ژنانی بێکار لە تونس پێشڕەوی ڕیزەکانی پێشەوەی ”جەنگی کار و کەرامەت” دەکەن

لە بەرامبەر داخستنی ئاسۆی دامەزراندن و لەدەستدانی ساڵانی تەمەن لە چاوەڕوانیدا، ژنانی بێکار لە تونس جووڵانەوەیەکی ناڕەزایی بێوێنەیان کرد کە تێیدا کۆتە کۆمەڵایەتییەکانیان تێکشکاندو بوونە پێشڕەوی ڕیزەکانی پێشەوەی خۆپیشاندان و مانگرتنەکان.

نەزیهە بوسەعیدی

 

تونس ـ توانای بەرگەگرتن لەسەر ژنانی بێکار لە تونس پڕ بوو کاتێک چاوەڕوانی مافی دامەزراندن و دەستکەوتنی کار بوون، کە هەندێکیان تەمەنیان لە چل ساڵ تێپەڕیوە و تەمەنیش ئەوەندە نەمایەوە کە زیاتر چاوەڕوان بن بۆ بەهرەمەندبوون لە بەرهەمی ساڵانی درێژی خوێندن.

 

ئەم ڕێژە زۆرە لە کۆبوونەوەی ساڵانی تووڕەیی لەسەر تەمەنێک کە لە چاوەڕوانی خەونێکی ئەستەمدا تێدەپەڕێت، وایکرد بە ژمارەیەکی زۆرەوە بێنە سەر شەقام لە هەموو خۆپیشاندان و گردبوونەوە ناڕەزاییەکاندا، لە ڕیزەکانی پێشەوەدا دروشمی ”کار، ئازادی، کەرامەتی نیشتمانی” بەرز بکەنەوە.

 

دەرکەوتنی سەرنجڕکێشی ژنانی بێکار لە کارو سەرکردایەتیکردنی جووڵانەوە ناڕەزاییەکە لە تونس هەموو پێشبینییەکی تێپەڕاند، بەڵکو بەشدارییان لە زۆرێک لە چالاکییەکاندا دەگاتە سەد لە سەد.

 

ئازادەکان لەمەیدان

چەندین ناونیشان پێشڕەوی جووڵانەوە ناڕەزاییەکانیان کرد و بە دەنگی بەرز داوای کارو مافی دامەزراندنیان کرد کە ناوی ”ئازادەکانە مەیدان”یان لێنرا، لەوانە: نەجوا کووکی، سەکینە شامخی، سارە تەڕابوڵسی، شیرین غانمی، نەها وۆلاد نەسڕ، نەعیمە ضەیفوڵا... هتد.

 

ژنانی بێکار لە تونس ئازار و مەینەتی خەبات لەژێر تیشکی گەرمی خۆرو گردبوونەوە دووبارەبووەوەکان لەبەردەم دەزگاکاندا هەڵدەگرن، تا دەگاتە بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی درێژخایەن کە گەیشتووەتە ٤٠٠ کیلۆمەتر لە بەرگریکردن لە مافیان بۆ کار و ژیانێکی شایستە، سەرەڕای هەستکردن بە ستەم و بێهیوای کە هەندێک لە سەرکردەکان وەک نەعیمە ضەیفوڵا ئەزموونیان کرد دوا بە دوای گەڕانەوە بێ بەدیهێنانی داواکارییەکان، بەڵام سووربوونی خۆپیشاندەران تا ئێستاش بەردەوامە لە ڕێگەی گردبوونەوە ناڕەزاییە بەردەوامەکانەوە تا ئەمڕۆش لە چەند ناوچەیەک وەک گەفسا، جەندوبە، مەنزڵ بۆزیان، قەیروان و کاف.

 

ناشتا سەکینە شامخی زۆرینەی ژمارەی ژنە بێکارەکان لە خۆپیشاندانەکانی قەیروان و پایتەخت دەگەڕێنێتەوە بۆ تایبەتمەندیی ژنی تونس لە خەباتدا و بەرزبوونەوەی هۆشیارییان سەبارەت بە گرنگیی بڕوانامەی زانستی وەک دەستکەوتێک بۆ داهاتوو، چونکە ژنان گەورەترین ڕێژەی دەرچووانی زانکۆکان پێکدەهێنن بە ڕێژەیەک کە لە نێوان ٦٠٪ بۆ ٧٠٪ دەگۆڕێت، ئەمەش هۆکاری ڕوودانی پێشوازیی فراوانیانە بۆ سەرکردایەتیکردنی جووڵانەوەی داواکردنی مافی کار.

 

ئەوەش سەری دەخات کە بەشداربوونی ڕەگەزی نێر لە کارەکان وەک بیناسازی و بازرگانی بۆ خۆپاراستن لە بێکاری ڕێگرییان لێدەکات لە خۆپیشاندان، لە کاتێکدا ژنانی گەنج بێبەشن لەم دەرفەتە لاوازانە، ئەمەش وایان لێدەکات زیاتر تەرخانکراو بن بۆ بەشداریکردن لە جووڵانەوەکانی گەل، تا ئەو ڕادەیەی هەندێک جار تەنها یەک پیاو لە نێوان هەر ٢٠ ژندا بوونی هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژنی بێکار رووبەڕووی توندوتیژیی ئابووری دەبێتەوە، هەروەها ڕووبەڕووی عەقڵیەتی پیاوسالاری ڕەگداکوتراویش دەبێتەوە بەتایبەت لە کۆمەڵگە پارێزگارەکاندا کە ڕێگە بە دەرچوونی منداڵانی کچ دەدەن بۆ خوێندن و فێربوون یان کارکردن، بەڵام ڕێگریی لێدەکرێت لە بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکاندا.

