ژن و ئازادی لە بەرامبەر سیستەمەکانی کۆنترۆڵکردن؛ ئەزموونێکی هاوبەش لە نێوان ئێران و ئەفغانستان

لە نێوان پەرەسەندنی سنووردارکردنەکان بۆ سەر ژنان لە ئەفغانستان و ئێران، ژنان لە کایەی گشتیدا بەردەوامن لە بەرخۆدانیان، بەرخۆدانێک کە تیایدا دروشمی ”ژن، ژیان، ئازادی” بووەتە ئاماژەی داواکارییەکی هاوبەش کە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت.

جوان شەریف زادە

 

بۆکان-لە ڕژێمە پاوانخوازەکانی وەک تاڵیبان و کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا، دەسەڵاتی دەسەڵاتدار هەوڵی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سیستەمی سیاسی دەدات بە کۆنتڕۆڵکردنی جەستەی ژنان و سەپاندنی حیجاب بۆتە خاڵێکی سەرەکی بۆ دەستپێکردن و چەسپاندنی ئەم هەژموونە.

 

ساڵانێکە ژنان لە ئێران و ئەفغانستان خەریکی شێوازی جیاوازی بەرخۆدان بوون و هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی بەرخۆدانی ژنانەوە لەم کۆت و بەندە چارەسەرنەکراوانە ڕزگاریان بێت، وتنەوەی دروشمی ”ژن، ژیان، ئازادی” لەدوای کوشتنی ژینا ئەمینیئەو ژنە گەنجە کوردە، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەکرێت بە یەکێک لە نموونە هەرە دیارەکانی ئەو هەوڵانە هەژمار بکرێت،  ئەم دروشمە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە شاری سەققز و گۆڕستانی ئایچی سەری هەڵداوە و دەنگدانەوەکەی لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە.

 

ئەمڕۆش هەمان سیناریۆ لە ئەفغانستانیشدا دەکرێتەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەراسانکردنی ژنان لە شاری هەرات بە بیانووی "پابەندنەبوون بەو حیجابەی تاڵیبان سەپاندیانە"، هاوکات لەگەڵ دەستگیرکردنی ژنان لەلایەن ئەندامانی پۆلیسی ڕەوشت و پێکدادانی چەکداری نێوان تاڵیبان و خۆپیشاندەران لە شەقامی جەبرائیل، شەرمەزارکرد و توڕەیی بەربڵاوی لێکەوتەوە.

 

ئەزمونی ژیاوی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئەوە دەردەخات کە پێگەیەکی ناوازەیان هەیە بۆ تێگەیشتن لە ئازارەکانی ژنانی ئەفغانستان، ئەوان جەستەیان گۆڕیوە، کە دەسەڵات هەوڵی ملکەچکردنی دەدات، بۆ مەیدانێکی بەرخۆدان، بە قژ و کردەوەی ڕۆژانەیان ڕووبەڕووی دەسەڵاتی ئامڕازی ڕژێم دەبنەوە، ئەم خۆڕاگرییە تەنها لە پرسی حیجاب یان شەقامدا سنووردار نییە  درێژدەبێتەوە بۆ ماڵەکان و تەنانەت زیندانەکانیش، بەرگری لە مافەکانی ژنان و کەرامەتی مرۆڤایەتی دەکات.

 

ئەمڕۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆیان وەک هاوبەش لە دەنگی خوشکەکانیان لە ئەفغانستان دەبینن و لە دروشمێکی بەکۆمەڵدا کە هاودەنگی و خەباتی هاوبەش دەردەبڕن، دروشمی "ژن. ژیان، ئازادی" لەگەڵیاندا دەنگ دەدەنەوە.

 

زەمینەی هاوبەش لە دەرەوەی سنوورەکان

کیمیا.م، تەمەن ٢٥ ساڵ دانیشتووی شاری بۆکان وتی: ڕەنگە سەرنجڕاکێشترین شت کە ژنان لە ئێران و ئەفغانستان یەکدەخات، باوڕیان بێت کە خەباتیان تەنها جۆرێک لە جل و بەرگ یان مافێکی دیاریکراودا سنووردار نییە، بەڵکو پەیوەندی بە مافی چارەی خۆنووسینەوە هەیە، هەروەها ژنانی ئەمڕۆ ئاڵەنگاری ئەو تێڕوانینە دەکەن کە دەوڵەت یان دەسەڵاتی سیاسی دەتوانێت بڕیار لەسەر جەستەیان و ژیانییان و داهاتوویان بدات، چونکە هەر سیستەمێک بتوانێت کۆنترۆڵی ژنان بکات، بە ئاسانی دەتوانێت کۆنترۆڵی کۆمەڵگە بکات.

