ڕاگواستنی زۆرەملێی پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆڤە
تەڤگەری ژنان بۆ ئازادی لە ڕاگەیاندراوێکدا دووپاتیکردەوە کە بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێران تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە و پێشێلکارییەکی ئاشکرایە بۆ مافە بنەڕەتییەکانیان، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم پرۆسەیە دەکات.

ناوەندی هەواڵ
دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێوشوێنی توندیان لەدژی پەنابەرە ناڕێکخراوەکانی ئەفغانستان ڕاگەیاند، کە بووە هۆی دیپۆرتکردنەوەی هەزاران کەسیان کە زۆربەیان ژن و منداڵن، لە مانگی حوزەیران زیاتر لە ٢٣٣ هەزار ئەفغانی ئێرانیان بەجێهێشت.
تەڤگەری ژنان بۆ ئازادی ڕۆژی ١ی تەمموز ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ و زۆرەملێی پەنابەرانی ئەفغانستانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە شەرمەزار کرد، نیگەرانی قووڵی لە مامەڵەی نامرۆڤانە و ڕیسواکردن لەگەڵ ئاوارەکان دەربڕی و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم پرۆسەیە و لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە بارودۆخەکەیان کرد.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، گەڕانەوەی پەنابەرانی ئەفغانستان بەتایبەتی ژنان و منداڵان بۆ ئەفغانستان، کە ئێستا لە دەسەڵاتی تاڵیباندایە و ڕووبەڕووی قەیرانی توندی ئاسایشی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بووەتەوە، پێشێلکردنی ئاشکرای کەرامەتی مرۆڤ و مافە بنەڕەتییەکان پێکدەهێنێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێزە ئاسایشیییەکانی ئێران لە گرتن و دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی ئەفغانستاندا هەڵسوکەوتی توندوتیژی و نایاسایی و ڕیسواکارانەیان بەکارهێناوە و بەشێکی زۆر لەو کەسانە بەبێ دەستڕاگەیشتن بە ئاو، خۆراک، شوێنی حەوانەوە، یان چاودێری پزیشکی دەگەڕێندرێنەوە بۆ خاکی ئەفغانستان.
تەڤگەرەکە داوای ڕاگرتنی خێرای دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێی پەنابەران و ڕێزگرتن لە مافە نێودەوڵەتییەکانیان دەکات، داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کردووە بەپەلە چارەسەری دۆخی گەڕاوەکان بکەن و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن.
هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد فشاری دیپلۆماسی بخاتە سەر ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە مامەڵەی نامرۆڤانەی پەنابەران، دامەزراندنی ناوەندی پاڵپشتی فریاکەوتن لە ناوخۆی ئەفغانستان بە تایبەت لە ناوچە سنووریەکان، هەروەها داوای لە گەلی ئەفغانستان کرد هاوکاری مرۆیی بکەن، لەوانە کردنەوەی ماڵەکانیان بەڕووی خێزانە ئاوارەکاندا و دابەشکردنی سەرچاوەکان، هەروەها داوای لە زانایان و چالاکوانی مەدەنی و مامۆستایان و ڕاگەیاندنەکان کرد کە گیانی هاودەنگی و میهرەبانی بەرامبەر بە پەنابەران بەرەوپێش ببەن، مرۆڤایەتی هیچ سنوورێک ناناسێت، لە کاتە سەختەکاندا، بەزەیی و پشتیوانی گشتی دەتوانێت ببێتە ئارامکەرەوەیەک بۆ برینەکانی ئاوارەبوون و نادادپەروەری.