 

دیاریشی کرد کە سەڕەڕای ئەوەش، زۆر لە ژنان ئەم کۆتانە دەبەزێنن بە ڕێگەی جیاجیا، وەک دەرچوونی بە دزەیی لە ماڵەکان یان خۆشارتنەوە بۆ بەشداریکردن لە جووڵانەوە ناوچەییەکاندا، سەڕەڕای سەختیی پەیوەستبوونیان بە خۆپیشاندانە نیشتمانییەکانەوە بەهۆی درێژیی مەوداکانیانەوە.

 

سەکینە شامخی لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕوونیکردەوە، کە بەشداری کردن لە خۆپیشاندانەکان تووشی گێچەڵی ئەمنی و گاڵتەپێکردن و ئاڵەنگاریە کەسی و دەروونییە زۆرەکان دەبێتەوە.

 

متمانەپێکراویی جووڵانەوەی ژنان

حەیات عەتار، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی جەختی لەوە کردەوە، کە بەشدارییە فراوانەکەی ژنان کرێکارانی کێڵگە و کارگەکان و زیانلێکەوتووانی ژینگەیی لەخۆ گرت لەگەڵ ژنە بێکارەکاندا، کە هاندرابوون بەو باوەڕەی کە مافەکان دەستەبەر دەکرێن و پێشکەش ناکرێن، تا ئەو ڕادەیەی سێ نەوە (دایک، کچ، نەوە) لە هەمان جووڵانەوەدا ئامادە بوون سەڕەڕای ئەو ناشرینکردن و توندوتیژییەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ئەم ئامادەبوونە قورسە لە ڕووی چەند و چۆنێتییەوە بە ڕوونی لە خۆپیشدانی ژنە بێکارەکان لەبەردەم وەزارەتی ژنان بە بۆنەی جەژنی نیشتمانییەوە بەرجەستە بوو.

 

ڕوونیکردەوە، کە بەشداریی مەیدانیی ژنان وێنە نموودییەکەی تێکشکاند و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی دروست کرد بە گۆڕینی بۆ کەسایەتییەکی سەرکردە کە پێشڕەوی ڕیزەکانی پێشەوە دەکات و هێزێکی کاریگەری پەستانە بۆ باشترکردنی دۆخەکەی، ستایشی خەباتی ژنە بێکارەکانی کرد کە گەیشتە سنووری مانەوە لە شەقام لەبەردەم شانۆی شارەوانی لە پایتەخت، بەرگەگرتنی جۆرەها توندوتیژی و تەسککردنەوەی ئەمنی.

 

عەفاف عەمامی، وتەبێژی فەرمیی کۆمەڵەی نیشتمانیی خاوەن بڕوانامە بەرزە بێکارەکان وتی: کاتێک ڕێگاکان تەنگەبەر دەبن و بێکاری درێژدەبێتەوە، ژنی تونس لە ڕیزەکانی پێشەوەدا دەبینین کە ڕووبەڕوو دەبێتەوە، دەجەنگێت و داوای مافی خۆی دەکات، چونكە ئەو ژنەی ڕاهاتووە لەسەر بێدەنگنەبوون لە مافی خۆی، ئەمڕۆ ناتوانێت قبووڵی بکات کە ببێتە زیانبەرکەوتووی پەراوێزخستن و بێبەشکردن

 

ڕوونیکردەوە، کە خۆپیشاندەران پێشڕەوی جووڵانەوە ڕۆژانەکان و مانگرتنەکان دەکەن لە ناوچە جیاوازەکاندا وەک سیدی بۆزیید، ڕەقاب، جەندوبە، کاف، تونس پایتەخت و حامەی قابس، وەک ناڕەزایەتییەکی دژ بە پەراوێزخستن و پابەندبوون بە مافی ژیانێکی شایستەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژنی بێکار تەنها ژمارەیەک نییە لە ژیاندا، بەڵکو دەنگێکە کە داوای مافی خۆی دەکات لە کار و کەرامەتدا لە نیشتمانەکەیدا و لەو داهاتووەی کە چاوەڕێی دەکات و لە پێشەوەدا ئامادەیە و بە دەنگی بەرز دروشمی ”کار، ئازادی، کەرامەتی نیشتمانی” بەرز دەکاتەوە کە نە درەوشاوەیە و نە واتاکەی لەدەست نەداوە.

 

عەفاف عەمامی قسەکانی کۆتایی پێ هێنا بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ژنی بێکاری ئەمڕۆ، بە هۆی هۆشیاری و کەسایەتییە بەهێزەکەیەوە، خاوەنی ئازایەتییەکی تەواوە بۆ داواکردنی مافەکانی، دەستبەرداربوون لە مانەوە لە پەراوێزی کۆمەڵگەدا یان دەستبەرداربوون لە مافی ڕەسەنی خۆی لە کەرامەت و ژیانێکی شایستەدا ڕەت دەکاتەوە.