٨ی ئادار؛ لە زریانی کارگەکانی نیویۆرکەوە بۆ چەسپاندنی ناسنامەی ژنی کورد

٨ی ئادار تەنیا ڕۆژمێرێک نییە بۆ پیرۆزبایی، بەڵکو گێڕانەوەی مێژوویەکی پڕ لە هەوراز و نشێوی تێکۆشانە کە لە ناوجەرگەی شۆڕشە پیشەسازییەکانی ڕۆژئاواوە دەستیپێکرد و لە مەیدان و چیا و شارەکانی کوردستاندا بوو بە بزووێنەری گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان.

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی_ئەم ڕۆژە لە ڕاستیدا ڕەگ و ڕیشەی بۆ ساڵی ۱۸٥۷ دەگەڕێتەوە، کاتێک ژنانی کرێکار لە کارگەکانی ڕستن و چنینلە نیویۆرک دژی مەرجە سەختەکانی کارکردن و کەمیی مووچەکانیان ڕژانە سەر شەقامەکان. هەرچەندە ئەو خۆپێشاندانانە بە توندوتیژی وەڵام درانەوە، بەڵام پریشکێکیان داگیرساند کە دواتر لە ساڵی ۱۹۱۰دا و لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ژنانی سۆسیالیست لە کۆپنهاگن، بە پێشنیاری "کلارا زێتکین" وەک ڕۆژی جیهانیی ژنان ناسێندرا. دواجار نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ۱۹۷۷دا بە فەرمی ئەم ڕۆژەی وەک بۆنەیەکی جیهانی بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و یەکسانیی جێندەری پەسەند کرد، کە ساڵانە بە دروشمی جیاواز و بۆ تیشکخستنە سەر کێشە هەنووکەییەکان یاد دەکرێتەوە.

 

لە هەرێمی کوردستان، ٨ی ئادار ڕەهەندێکی تایبەت و فرەچەشنی هەیە؛ لێرەدا ژن تەنیا بۆ مافە مەدەنییەکان تێنەکۆشاوە، بەڵکو بەشێکی سەرەکی بووە لە خەباتی نەتەوایەتی و ڕزگاریخوازی. لە شاخ وەک پێشمەرگە و لە شار وەک ڕێکخەری خۆپێشاندانەکان دژی ستەمی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق ڕۆڵی بینیوە. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ۱۹۹۱ و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، ئەم یادە لە کەرنەڤاڵێکی ساڵانەوە گۆڕا بۆ هەوڵێکی یاسایی بۆ قەدەغەکردنی توندوتیژیی خێزانی و بەرەنگاربوونەوەی دیاردە کۆمەڵایەتییە دواکەوتووەکان. ئێستا لە کوردستان، هەشتی ئادار تەنیا یادکردنەوەی مێژوو نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی ئەو ژنانەی لە شەڕی دژی داعش و لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنییدا گیانی خۆیان فیدا کرد، و جەختکردنەوەیە لەوەی کە ئازادیی کۆمەڵگە بەبێ ئازادیی ژنان ئەستەمە.

 

"مێژووی ٨ی مارس لە ئەنجامی خەباتی ژنانەوە هاتووە"

