٣٥ منداڵ لە عێراق بەهۆی مین و تەقەمەنییەوە گیانیان لەدەستداوە

یونسێف لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە عێراقدا بەهۆی هەبوونی مین و تەقەمەنی نەتەقیو لەمساڵدا ٣٥ منداڵ گیانیان لەدەستداوە، مەترسیداری دۆخەکەشی خستووەتەڕوو.

ناوەندی هەواڵ

 

سندوقی هاریکاری منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان-یونسێف لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە لە ماوەی مانگی کانوونی دووەم تاکو ئابی ٢٠٢١، ٣٥ منداڵ گیانیان لەدەستداوە و ٤١ منداڵی دیکەش برینداربوون، راگەیەندراوەکە کە لەلایەن شیما سان گوبتا، نوێنەری یونسێف لە عێراق بڵاوکراوەتەوە، باسی لەوەکردووە کە هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو منداڵانە مین و تەقەمەنی نەتەقیون کە پاشماوەی جەنگەکانی عێراق لە شەڕی کەنداو و نێوان عێراق و ئێران، بەشێکیشیان پاشماوەی هێرشی داعشن بۆ سەر عێراق.

 

بەپێی بڵاوکراوەکە ساڵی ٢٠٢٠ ڕێژەکە کەمتر بووە، بە جۆرێک لەو ساڵەدا ٦ منداڵ گیانیان لەدەستداوە و ١٢ی دیکەیان بریندار بوون.

 

یونسێف ئاماژەی بەوەشداوە کە مین و تەقەمەنییە نەتەقیوەکان لە پاشماوەی جەنگن و بوونەتە هۆکاری گیان لەدەستدان و مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان و منداڵان.

 

ت.پ