١٩ی ئاب و گۆڕانکاریە چارەنوسسازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بە دەرکردنی فەتوای ڕوحوڵا خومەینی لە ١٩ی ئابی ١٩٧٩، ڕۆژهەڵاتی کوردستان چووە قۆناغێکی ئاڵۆز و چارەنوسسازەوە، ڕوداوێک کە بووە هۆی پەرەسەندنی سەرکوت و لە دایکبوونی بزووتنەوەیەکی بەرخۆدانی لە ناوچەکەدا.

ڤیان میهرپەروەر

 

مهاباد- دوای ڕوخانی ڕژێمی شا، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا دەستی پێکرد، کە ڕوحوڵا خومەینی پێشەنگایەتی گرتە ئەستۆ و دەستی کرد بە جێبەجێکردنی سیاسەتی نوێ دژ بە کورد، لە سەردەمێکدا کە کورد بۆ پاراستنی خاک و مافی چارەی خۆنوسین خۆڕاگری دەکرد، ئەم داواکاریانە بە سەرکوتکردن پێشوازیان لێکرا.

 

لەو ماوەیەدا گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا فۆرمێکی جیاوازی حوکمڕانی ئەزمون کرد، کە ژنان ڕۆڵێکی دیاریان هەبوو، ئەمەش ئاڵانگاریەکی ڕاستی بۆ حکومەتی ناوەندی دروستکرد، ئیرادەی هاوڵاتینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرەنجام بووە هۆی ئەوەی خومەینی فەتوای "جیهادی" دژی ناوچەکە دەربکات، فەتوایەکە کە کاریگەریەکانی تا ئەمڕۆش لەسەر سیاسەتی ناوچەکە بەردەوامە.

 

"فەتوای "جیهاد" کە لە پیاوسالاریەوە سەرچاوەی گرتووە"

بەرخۆدانی گەلی کورد و ناڕەزایەتیە مەدەنیەکان وایکرد هێزەکانی حکومەت لەگەڵ نوێنەرانی ناوچەکەدا گفتوگۆ بکەن، ڕوداوەکانی وەک کۆمەڵکوژیەکانی مهاباد، نەورۆزی خوێناوی سنە، بایکۆتی کوردەکان بۆ ڕیفراندۆمی ئێران، کۆچی مێژوویی لە مەریوان و ڕێپێوانی حەوت ڕۆژەی هاوڵاتیانی سنە، هاوکات لەگەڵ مانگرتنەکانی دیکە، کەشوهەوای دیموکراتیک و کۆمەڵایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوڵقاند و ڕژێمی نوێی کۆماری ئیسلامی نیگەران کرد.

 

بەڵام دوای پێکدادانەکان و هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر شاری پاوە لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٧٩، کۆماری ئیسلامی نیشانی دا کە وتوێژ تەنها ڕێکارێکی کاتیە، دواجار ڕوحوڵا خومەینی لە ١٩ی ئابدا فەتوای بۆ "جیهاد"(فەرمانی ئایینی)  لە دژی کورد دەرکرد و قۆناغێکی خوێناوی دەستپێکرد کە تا ئەمڕۆش کاریگەریەکانی هەست پێدەکرێت.

 

"ساڵنامەی بەرخۆدان بەکاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان"

دوابەدوای فەتواکەی ڕوحوڵا خومەینی و پشتیوانی ئەبوحەسەن بەنی سەدر، سەرۆککۆماری ئەوکاتی ئێران، پێکدادانەکان سەریهەڵدا، خومەینی گەلی کوردی بە "کافر" و "جیاخواز" ناوزەد کرد و بانگەوازی هەڵمەتێکی دژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکرد، تاقمگەلێکی جۆراو جۆر پەیوەندیان بە سوپای پاسدارانەوە کرد و بەرخۆدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکرد.

 

دوابەدوای ئەمەش دەیان دانیشتوی ئەو هەرێمە لە دادگاییکردنەکاندا، لەسێدارەدران کە تەنها چەند خولەکێکی خایاند و بە گولە کوژران، شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوبەڕوی هەڵمەتی سەربازی و بۆردوومانی کۆماری ئیسلامی بوونەتەوە و گوندەکانی وەک قرنا، قەڵاتان، ئیندارقاش، دیلان چەرخ، کۆیکان، کیریزی شکەکان، تشقل مستەفا، کۆرخانە، سووکەند، قەرە غۆڵ، دیمسۆر، جافرئاباد، بایزاوی، جبریل ئاوی، گوندهویلە، دووئا، سارووقامیش، هەڵقووش و کیجە و سۆفیان شاهیدی کۆمەڵکوژی بوون کە گیانی هەزاران کەسی بێتاوانی لێ کەوتەوە.