ڕازاو گوڵی محەمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی تۆڕی هەشتی مارس، ڕێکخەری تیمی یەکسانی ڕەگەزی رێخراوی ئازادبوون بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: بێگومان ڕۆژی ٨ی مارس، ڕۆژێکی جیهانییە و رۆژی داواکردنی ماف و بەدەستهێنانی مافە، من پێموانییە ڕۆژێک بێت ژنان وەک جەژنێک یادی بکەنەوە، یاخود وەکو بۆنەیەک یادی بکەنەوە، لەبەر ئەوەی وەک ئاماژەم پێکرد ئەگەر بە مێژووی ٨ی مارس گوزەر بکەین، تێدەکەین کە مێژووەکەی لە ئەنجامی خەباتی ژنانەوە هاتۆتە ئاراوە، و ئەم ڕۆژەی دروست کردووە و لە سەد ساڵی رابردوودا لە هەموو ٨ی مارسێکدا تواندراوە کۆمەڵێک داواکاری لەسەر ئاستی جیهانی و پەیوەینییە نێودەوڵەتییەکان و لەسەر ئاستی ناوخۆیش هەوڵی بەدەستهێنانی دراوە،لەگەڵ ئەوەی مێژوویەکی دوور نییە و ئەتوانین بلێن کە هەشتی مارس ڕۆژێکی جییانیەو رۆژی بەدەستهێنانی مافەکانە،ئەگەر واز لە داواکردنی مافەکان بهێنن بەڵام لەو ڕوانگەیەوە کە دەبێت تۆ هەوڵ بدەیت بۆ بەدەستهێنانی مافەکان و پێم وایە کە ڕۆژی ٨ ی مارس وەک ڕۆژێک لە سەرانسەری ساڵەکە دیاری کراوە گەر نا هەموو ڕۆژەکانی ساڵ ئێمە وەک چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و ژنان کاری ڕۆژانەی ئێمەیە،ئەگەر ئێمە باس لە باشووری کوردستان بکەین, پیش راپەرین لە ژێر سایە و سێبەری ڕژێمی بەعسدا، ژنان بەئاگا نەبوون و نەیاندەتوانی کار لەسەر بابەتی  ٨ ی مارس و  بەدەست هێنانی مافەکانیان بکەن، چونکە ئێمە دەزانین کە ئەو قۆناغە چۆن بوو بۆ کوردانی باشووری کوردستان و تەنها وەک بۆنە و جەژنێک دەیانتوانی یادی بکەنەوە لە فەرمانگەکان و خوێندگەکاندا، بەڵام لە دوای ڕاپەرینەوە خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی ژندا لە باشووری کوردستاندا لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا و دوای دامەزراندنی رێکخراوەکانی ژنان و لەگەڵ رێکخراوەکانی پیشتر لە شاخ دامەزران پێکەوە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە چۆن کار لەسەر کۆمەڵگە بکەن، من دەتوانم بڵێم ئەو ٣٠ ساڵەی رابردوو بەسەر سێ قۆناغدا دابەش بووە،  قۆناغی یەکەم ئەوە بوو کە هەموو چالاکوانان و رێکخراوەکان و حزبەکان کاریان لەسەر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو هەمووارکردنەدوەی یاساکان بوو، قۆناغی دووەم تواندرا لە پەرلەمانی کوردستاندا کۆمەڵێک یاسا دەربچێت و هەمووار بکرێتەوە، بەڵام ئەوەی کە هەموو جارێک لە قۆناغی سێیەمدا دەیڵێم، لە دوای ٢٠١٤ و هاتنی داعشەوە، کە باشووری کوردستان چەند هەنگاوێک کشایەوە لە رووی جێبەجێکردنی یاساکانەوە، بۆیە ئێمە دووبارە دەستمان پێکردۆتەوە لە قۆناغی دووەمەوە.

 

"ئاراستەیەکی بیری کۆنەپارێزی و پیاوسالاری هەیە کە دەیەوێت کۆمەڵگە لە پاشەکشەدا بێت"

ڕازاو گوڵی سەبارەت بە بوونی بەربەستەکان بۆ ژنان وتی : بەربەستەکان زۆرن، بەربەستی سیاسیمان هەیە چونکە ئێمە لە بیرمان نەچێت ئیرادەی سیاسی زۆر گرنگە لە هەر قۆناغێکدا، کاتێک کە ئیرادەی سیاسیت لەگەڵدا بێت، دەتوانیت هەنگاوەکان خێراتر بنێیت، بۆ نمەنوونە ئێمە لە دەرچواندنی یاساکاندا لەبەر ئەوەی ئیرادەی سیاسی هەبوو توانیمان یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی دەربچێت، یاسای باری کەسێتی هەمووار بکرێتەوە، بەڵام ئەو پاشەکشەیەی کە من باسی دەکەم بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٢٥دا، دوای سەدەیەک لەسەر ئاستی عێراق ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کارکردن بە یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ ی ساڵی ١٩٥٩ رادەگرێت، کار بە مەزهەبەکان دەکات کە ئەمە پاشەکشەیەکی روون و ئاشکارەیە، ئەمە ئیرادە سیاسییەکەیە کە دەتگەرێنێتەوە بۆ ١٠٠ ساڵ پێشتر و بۆ ئەو ئەقڵییەتە دواکەوتووە، بێگومان بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان و ئابووریەکان کاریگەری هەیە، ئێمە هەموو ئەمانە پێکەوە کارمان لەسەر کردووە، کاریگەرییە نەرێنییەکان زیاتر بووە وەک لە کاریگەرییە باشەکان و هەموو ئەمانە وایکردووە کە کارکردن بۆ یاساکان و چالاکوانن کەم ببێتەوە و ئێمە بیرمان نەچێت کە ئاراستەیەک هەیە، ئاراستەیەکی بیری کۆنە پارێزی و پیاوسالاری لە بەرژەوەندی ئەواندایە کە کۆمەڵگەکە هەمیشە لە پاشەکشەدابێت و بەرەو دواوە بروات،کاتێک تۆ هەموو ئەم بەربەستانە دێتە بەردەمت بێگومان کارکردن قورستر دەبێت و بەربەستەکانیش زیاتر دەبێت.