 

ڕوونیشیکردەوە، ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەزموونی بەرخۆدان و خەبات و جیاکاریی ڕەگەزی هاوبەشیان هەیە، بەڵام بەهۆی لێکچوونەکانی نێوان ڕژێمی تاڵیبان و کۆماری ئیسلامی، ژنانی ئەفغانستان و ئێران بە قووڵی لە ئازارەکانی یەکتر تێدەگەن، دەبێت لە بەرامبەر پێکهاتە پاوانخوازەکاندا خەبات بۆ ژنان و بۆ جیهانێکی باشتر بۆ ژنان بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین.

 

پێویستی هاوپشتی ژنان

خەباتی ژنان کە لە ئەفغانستان و ئێران لە نێوان گوللـە و خوێنڕشتن و چەوساندنەوەی سیستماتیکیدا ڕوودەدات، ڕەنگدانەوەی ڕۆحی هاوپشتی ژنانە، پرسێک کە زۆرێک لە داکۆکیکارانی مافی ژنان لە کۆمەڵگە پیاوسالارەکاندا پێیان وایە بووەتە مایەی نیگەرانی و ترس بۆ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان.

 

پەخشان، ق، پارێزەرو چالاکوانی مافەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جەخت لەسەر گرنگی هاودەنگی لەژێر ئەم ڕژێمانەدا دەکاتەوە و وتی: ناتوانین خۆمان بە جیا لە ژنانی ئەفغانستان بزانین، ژنانی ئەفغانستانیش هەم لە ئێران و هەم لە وڵاتی خۆیان زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها ژنانی ئێرانیش لەو پێشێلکارییانە ڕزگار نەبوون، لەنێویاندا جیمەن حسێن زادە، کە بەم دواییە لە ئەفغانستان کوژرا.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، پێویستە دەنگەکانمان یەکبخەین و دان بەوەدا بنێین کە سیستەمی پیاوسالاری بە جیاکردنەوە و دابڕانی ژنان لە یەکتر باڵادەستی خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە، بۆیە ڕزگاری ژنان تەنها لە ڕێگەی خەباتی پێکەوەی و تۆڕێکی هاوپشتی لە نێوانیاندا بەدەست دێت، ژنان لە سەرانسەری جیهان دەبێ دەنگێک بن بۆ ژنانی ئەفغانی.

 

ئازادی ژنان ئازادی کۆمەڵگەیە

ئەوەی کە شۆڕشی ’’نن، ژیان،ئازادی” لە ئێران و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئەفغانستان شاهیدی بوون، کە بوونی بەرچاوی ژنانە لە پێشەوە، بەڵام پیاوانیش شانبەشانی ژنان بەشدارییان کردووە لە داوای مافی مرۆڤدا.

 

غەزەل شەریفی (ناوی خوازراو)، یەکێک لەو کەسانەی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ی ئێراندا دەستبەسەر کرابوون، وتی: چەوساندنەوەی ژنان کۆنترین شێوەی هەژموونییە لە مێژوودا، پێش دەوڵەت و چینە کۆمەڵایەتییەکان و چەندین جۆری دیکەی نایەکسانی بوونی هەبووە، لەم نایەکسانییە سەرەتاییەوە جۆرەکانی دیکەی نادادپەروەری و هەڵاواردن لە کۆمەڵگەدا سەریهەڵدا.

 

پێیوایە شۆڕشی ڕاستەقینە لە ئێران و ئەفغانستان تەنها شۆڕشێک نییە دژی پێکهاتە سیاسییەکان، بەڵکو "شۆڕشێکی هزرییە" کە ئامانج لێی درککردنە بەوەی کە "رێگای ڕزگارکردنی کۆمەڵگە بە ژنی ڕزگارکەردا تێدەپەڕێت، بۆیە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" سنووری جوگرافی و کاتی و ڕەگەزی تێدەپەڕێنێت و ئازادی ژنانی ئەفغانی و خەباتیان بۆ ئازادی دەکاتە "بەشێک لە ئازادی و خەباتی خۆمان".