 

"ئەو چیرۆکانەی کە ماونەتەوە"

بۆ زۆر کەس چیرۆکی ئەو ڕۆژە خوێناویانە بوو بە خاڵی وەرچەرخان لە خەباتدا، دوای فەتواکەی ڕوحوڵا خومەینی، شەڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەرگیز کۆتایی نەهات و هەر شایەتحاڵێک چیرۆکێک لە دڵی مێژووەوە هەڵدەگرێت، زەینەب. خ.، کە شایەتحاڵی کۆمەڵکوژی ئیندەر قاش بووە، هەرگیز نەیتوانیوە وێنەی ئەو کەسانەی لەناو مزگەوتێکدا تەقەیان لێدکرێت، لە یادەوەرییەکانی منداڵیدا بسڕێتەوە، وتی: هاوڵاتیان دوای هەر تەقەیەک کەوتنە سەر زەوی و تا ئێستاش هەموو بەرخۆدانەکانم بە نادادپەروەری ئەو ڕۆژانەوە دەبەستمەوە.

 

ئەمین. خ.، هاوڵاتی شاری مهاباد، ڕۆژانی ئازادی لە خوێندنگەکان و لیژنەکانی گەڕەکەکاندا بەبیر دێتەوە، دوای لەسێدارەدانی مامۆستاکانی، هەڵبژارد کە ببێت بە مامۆستا، وتی: دوای بۆردوومانی شاری مهاباد بۆ گەیشتن بە خوێندنگە بازمان بەسەر تەرمی مرۆڤدا دەدا، هەندێک شەو کە قەدەغەی هاتوچۆ هەبوو، لە خوێندنگە یان لە ماڵی هاوڵاتیاندا دەخەوتین، لەدەستدانی مامۆستاکانم ئازارێکی قوڵ بوو، بەڵێنم بە خۆم دا کە بەردەوام بم لە شوێنپێی ئەوان.

 

خەدیجە لە تەمەنی پیریدا ئازاری خۆشەویستی هەتای لە دڵیدا هەڵدەگرێت، وتی: تەنها ساڵێک دوای هاوسەرگیریەکەم، لە تێکهەڵچونەکانی مهاباددا هاوژینەکەم لەدەستدا، هیچ منداڵێکمان نەبوو، دوای ئەو هەموو ساڵە، هێشتاش لەگەڵ یادەوەریەکەیدا دەژیم، کۆماری ئیسلامی ئازیزانی ئێمەی کوشت، منیش تا دوا ڕۆژی ژیانم بەردەوام دەبم لە داوای دادپەروەری.

 

"ژن و پێشەنگایەتی خەبات"

لە سەرەتای شۆڕشی ١٩٧٩ەوە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە خەباتدا هەبووە، پێکهێنانی لیژنەی ژنان و بەشداریکردن لە بەرەکانی شەڕدا بەشێک بوو لە خەباتی ئەوان و دەنگدانەوە و بەردەوامی ئەم خەباتە لە ڕاپەڕینی "ژن ژیان ئازادی"دا دەبینرێت.

 

سارا حەیدەری (ناوی خوازراو)، یەکێک لەو کەسانەی لە ڕاپەڕینی ئەم دوایەی ساڵی ٢٠٢٢ی شاری مهاباد دەستبەسەر کرابوون، وتی: کۆماری ئیسلامی شەڕی خۆی لە دژی ژنان و ئازادی دەستپێکرد، بەڵام بە خەباتی ژنانیش کۆتایی دێت، لە ١٩ی ئابی ١٩٧٩ تا ئەمڕۆ کە ژنانی وەک پەخشان و وریشە لەم خاکەوە لەدایک بوون، بەرخۆدان و خەبات کرۆکی ژیانی هەموو ژنان بووە و ڕێگای ئازادی دەبێ بە ئازادی ژندا تێپەڕێت.