 

"پەروەردەو هۆشیاری گرنگە"

ڕازاو گوڵی لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە ڕۆڵی پەروەردە وتی: پەروەردە بناغەی کۆمەڵگەیەو هەموو ئەم بەربەستانە کاریگەری زۆری لەسەر پەروەردەش هەبووە، راستە هەندێک بابەت خراوەتە مەنهەجەوە لە خوێندگاکاندا بەڵام لەگەڵیدا کۆمەڵێک بابەتی تر هەیە و پەروەردە لە خێزانەوەیە دواتر بۆ گەرەک و کۆمەڵگەیە، دەبێت لە منداڵێکەوە دەست پێ بکەین کە چۆن ئەم بەربەرستانە کاریگەری دەکاتە سەری، ئەو منداڵە لە خیزانێکدایە کە رووبەرووی کۆمەڵێک بەربەست و نارەحەتی بۆتەوە بۆ ژیانی، کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەیە دەچێتە دەرەوەی ماڵیش بە هەمان شێوەیە، بۆیە من پێم وایە بە داخەوە بەشێک لەو پاسەکشەیە پەروەردە بەشە گەورەکە و ڕۆڵە گرنگەکەی بەردەکەوێت، کە کاریگەری زۆری هەیە وەک هەموو سێکتەرەکانی دیکەدا لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە و پێشخستنی کۆمەڵگەدا، دیارە بابەتی تەکنەلۆژیا کاریگەری زۆری هەیە لە کۆمەڵگەدا و کاریگەری باش و خراپیشی هەیە، ئێمە گەر بتوانین بە لایەنە باشەکەوە بروانینە بابەتەکە، بێگومان یارمەتیدەرێکی زۆر باشی مرۆڤەکانە و دەتوانێت بۆ زۆر بابەت بەکاتی بهێنێت، بەڵام بە داخەوە، ئەوەی ئێمە لە کۆمەڵگەی خۆماندا بەدی دەکەین و لە دادگاکاندا دەیبینین بە لایەنە خراپەکەی کاریگەری لەسەر ژنان و پیاوانی کۆمەڵگەی ئێمە کردووە، کاریگەگری لە پەیوەندی هاوژینان کردووە، کاریگەری لە پەیوەندی کور و کچەکان کردووە لەگەڵ خێزانەکانیاندا، بۆیە پێم وایە تەکنەلۆژیا کاریگەری زۆری هەیە لەسەر کۆمەڵگە بەلام دەکرێت ئێمە لە رێگەی میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هۆشیاری بدەینە کۆمەڵگە و بە لایەنە باشەکەی بەکاری بێنن،هەر لێرەشەوە، پەیامی من وەک چالاکوانێک لە بواری ژناندا و وەک و ئەندامێکی ئەم کۆمەڵگەیە پێم وایە کە ئەرکی هەموومانە پێکەوە ئەرکی ژنان و پیاوانە، ئەرکی هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکانە،ئەرکی هەموو گەنجەکانە کە بەشێک بن لە بەرێوەردن و پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا،بۆیە با هەموومان پێکەوە و ئەم بۆنانە وەک ٨ی مارس  وڕۆژەکانی دیکە بکەینە دەرفەتێک، بۆ ئەوەی هەمووان پێکەوە ئەمە بکەینە پەیامی خۆمان کە کۆمەڵگەکەمان بەرەو باشتر بەرین، کار لەسەر ئەوە بکەین کە زیاتر هۆشیاریان بکەینەوە و ئەقڵیەتی مرۆڤ بوون ببێتە پەیامی هەموومان.