٨٠٠ هاوڵاتی سودانی کە زۆربەیان منداڵ و ژنن لەم مانگەدا کوژراون

لە ماوەی دوو هەفتەی سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا، لە ئەنجامی بۆردومانی ئاسمانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی سودان، نزیکەی ٨٠٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ١٥ی نیسانەوە سودان شایەتی شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بووە، کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی، هەروەها ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.

 

ژووری پشتێنی باشوور لە ویلایەتی خەرتوم دوێنێ ١٧ی شرینی یەکەم ڕایگەیاند، ناوچەی بەقاڵی کە دەکەوێتە باشووری پشتێنەکە کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٨ برینداری لێکەوتووەتەوە، لەناویاندا برینداری سەخت هەن کە بۆ چارەسەرکردن گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

 

دۆخی ئەمنی لە ناوچەکەدا بەردەوامە لە تێکچوون، ئەمەش نیگەرانی دانیشتووانی ناوچەکە دروست دەکات کە بەدەست کاردانەوەی دووبارەبوونەوەی هێرشەکانەوە دەناڵێنن.

 

بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی داتاکانی دەزگاکانی مافی مرۆڤ، لەوانەش ڕوانگەی ناوەندی بۆ مافەکانی مرۆڤ، گروپی پارێزەرانی فریاکەوتن و کۆمەڵەی پارێزەرانی دارفور، لە ماوەی دوو هەفتەی یەکەمی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا ، بەهۆی بۆردومانی ئاسمانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی سودان، نزیکەی ٨٠٠ کەس کوژراون کە زۆربەیان منداڵ و ژن بوون.

 

ئامارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە ماوەی ٥ ڕۆژی یەکەمی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە باکوور و ڕۆژئاوای دارفور و ژمارەیەک ناوچەی دیکەی ئەو وڵاتە کوژراون.

 

دوێنێ ڕوانگەی ناوەندی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێشتا فڕۆکە جەنگییەکان بەردەوامن لە بۆردومانی بێ جیاوازی هاوڵاتیانی مەدەنی، ئەمەش پێشێلکارییەکی جددییە بۆ یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان.