ژنانی تونس: هاوپشتی فێمینیستەکان و تۆڕەکانیان زۆر گرنگە

سستی و سنووردارکردنی ئازادییەکان کە ژنانی تونس ئەزموونی دەکەن، وایکردووە ڕێکخراو و کەساتەییەکانی مافی مرۆڤ، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، داوای تۆڕ و هاودەنگی فێمینیستەکان بکەن لە ئاستێکی فراوانتردا.

نەزیهە بوسەعیدی

 

تونس- دەستگیرکردنی شەیما عیسا، چالاکوانی فێمینیست، پارێزەری مافی ئازادییەکان، نیگەرانییەکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا و زەنگی ئاگادارکردنەوەی ڕاستی لێدا، ئەم ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی کە چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ شەرمەزاری ئەو بڕیارە بکەن و داوای بەهێزکردنی تۆڕ و چڕکردنەوەی خەباتی فێمینیستی لە تونس بکەن، بە تایبەت دوای ڕاگرتنی چالاکییەکانی کۆمەڵەی ژنانی دیموکرات بۆ ماوەی مانگێکی تەواو.

 

''پشتگیری فێمینیستەکان شتێکی بنەڕەتییە''

ژمارەیەکی زۆر لە کۆمەڵە و کەسایەتییەکانی مافی مرۆڤ و فێمینیست لە تونس، لە سەرانسەری مەغریب و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان، هاوسۆزی تەواوی فێمینیستی خۆیان لەگەڵ ژنانی تونس دەربڕی، جەختیان لەسەر پێویستی بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو دەنگانە کردەوە کە هەوڵدەدەن پاڵیان پێوەبدەن بۆ دواوە، بە بەکارهێنانی هەموو ئاماژە و میکانیزمەکانی بەردەست، هەروەها جەختیشیان لەسەر گرنگی تۆڕکردن و بێدەنگی نەکردن لە بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەبێ گوێدانە سەرچاوەکە کرد.

 

چەندین کۆمەڵە و ڕێکخراوی ژنان پشتیوانی تەواوی خۆیان دەربڕی، لەوانە هاوپەیمانی نادا کە ڕاگەیاندراوێکی هاوسۆزی لەگەڵ کۆمەڵەی ژنانی دیموکرات بڵاوکردەوە و دووپاتیان کردەوە، کە ئەوەی ڕوویدا نوێنەرایەتی بەرتەسککردنەوەی زیاتر دەکات بۆ شوێنی کردەی مەدەنی فێمینیست.

 

داوای دەستێوەردانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و فشار بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم بڕیارە و هاودەنگی لە نێوان ژنانی دیموکراتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و لە سەرانسەری جیهاندا کرد و داوای لێکردن دەنگیان بەرزبکەنەوە و داوای دادپەروەری بکەن.

 

ڕاگەیاندراوەکە  وەڵامێکی ئەرێنی و پشتیوانیی زۆرێک لە چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی لە وڵاتانی جیاوازی باکووری ئەفریقا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا وەرگرت.

 

ڕازیە جەربی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی ژنانی تونس، هاوسۆزی تەواوی خۆی لەگەڵ کۆمەڵەی ژنانی دیموکرات لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئاژانسەکەمان دەربڕی و ڕایگەیاند،: هەر بە ئامانجگرتنی چالاکوانێک یان کۆمەڵێک لە مافەکانی ژنان هێرشە بۆ سەر مافەکانی ژنان و هەوڵێکە بۆ سنووردارکردنی مافەکانییان.

