ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان؛ خەباتی بەردەوام و ترس لە تێکدانی دەستکەوتە یاساییەکان

پاش ١٥ ساڵ بەرخۆدان، مافەکانی ژنان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری نوێ دەبنەوە، کە ترسی دابەزینی ئازادییە یاساییەکان و دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان وایکردووە ڕۆڵێکی کارا لە کۆمەڵگەدا بگێڕن.

ئەسما محەمەد

 

قامیشلۆ- ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان دووپاتیان کردەوە ،کە ئەو مافانەی لە ماوەی ١٥ ساڵ خەبات و بەرخۆداندا بەدەست هێنراون، کە لەو ماوەیەدا ناوچەکە شاهیدی قووڵترین قۆناخەکانی ململانێی کۆمەڵایەتی و سیاسی بوو، تەنها دەستکەوتێکی فەرمی یان سیمبولی یاسایی نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی بناغەیەکی تۆکمەن بۆ پاراستنی ژنان و پاراستنی کەرامەت و بوونیان لە ناو کۆمەڵگەدا و پایەیەکی بنچینەیی بۆ سەقامگیری هەموو کۆمەڵگە و کاریگەرییەکەی لە ڕووبەڕووبوونەوەدا پێکدەهێنن کە ئاڵەنگاری ناوخۆیی و دەرەکییە.

 

لە نێو ئەو گۆڕانکارییە بەڕێوبەری و سیاسییانەی لە ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستان ڕوودەدەن، پرسی مافەکانی ژنان وەک یەکێک لە بابەتە هەرە دیارەکانی ململانێی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەردەکەوێت، دوای ١٥ ساڵ خەبات و بەرخۆدان، ژنانی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانێکی چارەنووسسازدان، بەو پێیەی دەستکەوتەکانیان ڕووبەڕووی مەترسی پاشەکشە دەبنەوە ئەگەر یاساکان هەموار بکرێنەوە یان هەندێک لەو بڕگانەی کە کۆمەڵگە بۆ پاراستنی ماف و ئازادییان دایڕشتووە هەڵبوەشێنرێنەوە، ڕەنگە ئەوەی گرنگی ئەم قۆناغە گەورەتر بکات، گەورەیی ئەو بەرخۆدانانە بێت کە ژنان لە ماوەی چەندین ساڵدا داویانە، ئەوان هەڵگری ئازاری کۆمەڵایەتی و یاسایی و جەستەیی بوون، لە بەرامبەر هەوڵی دووبارەی پەراوێزخستن و ژێردەستەکردندا بەرگریان لە دەستکەوتەکانیان کردووە، بۆ هەموو جیهان بیسەلمێنن کە بوونی ژنان و مافەکانیان بابەتی لاوەکی نییە، بەڵکو پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و هاوسەنگ.

 

”١٥ ساڵ بەرخۆدانی ژنان”

نزام محمد نووری، ئەندامی ماڵی ژنان لە قامیشلۆ دووپاتی کردەوە، کە ژنان لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی هێرشی دووبارە بوون بۆ سەر مافەکانیان و هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئەو مافانە برینی قووڵ لە بناغەی کۆمەڵگەدا دەکاتەوە، ژنان بۆ ماوەی ١٥ ساڵە هەرگیز لە بەرخۆدانیان نەوەستاون، هەمیشە لە ناوەڕۆکی خەباتدان، داکۆکی لە مافەکانی خۆیان دەکەن لە هاوسەرگیری منداڵ و فرەژنیەوە تا میرات و مافە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانیان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان بەرپرسیارێتییەکی یەکجار زۆریان لە ئەستۆ گرتووە و یەکەم کەس بوون بەرگرییان لە دەستکەوتەکانی کۆمەڵگە کرد، لەکاتێکدا هەندێک لایەن هەوڵیاندەدا ڕۆڵی خۆیان پەراوێز بخەن یان ئەو مافانە هەڵبوەشێننەوە کە بە بەرخۆدان و هەوڵی بەردەوام بەدەستیان هێناوە، هەروەها ئەمڕۆ شاهیدی پێشێلکاری ئاشکرای ئەو یاسایانەین کە بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و یەکسانی دانراون و ئەوەی دۆخەکە خراپتر دەکات ئەوەیە کە هەموو ئەو هەوڵانەی لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا داومانن پێدەچێت کە بەفیڕۆ بچێت.

