ئایا هێشتا یەکسانی خەونێکی دواخراوە بۆ ژنانی مەغریب؟

لە شەقامەوە تا پەرلەمان، لە کۆمەڵەکانەوە تا کۆڕبەندی نێودەوڵەتی، تەڤگەری ژنانی مەغریب دەوڵەمەندی داواکاری و دەستکەوتی کەڵەکە کردووە، بەڵام خەونی یەکسانی بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، خەریکە دەستیان پێ بگات، تەنیا بۆ ئەوەی لە دوایین ساتدا خۆی بخزێنێت.

حەنان حارت 

 

مەغریب ـ سەرەڕای دەیان ساڵ خەبات، یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان لە مەغریب هێشتا ئامانجێکی زەحمەتە، سەرەڕای ئەو دەستکەوتە یاساییانەی کە بەدەست هاتوون، ڕاستی ڕۆژانە بۆشایی بەرچاو لە ماف و هەلەکاندا ئاشکرا دەکات، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە ژنان پرسیار بکەن کە ئایا بەشی پێویست بەدەست هاتووە ؟ ئایا حکومەت بەڕاستی خاوەنی ئیرادەی سیاسییە بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ ژنان؟

 

لە خەونی دوێنێوە بۆ نائومێدی ئەمڕۆ

لە گەڕەکی "سيدی برنوصی" شاری دار بيزا، فاتمە ج.، ژنێکی تەمەن پەنجا ساڵان دەژی، لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەشداری لە ڕێپێوانێکی ژنان کرد کە دروشمی یەکسانی لە میرات و جیابوونەوە و سەرپەرشتیکردندا بەرز دەکردەوە، ئەمڕۆ بە تۆنێکی پڕ لە نۆستالژیا و خەمەوە قسە دەکات: خەونمان بە ژیانێکی جیاوازەوە بینی، بەڵام ئەوەی دەمانەوێت هێشتا دوورە،  پێمانوابوو کچەکانمان پێویستیان بە خەباتکردن نییە بەم شێوەیە، بەڵام ئێستا ڕووبەڕووی جۆرێکی دیکەی جیاکاری دەبنەوە.

 

چیرۆکی فاتمە ج.، هەرچەندە تاکەکەسییە، بەڵام ڕەنگدانەوەی هەستێکی گشتییە کە ژنانی مەغریبی لەم ساتەوەختە سەرەکییەدا گرتۆتەوە.

 

لە سێبەرەکانەوە بۆ پێشەوە

لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە ژنانی مەغریبی دەستیان کرد بە دەرچوون لە سێبەرەکان، چوونە ناو شوێنی سیاسی و ناوەمدەکان و داوای مافێکیان کرد کە نەدرابوون، بەڵکو لێیان سەندرایەوە، بەڵام بازدانی چۆنایەتی لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی پێکرد، کاتێک تەڤگەریەکی ڕێکخراوی ژنانی مەدەنی سەریهەڵد، داواکاری ڕوون و ئاشکرای بەرزکردەوە: یەکسانی، دادپەروەری ڕەگەزی و بەهێزکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی.

 

ساڵی ٢٠٠٤ یاسای بنەماڵە هەمووار کرا، لوتکەی خەباتێکی درێژخایەن بوو، ئەوکات هەنگاوێکی مێژوویی بوو، بەڵام بەس نەبوو،  ئەمڕۆ دوای زیاتر لە دوو دەیە دووبارە پرسیارە گەورەکان دەوروژێنرێنەوە: ئایا ئەوەی بەدەست هاتووە بەسە؟

ئایا بڕیاردەران ئیرادەیان هەیە کە بەڕاستی ژنان بگۆڕن؟

 

وێنەکە درز دەکات

هیند مومەیاز، چالاکوانی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێی وایە کە بە هۆی کەڵەکەبوونی ململانێی ڕاستەقینە، وێنەی سترێئۆتایپی ژن دەستی بە وەرچەرخان کردووە، بە سەبر و کۆڵنەدان، توانیومانە درزێکی قووڵ لە وێنەی نەریتی ژنان دروست بکەین، کە لە ماڵەوە قەتیسیان دەکات، کاروباری گشتی بە شوێنی تایبەتی پیاوان دەزانێت

 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشکەوتنی بەرچاومان بەدەستهێناوە لە بەهێزکردنی ئابووری و بەشداریکردنی سیاسی و بەدەستهێنانی خوێندن، بەڵام هێشتا ڕێگەیەکی دووری ماوە، چونکە هەندێک پێکهاتەی دەروونی و کولتووری هێشتا ئاڵەنگاری دروست دەکەن، بەتایبەتی لەسەر پرسەکانی وەک یەکسانی لە میراتدا، کە وەک بارمتەی لێکدانەوە کۆمەڵایەتییەکان دەمێنێتەوە نەک ئاینیەکان.