 

نەجات عەرعاری، چالاکوانی فێمینیست لە بەرەی یەکسانی، ناڕەزایی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو سنووردارکردنانەی کە بەسەر ژنانی چالاکوانانی کەرتی کۆمەڵگەی مەدەنی تونسدا سەپێنراوە، لەوانەش زیندانیکردنیان بەهۆی بۆچوونەکانیانەوە، هەروەها هاوسۆزی و پشتیوانی بۆ دینابا ندیوم، چالاکوانی فێمینیستی مۆریتانیا دەربڕی کە خۆی تەرخان کردووە بۆ مافەکانی ژنان، بەتایبەتی مافە سێکسی و زاوزێیەکان، کە بە پێویستی زانی پشتیوانی فێمینیستەکان بێت لەم کاتە تایبەتەدا.

 

فەتحیە سەعیدی، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس، ڕایگەیاند: ئەو فشارانەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی وڵاتانی جیاوازەوە دەکرێت، هەڵمەتێکی گرنگی هاوپشتی نێودەوڵەتی عەرەبی پێکدەهێنێت، هەروەها کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس مێژوویەکی چالاکیی هەیە کە زیاتر لە ٣٦ ساڵ دەخایەنێت، ئەمەش وایکردووە ئامادەبوونێکی جێگیر و باوەڕپێکراو لەناو کۆمەڵگەی تونس و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەبێت.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە هاودەنگی فێمینیست بنەمایەکی سەرەکییە کە ئەوان پاڵپشتی دەکەن، لەگەڵ ژنان وەستاون بەبێ گوێدانە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکانیان، هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ هەموو ژنێکدا دووبارەکردەوە کە زیانلێکەوتووی توندوتیژین، جا چ ئابووری، سیاسی، خێزانی یان گشتی بێت، هەروەها هاودەنگی فێمینیستەکان لە دڵی ڕێبازی فێمینیستەکاندایە لە تونس.

 

"ئێمە دەمانەوێت بە ئاشتی بژین"

لەمیا عەشاش، ئەندامی لقی سۆسەی کۆمەڵەی ژنانی دیموکرات ڕایگەیاند: ئێمە ئەو سنووردارکردنانە ڕەتدەکەینەوە کە بەسەر ئازادییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنیدا سەپێنراون لەڕێگەی بڕیاری سیاسی، نەک دادوەرییەوە، چونکە ئەمە ئەو تونسە نییە کە خۆشمان دەوێت، بۆیە ئێمە شەڕ بۆ کۆمەڵە و لایەنە سیاسییەکان دەکەین، چونکە شوێنی پەروەردە و دەربڕینی بۆچوونن بۆ هەردوو تەمەنی گەورە و منداڵ، هەروەها هاودەنگی فێمینیستەکان بۆ وەستاندنی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی دژی ژنان و ژیان بە ئاشتی زۆری پێویستە.

 

''کاروباری گشتی''

سەلما قەناوی، چالاکوانی ژینگە پارێزی فێمینیست، ڕایگەیاند: هاودەنگی فێمینیست زۆر پێویستە، هەروەها ڕژانەوە بۆ سەر شەقامەکان بۆ پشتیوانیکردنی ژنان زۆر گرنگە، چونکە کاتێک ژنان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی خۆیان دەچنە دەرەوە، باس لە پرسەکانی دیکەش دەکەن.

 

ڕوونیشیکردەوە، بەهەموو شێوازەکانیەوە بووەتە زیانلێکەوتووی توندوتیژی، تا ئەو ڕادەیەی بیری لە خۆکوشتن کردۆتەوە، بەڵام هاودەنگی و پشتیوانی تەواوی کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونسی دۆزیوەتەوە، کە وەک بنەماڵەیەک مامەڵەیان کردووە و هاوکارییان کردووە بۆ تێپەڕاندنی ئەو تاقیکردنەوەیە.

 

پێویستە بگوترێ، کە سەندیکای نیشتمانی ڕۆژنامەنووسانی تونس، داوا لە هەموو ڕۆژنامەنووسان و لایەنگرانی ئازادی دەکات، ئەمڕۆ ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە بەردەم دادگای تێهەڵچوونەوەی تونس، پشتیوانی لە هاوکارەکەیان، شەزا حاج موبارەک، بکەن کە دادگایکردنێتی.