 

ڕوونیکردەوە، کە ئەو هۆشیارییە کۆمەڵایەتییەی لە ڕێگەی خولەکان و وانەوتنەوە لە گوند و ناوچەکاندا پەروەردە دەکرێت، بووەتە بەردی بناغەی پاراستنی مافەکانی ژنان، ئێستا کۆمەڵگە زیاتر ئاگاداری مەترسییەکانی هاوسەرگیری زۆرەملێ و پێشوەختە لەو ڕۆڵە سەرەکییە دەگرێت کە ژنان لە بونیادنانەوە و سەقامگیرکردنی کۆمەڵگەدا دەیگێڕن، هەموو ئەم هەوڵانە ئامانجیان بەهێزکردنی ژنانە بۆ زانین و بەرگریکردن لە مافەکانیان، بتوانن خۆیان و منداڵەکانیان و کۆمەڵگەکانیان لە هەر جۆرە ئازاردانێک یان نادادپەروەرییەک بپارێزن.

 

جەختی لەوە کردەوە، ئەو بەرخۆدانەی کە ژنان ١٥ ساڵە ئەنجامی دەدەن، تەنها قسە و دروشم نییە، بەڵکو کردەوە و هەڵوێستی بناغەییە لەسەر زەوی، هەروەها ژنان بارگرانی پاراستنی کۆمەڵایەتی و یاسایییان لە ئەستۆ گرتووە، ڕووبەڕووی توندوتیژی و جیاکاری و هاوسەرگیریی زۆرەملێ و فرەژنی بوونەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆڕاگر بوون و سەلماندوویانە کە هێزیان لە هۆشیاری و ئیرادەیاندایە، هەر هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی مافەکان یان هەموارکردنەوەی یاساکان بەبێ ڕەچاوکردنی بۆچوون و بەرژەوەندییەکانی ژنان، خیانەتێک دەبێت لەو بەرخۆدانانەی کە کردوویانە.

 

”بەهێزکردنی پاراستنی ژنان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی کەمکردنەوەی مافەکانیان”

مەبروکە حەسەن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ماڵی ژنان ڕایگەیاند، ژنان ڕۆژانە سەدان حاڵەت و کێشەیان بۆ دێت، هەربۆیە نیگەرانی ڕەوایان هەیە سەبارەت بە هەر هەموارکردنەوەیەک بۆ یاساکان یان پێشێلکردنی ئەو مافانەی کە یاساکانی پێشوو مسۆگەری کراون، وتی: داواکارین حکومەتی کاتی مافەکانی ژنان لە دەستووری سووریا و لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بچەسپێنێت، چونکە ژنان لێرە بە تەواوی ئاگاداری مافەکانیانن، هەروەها دامەزراوە پەیوەندیدارەکان توانیویانە جێبەجێکردنی کاریگەریان مسۆگەر بکەن، ئەو یاسایەی ئێستا یاسای تەواوی کۆمەڵگەیە، دوای هەوڵێکی بەرچاو بۆ قبوڵکردنی ئەو مافانە و تێگەیشتن لە گرنگییەکانیان لەلایەن هەموو پێکهاتەکانیەوە دانپێدانراوە.

