٨٤ خێزانی دیکە گەڕانەوە موسڵ

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت بە مەبەستى گەڕانەوەی ئاوارەكان، ٨٤ خێزانی ئاوارە لە كامپی حەسەن شام لە هەولێر گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆیان لە سنوورى شاری موسڵ.

 

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی شەڕی چەتەکانى داعشەوە لەدوای ساڵی ٢٠١٤ لە عێراقدا ملیۆنان هاوڵاتیی ئاوارەبوون و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت، بەشێكی زۆریان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، تا ئێستاش لە ناو شارەكانی هەرێم و كامپەكاندان.

 

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە بارەی گەڕانەوەی ٨٤  خێزانى دیکەى ئاوارە لە كامپەكانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، ئەمڕۆ ٣ی نیسان، ٨٤ خێزانی ئاوارە لە كامپی حەسەن شام لە هەولێرەوە گەڕانەوە بۆ ناوچەی خەزیر لە سنوورى شاری موسڵ.

 

ئاماژە بەوەکراوە، ئەو خێزانانەی لە كامپەكانەوە گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان، یارمەتی ماددییان پێشكەش دەكرێت، كە بڕەکەى چوار ملیۆن دینارە.