ئیمان ئەلحەلەف: یاسای خێزان دەرفەتێکە بۆ ژنان

ئیمان ئەلحەلەف، لە لیژنەی پەروەردەی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا ئاماژەی بەوەکرد، ژنانی ڕەققە هێشتا لەژێر کاریگەری ئەو کاتەن کە داعش ناوچەکەی داگیرکرد و وتی: هەندێک ژن هێشتا ناتوانن لەماڵ بچنە دەرەوە، بەڵام ئێستا یاسای خێزانی هەیە.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەققە- خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دوای ئەوەی یاسای دادپەروەری و یەکسانی بەپێیوست زانی، لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ یاسای خێزانی دەرکرد، کارکردن بۆ جێبەجێکردنی یاسای خێزان بەردەوام دەبێت لەسەر هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە ئیمان ئەلحەلەف، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنی ژنانی زەنوبیا لە ڕەققە، بۆ ئاژانسەکەمان لیدوانی دا.

 

"یاسای خێزان یەکێکە لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی شۆڕش"

لە سەرەتای قسەکانیدا ئیمان ئەلحەلەف ئاماژەی بەوەکرد،لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوادا، ژنان دەستکەوتی زۆریان بەدەستهێناوەو لە تاریکییەوە بۆ ڕووناکی چوون، یاسای خێزانی یەکێکە لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و لە زۆر بواردا لە گەڕەکەکانەوە هەتا کامپەکان سیمینار و گفتوگۆ و وۆرکشۆپ و کۆبوونەوە ئەنجامدراوە بە ئامانجی داننان بە یاسادا.

 

ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجیان بەدیهێنانی یەکسانیی ڕەگەزییە لە ڕێگەی پەروەردەوە و وتی: دەمانەوێت ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەشداری بکەن و یەکسانیی ڕەگەزی لە کۆمەڵگەدا بەدەستبهێنن، ژیانی ئەو ژنانەی کە هەزاران ساڵە لەژێر فشاری هۆشیاری پیاوسالاریدا ژیاون لەژێر ناوی داب و نەریتدا داخراوە، زۆرێک لە بابەتەکانی وەک هاوسەرگیری منداڵان و فرەژنی، کۆمەڵکوژی ژنان بەهۆی هۆشیاری پیاوسالارییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، خۆکوشتن دەرئەنجامی فشاری دەروونییە، پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ جێبەجێکردنی یاسای خێزان، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئەم ڕووداوانە.

 

"مافی ژنان ڕاگیراوە و ڕۆڵیان لەلایەن خێزانەوە سنووردارکراوە"

 

ئیمان ئەلحەلەف ڕایگەیاند، ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا ڕووبەڕووی سەرکوتکردن و پەراوێزخستن دەبنەوە وتی: ڕۆڵی ژنان سنووردارە بە چاودێری منداڵ و بەڕێوەبردنی خێزان، هەموو مافەکانی ژنان زەوت کراوە، لەدوای قەیرانی سووریا، فشارەکان لەسەر ژنان زیادیان کردووە.

 

"یاسای خیزان دەرفەتێکە بۆ ژنان"

ئیمان ئەلحەلەف ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە هێشتا ژنان لەو کاریگەرییانە دەرنەچوون کە هەیانبوو کاتێک داعش ناوچەکەی کۆنترۆڵ کرد و وتی: هەندێک ژن هێشتا ناتوانن لەماڵ بچنە دەرەوە، ئەوان لە قسەکردنی کۆمەڵگاە دەترسن و ئەم دۆخە ڕێگری لە گەشەکردنیان دەکات، ئێستا یاسای خێزانی هەیە، ئەمە دەرفەتێکە بۆ ژنان تا کۆت و زنجیرەکانیان بشکێنن.

 

"ژنان کاتێک مافەکانیان پێشێل دەکرێت دەتوانن سکاڵا بکەن"

ئیمان ئەلحەلەف لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، یەکێک لە بڕگەکانی یاسای خێزان پارێزگاری لە ژنان و مافەکانیان دەکات وتی: کاتێک مافەکانی ژنان پێشێل دەکرێن، ژنان دەتوانن سکاڵا بکەن، لەگەڵ هەموو ژنان کار دەکەین، لە ڕێگەی یاسای خێزانەوە، مافی ژنانیان پێ دەڵێین، بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و بەڕەوشت، یەکسانی ڕەگەزی بەدەست دەهێنین.