٤٠٠ خێزانی عەفرین ئامادەن بگەڕێنەوە
ڕاگەیاندراوە کە ٤٠٠ خێزانی خەڵکی عەفرین ئامادەن بۆ گەڕانەوە، لەم هەفتەیەدا وادەی گەڕانەوەیان دیاری دەکرێت.
ناوەندی هەواڵ
لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی، زیاتر لە ٣٠٠ هەزار عەفرینی لە ساڵی ٢٠١٨دا ماڵ و حاڵی خۆیان بەرەو شەهبا، حەلەب، فورات و جزیری بەجێهێشتووە، لە ئەنجامی هێرشەکانی سەر ڕژێمی بەعس "٢٧ی تشرینی دووەم-٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤)، عەفرینییەکانی خەڵکی شەهبا کۆچیان کرد بۆ شارەکانی ڕەققە و تەبقا و قامیشلۆ و حەسەکە، لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ چەتەکانی تورکیا و داعش و جیهادیەکانی هەتەشە بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسودی شاری حەلەب کە زۆربەی خەڵکی عەفرین تێیدا نیشتەجێ بوون، لە ١٧ی کانوونی دووەم هێرشیان کردە سەر دێر حافر و تەبقا و لە ١٨ی کانوونی دووەم هێرشیان کردە سەر شاری ڕەققە.
هەزاران کۆچبەری عەفرینی لەو شارانە بەرەو جزیری و کۆبانێ کۆچیان کرد.
ڕۆژی ٢٩ی کانوونی دووەم ڕێککەوتنێک لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک "هەسەدە" و دیمەشق واژۆ کرا، یەکێک لە خاڵە سەرەکیەکانی ئەم ڕێککەوتنە گەڕانەوەی پارێزروای کۆچبەرەکان بوو.
هەرچەندە خاڵێکی گرنگی ڕێککەوتنەکە گەڕانەوەی پارێزراوی کۆچبەرەکانە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بناغەی نەنراوە.
ڕۆژی ١٦ی کانوونی دووەم، لیژنەی کۆمەڵایەتی عەفرین، ئەنجومەنی کۆچبەرانی عەفرین و شەهبا و نوێنەری کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوروپا ڕاگەیاندراوێکیان سەبارەت بە گەڕانەوەی پارێزراوی دانیشتووانی عەفرین بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەیان بەوەدا، کە نزیکەی ٤٠٠-٥٠٠ خێزان دەگەڕێنەوە ناوچەکانی جندیرێس، ماباتا و شییە.
"بەروارێک بۆ گەڕانەوە دیاری دەکرێت"
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئانها لە سەرچاوەکانیەوە دەستیان کەوتووە، ئەم هەفتەیە هەفتەی گفتوگۆی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی کۆچبەرانی عەفرین و شەهبا بووە سەبارەت بە گەڕانەوەی کۆچبەران و مەرجەکانی گەڕانەوە، هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنەکە ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە مەرجەکانی گەڕانەوەی کۆچبەران پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بەڵام تا ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامی ئەنجومەنەکەی نەداوەتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ٤٠٠ خێزان ئامادەن بۆ گەڕانەوە، لەم هەفتەیەدا وادەیەک بۆ گەڕانەوە دیاری دەکرێت و ٤٠٠ خێزان دەگەڕێنەوە بۆ ماباتا و شییە و جندیرێس.