٨٤٥ واژۆ لە ٥٠ وڵاتەوە بۆ ڕەخساندنی "مافی هیوا"ی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کۆکراوەتەوە

لە چوارچێوەی هەڵـمەتی "ئازادی بۆ ئۆجالان" کە چەندین ساڵە بۆ جێبەجێکردنی "مافی هیوا"ی ڕێبەر ئۆجالان لە ئارادایە، ٨٤٥ واژۆی نوێی کەسایەتیی کۆکرانەوە، واژۆکەران داوایان لە ئەنجومەنی ئەوروپا کرد هەنگاوی بەرجەستە بۆ ڕەخساندنی 'مافی هیوا'ـی ڕێبەر بنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد"، لە ڕێگەی نامە و هەڵمەتی واژۆوە کە لە وڵاتانی جیاواز ئامادەکرابوون، داوا لە کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا کرا کە بڕیاری ساڵی ٢٠١٤ی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا- European Court of Human Rights (ECHR) سەبارەت بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان جێبەجێ بکات.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ڕێکخەرانی هەڵمەتەکە بڵاویانکردووەتەوە، لە چوارچێوەی ئەو چالاکییانەی لە ماوەی ساڵەکەدا بەڕێوەچوون، ٨٤٥ واژۆ لە ٥٠ وڵاتی جیاوازەوە کۆکراونەتەوە. ئاماژە بەوە دراوە کە ١٠٩ خاوەن خەڵاتی نۆبڵ، ١٣٢ نوێنەری هەڵبژێردراو، ١٢٧ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و زیاتر لە ٢٠ سەندیکا پاڵپشتیی ئەم چالاکییەیان کردووە.

 

پاڵپشتیی ١٠٩ خاوەن خەڵاتی نۆبڵ

لە چوارچێوەی کارە نێونەتەوەییەکاندا، هاوشانی ١٠٩ لە خاوەن خەڵاتەکانی نۆبڵ، پەرلەمانتاران، نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، ئەکادیمیستان، یاساناسان، سەندیکاکارانی و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ لە دەوری داواکاری جێبەجێکردنی مافی هیوا کۆبوونەوە.

 

لەو نامانەی کە لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا ئامادەکرابوون، داواکرا کە تورکیا بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کە خۆی ئەندامە تێیدا، جێبەجێ بکات، هەنگاو سەبارەت بە دۆخی یاسایی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بنێت و ئەو ڕێگرییانە لابدات کە لەبەردەم ڕۆڵگێڕانی کارای ڕێبەردا هەن لە "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کە ئێستا بەردەوامە.

 

لە کارەکانی کۆکردنەوەی واژۆدا جەخت لەوە کرایەوە کە جێبەجێکردنی مافی هیوا تەنیا بابەتێکی یاسایی تاکەکەسی نییە، بەڵکو بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و پێشخستنی ئاشتییەکی بەردەوامیش گرنگییەکی زۆری هەیە.

 

ناردنی نامەی نوێ؛ هەوڵەکان پێش کۆبوونەوەی مانگی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبن

دوای ئەو کارانەی کە بە درێژایی ساڵ ئەنجامدران، کەمپینەکە سەرنجی خستووەتە سەر ئەو کۆبوونەوەیەی کە کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا لە مانگی کانوونی یەکەمدا سازی دەکات.

 

لەو چوارچێوەیەدا، دواجار نامەیەکی دیکەی جیاواز بە پاڵپشتیی ٦٢٠ واژۆکەر لە ٢٩ وڵاتەوە بۆ کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا نێردرا. لە نامەکەدا داواکراوە کە جەخت بکرێتەوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەر شانی تورکیا بۆ چەسپاندنی مافی هیوای ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و ئەنجومەنی ئەوروپاش بڕیاری بەرجەستە بدات.

 

ڕێکخەرانی هەڵمەتەکە ئامانجیانە پێش کۆبوونەوەی مانگی کانوونی یەکەم، دیدار و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرە هەمیشەیییەکانی وڵاتان لە ئەنجومەنی ئەوروپا ئەنجام بدەن.

 

ڕاگەیەندرا کە مافناسان، خاوەن خەڵاتەکانی نۆبڵ، ئەکادیمیستان، سەندیکاکان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ لە ناوچە جیاوازەکانی جیهانەوە، لە ڕێگەی ئەم دیدار و هەوڵانەوە بەردەوام دەبن لە ڕاکێشانی سەرنجەکان بۆ سەر مافە یاساییەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ڕۆڵی ئەو لە پرۆسەی ئاشتیدا.

 

داواکاری هەنگاوی بەرجەستەیی لە ئەنجومەنی ئەوروپا

دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، لە بڕیاری ١٨ی ئازاری ٢٠١٤ی تایبەت بە دۆسیەی ئۆجالان (ژمارە ٢)ـی  پەیوەست بە تورکیا جێبەجێکردنی سزای زیندانی هەتاهەتایی قورسکراوی بەبێ هەبوونی میکانیزمێک بۆ پێداچوونەوە و ئەگەری ئازادکردن، بە پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پێناسەی کردبوو.

 

بەرپرسیارێتیی تورکیا بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، لە ژێر چاودێریی کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپادایە.

 

ڕێکخەرانی هەڵمەتەکە داوا دەکەن کە جێبەجێکردنی بڕیارەکە زیاتر دوانەخرێت، مافی هیوا گەرەنتی بکرێت و ئەو هەنگاوانە بنرێن کە ڕێگە خۆش دەکەن بۆ ئەوەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە بارودۆخێکی ئازاددا بەشداری لە پرۆسەی ئاشتیدا بکات.

 

چاوەڕوان دەکرێت کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا لە کۆبوونەوەی خۆیدا لە مێژووی ١-٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٦، جارێکی دیکە پرسی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە مافی هیوا تاوتوێ بکاتەوە.