٦٥٪ی زیانبەرکەوتووانی شەڕی غەززە منداڵ و ژن و کەسانی بەتەمەنن

لەگەڵ بەردەوامبوونی بۆردوومان کە بەشێوەیەکی سیستماتیک خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززە دەکاتە ئامانج، ژمارەی زیانبەرکەوتووانی غەززە بۆ زیاتر لە ٥٢ هەزار و ٢٤٣ کوژراو زیادی کرد، کە ٦٥٪یان منداڵ و ژن و کەسانی بەتەمەنن.

ناوەندی هەواڵ 

 

بارودۆخی مرۆیی کەرتی غەززە ڕۆژانە خراپتر دەبێت لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ، دانیشتوانەکەی بەدەست کەمیی پێداویستییە سەرەتاییەکان و پێداویستییە پزیشکییەکانەوە دەناڵێنن، ئەمە جگە لە گەمارۆی بەردەوامی کەرتی غەززە. 

  

لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژی ٢٨ی نیسان، هێزەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان بۆسەر کەرتی غەززە و شاری خان یونس دەستپێکرد و ماڵ و گەڕەکە جۆراوجۆرەکانی کردە ئامانج، هەروەها تۆپبارانی کەمپی پەنابەرانی نوسیرات و جەبەلیایان کردووە و ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە، چەند کەسێک لە ژێر داروپەردوودا بێسەروشوێنن، لە هەمانکاتدا تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە گەڕان بەدوایاندا. 

 

وەزارەتی تەندروستی لە غەززە دوێنێ ڕایگەیاند کە ژمارەی کوژراوانی شەڕەکە بۆ ٥٢ هەزار و ٢٤٣ کەس بەرزبووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی پێش پشتڕاستکردنەوەی گیانلەدەستدانیان ناسنامەی سەدان کەس کە پێشتر وەک بێسەروشوێن بوون پشتڕاستکرانەوە. هەروەها ژمارەی برینداران لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بۆ ١١٧ هەزار و ٦٣٩ کەس بەرزبووەتەوە. 

  

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەواوکردنی سەرجەم داتا پەیوەندیدارەکان لەلایەن لیژنەی دادوەری وەزارەتی تەندروستی، کە بەرپرسیارە لە بەدواداچوون بۆ حاڵەتەکانی ونبووەکان، ٦٩٧ کەسی دیکە زیادکران بۆ ژمارەی گیانلەدەستدانەکانی دوێنێ. 

 

نوسینگەی ڕاگەیاندنی حکومی لە کەرتی غەززە ئاشکرایکردووە، ٦٥%ی قوربانیانی شەڕەکە کە زیاتر لە ساڵ و نیوێکە بەردەوامە، منداڵ و ژن و کەسانی بەتەمەنن،هێزەکانی ئیسرائیل بە ئەنقەست خەڵکی مەدەنییان بەبێ پاساو کوشتووە، هیچ جیاوازییەکیان لە نێوان منداڵان، ژنان، کەسانی بەتەمەن، پزیشکان، ڕۆژنامەنووسان، تەنانەت فریاگوزاریشدا نەکردووە.