 

ڕوونیشیکردەوە، بارودۆخی ئێستا پێویستی بە درێژەدان بە خەبات هەیە بۆ گۆڕینی یەکسانی لە دروشمەوە بۆ پراکتیزەیەکی بەرجەستە، سەرەتا لە بنەماڵە و درێژبوونەوە بۆ پەرلەمان.

یەکسانی داواکارییەکی ژن نییە، بەڵکو مەرجێکە بۆ کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر

کەلسوم موستەقیم، چالاکوانی سیاسی و مافی مرۆڤ لەوە زیاتر دەڕوات و یەکسانی لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی فراوانتردا دادەنێت، یەکسانی تەنها پرسێکی ژنان نییە، بەڵکو ئاڵەنگاریەکی گشتگیری مرۆڤە، هیچ کۆمەڵگەیەک بەبێ دادپەروەری کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە ناتوانێت پێشبکەوێت، یەکسانی یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی.

 

لەم پێوەندییەدا نیگەرانی خۆی لە دابەزینی بەشداریی دامەزراوەیی لەگەڵ پرسەکانی ژنان دەردەبڕێت، ئێمە لەسەر ڕێگایەکی ئومێدبەخش بووین، بەڵام ئەمڕۆ ڕووبەڕووی خاوبوونەوەیەکی ڕوون لە سیاسەتە گشتییەکان، نەبوونی دیدگایەکی هەمەلایەنە دەبینەوە کە هاوسەنگ بێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکان  وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی ژنان بێت.

 

جەختی لەوە کردەوە کە گۆڕانکاری نابێت تەنها لە یاساداناندا سنووردار بێت، بەڵکو دەبێت پەروەردە و ڕاگەیاندن و تێڕوانینە کولتوورییەکان لەخۆبگرێت و وەربگێڕدرێت بۆ سیاسەتی کۆنکرێتی کە بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردن بێت نەک بەردەوامکردنی، ئێمە دەمانەوێت یاسای دادپەروەرانە ڕەگیان لە ڕاستیدا بێت، لە خەڵکەوە نزیک بێت، کە یەکسانی ئیمتیاز نییە، بەڵکو مافێکە، هەروەها دەروازەی ڕاستەقینەی بنیاتنانی مەغریبێکی دیموکراتییە کە ڕێز لە هەموو کچ و کوڕەکانی بگرێت.


         


        

ساتێکی تاقیکردنەوە

ئەسما ئەمرانی، ناوەندی کرێکاری و چالاکی مافی مرۆڤ، ساتی ئێستا بە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ ڕادەی پابەندبوونی دامەزراوەکان بە پرسی ژنان دەزانێت، هەستێک لەناو تەڤگەری ژناندا لە گەشەکردندایە کە ئێمە دۆخێکی دابەزین بەخۆیەوە دەبینین، ئەمە ساتێکی یاسایی سەرەکییە کە پێویستی بە بوێری هەیە نەک کۆدەنگییەکی سیاسی سارد.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە ژنان داوای ئیمتیازات ناکەن، بەڵکو داوای کەرامەت و دادپەروەری دەکەن، هەر پاشەکشەیەک یان دەربازبوونێک لە ناوەڕۆکی چاکسازی، لەدەستدانی خەباتێکی درێژخایەن دەبێت، یەکسانی شتێکی لوکس نییە، بەڵکو بناغەی هەر دادپەروەرییەکی کۆمەڵایەتییە.

 

لە کۆتاییدا وتی: ناتوانین بەردەوام بین لە وەدەرنانی نیوەی کۆمەڵگە، ئەوەی پێویستە بە ڕاستی و ڕاستگۆیانە گوێ لە دەنگی ژنان بگرین، مافەکان لە دڵی هاوکێشەکەدا دابنێین نەک لە پەراوێزدا.

 

یەکسانی: گرەو دواخراو

لە نێوان پێشبینییە گەورەکانی پێداچوونەوەی یاسای بنەماڵەدا، زۆرێک لە ژنان ترسیان لەوە هەیە کە ئەم ساتەوەختە بگۆڕێت بۆ "هەلێکی لەدەستچوو" ئەگەر بزووتنەوە کۆنەپەرستەکان بە ڕوونی ڕووبەڕوو نەبنەوە، و ئەگەر یەکسانی لە دڵی پڕۆژەی کۆمەڵایەتیدا دانەنرێت نەک لە پەراوێزی خۆیدا. یەکسانی تەنیا بابەتی دەقە یاساییەکان نییە، شەڕێکی کولتوورییە کە لە ماڵەوە تا خوێندنگە، لە میدیاوە تا دەسەڵاتی دادوەری درێژدەبێتەوە.

 

شەڕێکە بۆ شکاندنی بێدەنگی و گۆڕینی بیرکردنەوە و نوێکردنەوەی گوتار و کردنەوەی دەرگای دادپەروەری و هەل بۆ ژنان.