی شکۆدار بوو! یەکەم نمایش کۆتایی هات و ئێمە زۆر دڵخۆشین. لە هۆڵێکی تەواو پڕدا دەرفەتی ئەوەمان هەبوو کە شانۆگەرییە نوێیەکەمان پێشکەش بکەین. سوپاسێکی زۆر بۆ هەموو ئەو کەسانەی لەم ساتە تایبەتەدا لەگەڵمان بوون. ئەو وزە و سەرنجەی بینەران کاریگەرییەکی قووڵی لێکردین.

 

یەکێک لە بینەران وتی: ئەم شانۆگەرییە بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەروونمدا دەنگ دەداتەوە، هەم پڕ بوو لە خەفەت و تووڕەیی، هەم لە هەمان کاتدا کاریگەر و پڕ هەست بوو، بۆنی ئەو نانەی لە کاتی نمایشەکەدا دەبرژا لە لوتمدا ماوە، ئەو کارە ڕۆژانە و ڕێکخراوانەی ژنان وەک: ئامادەکردنی خۆراک، شۆردن، گفتوگۆکردن لەگەڵ یەک؛ پڕ بوون لە خۆشەویستی، تێکۆشان و ئەقڵ.

 

نمایش تا ١٤ی شوباتەوە بەردەوامە

شانۆگەرییەکە هەموو شەوێک کاژێر ١٩:٣٠ لە هۆڵی "Druckereihalle, Ackermannshof"لە شاری بازل نمایش دەکرێت. دوای نمایشەکەش گفتوگۆیەک لە نێوان بینەران و ئەکتەرەکاندا بەڕێوە دەچێت.

 

" ژیانم هەر شەڕ بوو"

یەکێک لەو ژنانەی لە شانۆگەرییەکەدا ژیانی باس دەکرێت، ساکینە جانسز "سارا"یە.  یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی پەکەکە. جانسز کە لە دێرسیم لەدایکبووە، دوای کۆنگرەی دامەزراندنی پەکەکە دەستگیرکرا و بۆ زیندانی ژمارە ٥ی ئامەد گوازرایەوە. ئەو بە بەرگرییە مێژووییەکەی لە دژی ئەشکەنجەدەر "ئەسعەد ئۆکتای یڵدرم" ناسراوە. جانسز لە ساڵی ٢٠١٣ لە پاریس لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا لەگەڵ فیدان دۆغان و لەیلا شایلمەز شەهید کرا، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەم هێرشەی وەک "کۆمەڵکوژی دووەمی دێرسیم" ناوبرد، جانسز ژیانی تێکۆشانی خۆی لە کتێبێکی سێ بەرگیدا بە ناوی «ژیانم هەمووی تێکۆشان بوو" نووسیوەتەوە و بۆ زمانەکانی کوردی سۆرانی، کرمانجی، ئیتاڵی، ئینگلیزی، ئیسپانی، عەرەبی، ئەڵمانی و فەرەنسی وەرگێڕان کراوە.