"ڕاگەیاندنی ئازاد بە بەرخۆدان دژی ستەم پێشوازی لە ٣ی ئایار دەکات"

ڕۆزا مەتینا، سەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنانی میزۆپۆتامیا، ئاماژەی بەوەکرد، لە ٣ی ئایاردا بە تێکۆشانی خۆیان له دژی سه رکوتکردن پێشوازی له ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕاگه یاندن دەکەن و وتی: هێرشەکان بەڕێکەوت نین و هیڕش لە دژی تێکۆشانی ڕاستی هەیە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- دوای بڕیاری کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩٣، ڕۆژی ٣ی ئایار بە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری دادەنرێت لە جیهاندا، هەرچەندە ئازادی ڕۆژنامەگەری وەک دەستوورێک لە پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و لە تورکیا مسۆگەرکراوە، بەڵام ئەوەی ڕوودەدات پێچەوانەکەی نیشان دەدات، بە تایبەتی، فشار لەسەر کارمەندانی ڕۆژنامەوانی ئازاد ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فورات "DFG" سێ ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەستگیرکراون و ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە تورکیا دەستگیرکراون بووە ٤٤ ڕۆژنامەنووس.

 

لەو ٤٤ ڕۆژنامەنووسەی بەهۆی کاری پیشەییەوە دەستگیرکراون، ۷یان ژنن، بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسانی میزۆپۆتامیا، دوو ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون و سێ ڕۆژنامەنووسیش خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، هەروەها ڕۆژنامەنووسێک دەستگیرکرا و کاری ڕۆژنامەنووسیشی ڕاگیرا، لە مانگی نیساندا، ژنانی ڕۆژنامەنووس هەڕەشەی دەستگیرکردنیان لێکرا و ئیسرا سۆلین دال، پەیامنێری ئاژانسی میزۆپۆتامیا بە تۆمەتی ڕووماڵی کارە هەواڵییەکانی دەستگیرکرا، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ڕێگەیان پێنەدراوە لە وێنەگرتن، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی نایاسایی" ڕووبەڕووی هەموو جۆرە کێشەیەک دەبنەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەم فشارانەدا پێشوازی لە ٣ی ئایار دەکەن، تیشک دەخەنە سەر گرنگی هاوکاری.

 

"ڕۆژنامەنووسان دەکرێنە ئامانج"

ڕۆزا مەتینا، سەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنانی میزۆپۆتامیا ئاماژەی بەوەکرد، بە تێکۆشانیان لە دژی سەرکوتکردن پێشوازی لە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەرییان لە ٣ی ئایاردا دەکەن و ڕۆژنامەگەری پیشەیەکی پیرۆزە، ڕۆژنامەنووسان بەدوای ڕاستییەکاندا دەگەڕێن و هەوڵ دەدەن ئەم ڕاستییە بگەیەنن بە کۆمەڵگە، وتیشی: هەموو حکومەتەکان دژی ڕاستییەکان چاویان داخستووە و نایانەوێت گوێییستی بن، تا ئێستا هەموو ئەوانەی لە تورکیا هاتوونەتە سەر دەسەڵات لە سەرەتادا ڕۆژنامەنووسانیان کردووەتە ئامانج لە کاتی قەیرانەکاندا، ڕۆژی جیهانی ئازادیی ڕۆژنامەگەری ڕۆژێکی زۆر گرنگە بۆ هەموو ڕۆژنامەنووسان لە ٣ی ئایاردا ڕۆژنامەنووسانی کورد بە تێکۆشانیان لە دژی هێرشەکان پێشوازی لەم ڕۆژە دەکەن، نزیکەی هەموو ڕۆژێک سیاسەتێکی فشار لە دژی ڕۆژنامەنووسان جێبەجێ دەکرێت، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هاوڕێیانی ڕۆژنامەنووسمان لە کاتی هێرشەکاندا لە ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە دەستگیرکران، هاوڕێکانمان بەهۆی پیشەی ڕۆژنامەوانییەوە دەستگیرکران، لە هەمان ڕۆژدا هێرش کرایە سەر کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان لە بەلجیکا، لە ڕۆژی ڕۆژنامەنووسانی کورددا، ڕوودانی ئەم هێرشانە ڕێکەوت نییە، ئەم هێرشانە بەشێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوەدەبرێت.

 

"ژنانی ڕۆژنامەنوووس ئامانجی سەرەکیانن"

ڕۆزا مەتینا ڕایگەیاند کە ژنانی ڕۆژنامەنووس لە هەموو بوارەکاندا لەژێر فشاردان و وتی: بۆ ئەوەی پێشێلکارییەکان نەدۆزرێنەوە و ڕێگری لە گەندەڵی بکرێت، ژنانی ڕۆژنامەنووس دەکرێنە ئامانج، ژنان ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەیە لە کۆمەڵگەدا و دەزانین کە کاتێک ژنان خۆیان گەشەپێدەدەن، کۆمەڵگە گەشە دەکات، کاتێک ژنان خەبات دەکەن بۆ ڕاستی، ئەوانیش کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەش دەکەن، بۆیە ژنان بەهۆی ڕۆڵ و ئەرکیان لە ڕۆژنامەگەریدا ڕووبەڕووی هێرشێکی سیستماتیکی دەبنەوە.

 

"هەمیشە لەسەر پێی خۆمانین"

ڕۆزا مەتینا ئاماژەی بەوەکرد، زۆر گرنگه تێکۆشان و هاوکاری له دژی فشارەکان زیاد بکەن و وتی: بەردەوام دەبین لە کارەکانمان دژی ئەو هێرشانە، ئەم هێرشانە دژی ڕاستییە، ئاکەپە - مەهەپە دەیەوێت بە هێرشەکانی بۆ سەر چاپەمەنی ئازاد پەیامێک بۆ گەلی کورد بنێرێت، وەک ژنان و ڕۆژنامەگەری ئازاد هەمیشە دژی ئەم هێرشانە دەوەستین، ئەم هێرشانە نە یەکەم و نە کۆتایین، ئەم سیاسەتانەی ئێستا ئێمە ناترسێنن، بە پێچەوانەوە، ئێمە بەهێزتر دەکەن، لە کارداین، پێنووسەکەمان ناشکێندرێت.