 

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگی بێئەندازە بوونەتەوە، لە هاوسەرگیری زۆرەملێ و توندوتیژی خێزانییەوە تا فرەژنی، ئەوان لە ڕێگەی هۆشیاری یاسایی و کۆمەڵایەتییەوە سەرکەوتووانە ئەو سەختییانەیان تێپەڕاندووە، ئەمڕۆ ژنان مافەکانیان و پێگەی خۆیان دەزانن و داوای پاراستنیان دەکەن و ڕێگە بە هیچ قەوارەیەک نادرێت پێشێلیان بکات یان هەڵبوەشێننەوە، چونکە ئازادی و یەکسانی بۆ ژنان تەنها مافێکی فەرمی نین، بەڵکو بناغەیەکی تۆکمەن بۆ هەموو کۆمەڵگە، هەر هەموارکردنەوەیەک کە ژنان پەراوێز بخات، زیان بە کۆمەڵگە بە گشتی دەگەیەنێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا شاهیدی گۆڕانکارییەکی بەرچاو بووین لە هۆشیاری کۆمەڵایەتی سەبارەت بە مافەکانی ژنان، کۆمەڵگە گەیشتووەتە ئەوەی درک بەوەبکات کە پاراستنی مافەکانی ژنان بابەتێکی لاوەکی یان خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو توخمێکی بنەڕەتییە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاشتی کۆمەڵایەتی، هەر هەوڵێک بۆ تێکدان یان پێشێلکردنی ئەو مافانە بە واتای گەڕانەوەی کۆمەڵگە و بەرکەوتنی ژنان و منداڵانە بۆ مەترسی کۆمەڵایەتی و یاسایی.

 

نیگەرانی ژنان سەبارەت بە نەمانی دەستکەوتە یاساییەکان”

مەبروکە حەسەن ئیبراهیم ئاماژەی بەوەدا، کە ژنانی ئەمڕۆ نیگەرانن لەوەی حکومەتی کاتی سووریا ڕەنگە یاساکان هەموار بکاتەوە یان دەستکەوتە یاساییەکان پشتگوێ بخات، هەروەها هەر شکستهێنانێک لە بەرزڕاگرتنی مافەکان دەبێتە هۆی دابەزینی درێژخایەنی پێگەی ژنان و یەکسانی یاسایی، مافەکانی ژنان دانوستانیان لەسەر نییە و ناتوانرێت سازشیان لەسەر بکرێت.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ژنان چیتر تەنها تاک نین لە کۆمەڵگەدا، بەڵکو بوونەتە پایەی ناوەندی لە پرۆسەی بونیادنانی دامەزراوەکان و کۆمەڵگەی مەدەنیدا، خاوەنی ئەزموونێکی بەرفراوانن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان،ڤ بۆیە چەسپاندنی مافەکانیان لە یاسا و پاراستنیان لە هەر هەموارکردنێک کە ڕۆڵیان کەم بکاتەوە، ئەرکێکی نیشتمانی و ڕەوشتییە بۆ هەموو کامپەکانی سیاسی و بەڕێوبەری.

 

لە کۆتای قسەکانیدا مەبروکە حەسەن ئیبراهیم ڕوونی کردەوە، کە خەباتی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان تەنها بەرگریکردن لە مافەکانی تاک نییە، بەڵکو مۆنۆمێنتی خۆڕاگری و شۆڕشێکی بەردەوامە لە دژی پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسی، کە ژنان دەخاتە ناوەندی بڕیاردان و کۆمەڵگەوە، ئاڵەنگاری ڕاستەقینەی ئەمڕۆ لە دەستەبەرکردنی بەردەوامی ئەو دەستکەوتانە و پاراستنیانە لە هەر هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوە یان تێکدانی، کۆمەڵگە بە پێشەنگایەتی ژنان و لە ڕێگەی دامەزراوە پاڵپشتییەکانەوە، دووپاتی دەکاتەوە کە مافەکانی ژنان بۆ دانوستان و سازان نییە، ئەوان بەردی بناغەی هەموو گەشەسەندنێکی بەردەوام و دادپەروەرانەن، هەروەها مسۆگەری ڕاستەقینەی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ و پارێزراو و دادپەروەرن کە ڕێز لە مرۆڤ بگرێت و ئەو پێگەیە بە ژنان بدات کە شایەنیەتی.