یەنار محەمەد: دەبێت ئەو یاسایانەی ڕێگە بە کوشتنی ژنان دەدەن بگۆڕدرێن

یەنار محەمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادی ژنان، بە کردنەوەی دۆسیەیەک لە دادگای فیدراڵی بۆ گۆڕینی ئەو یاسایانەی کە ڕێگە بە کوشتنی ژنان دەدەن بە ناوی شەرەفەوە، گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگی خەباتی فێمینیستی لە عێراقدا.

غوفران ئەلڕازی

 

بەغدا- سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادی ژنان، یەنار محەمەدی ٦٢ ساڵ، ، بەشی تەلارسازی خوێندووە و لە زانکۆی بەغدا ماستەری تەواوکردووە، لە ساڵانی نەوەدەکاندا دەستی بە خەباتی فێمینیستی کردووە و ڕێکخراوی ئازادی ژنانی دامەزراندووە، یەنار محەمەد بە کردنەوەی دۆسیەیەک لە دادگای فیدراڵی بۆ گۆڕینی چەند یاسایەک کە ڕێگە بە کوشتنی ژنان دەدەن لەسەر بنەمای شەرەف قۆناغێکی گرنگی خەباتی فێمینیستی لەعێراقدا بەرەوپێش بردووە.

 

"زۆرترین ژن لە توێژی ناوەند و هەژار ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە"

یەنار محەمەد ئاماژەی بەوەدا کە سەرەتای پەیوەندیان لەگەڵ ژنان لە ڕێگەی بانگەشەی پەروەردە و فێربوونەوە بووە بۆ ئەوەی ژنان نەکەونە ژێر زوڵم و ستەمی پیاوەوە وتیشی: "دەبینین کە زۆربەی ژنانی کرێکار لە چینە ناوەند و هەژارەکانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و زۆرداری دەبنەوە، ڕێکخراوی ئازادی ژنان دروشمەکان دەگۆڕن بۆ چالاکی لە بوارە جیاوازەکاندا، ئەو ڕێکخراوانەی بۆرژوازیانە سەیری بابەتەکە دەکەن تراژیدیای ژنان دەکەنە ئاهەنگ، ئێمە پێویستمان بە هەوڵی دروستە بۆ ڕزگارکردنی ژنان لەو یاسایانەی کە ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە، کارمان بۆ ئەو ژنانەیە کە لەژێر باری ئەو زوڵم و ستەمدان و هەوڵ دەدەین دۆخی سەختی ژیان و کێشە یاساییەکان چارەسەر بکەین".

 

سەرۆکی ڕێکخراوی ئازادی ژنان ئاماژەی بەوەدا کە توانیویانە زیاتر لە ١٥٠٠ ژن لە دۆخە جیاوازەکاندا ڕزگاربکەن و کێشە خێزانییەکان، هەڕەشەی کوشتنەکان و مەترسییەکان چارەسەر بکەن تا ژنان بتوانن ژیانێکی پارێزراو تریان هەبێت، دەشڵێت: داواکاریمان پێشکەشکردووە بۆ  هەموارکردنەوەی مادەی ٤٠٩ کە ڕێگە بە کوشتن بە ناوی شەرەفەوە لەلایەن هاوژین، باوک، برا یان خزم دەدات، هەروەها هەموارکردنەوەی مادەی ١٢٨ کە پەیوەندی بە کەمکردنەوەی سزای بکوژ هەیە، لە عێراقدا یەکەمجارە کە ڕێکخراوێکی فێمینیستی داواکاری گۆڕینی ئەو بڕگە یاساییانە بکات کە ڕێگە بە کوشتنی ژنان دەدەن، دۆسیەکەش گەیەندراوەتە سەرۆکی پەرلەمان و کاتی ئەوە هاتووە ڕێگە نەدەین بکوژ بێ سزا بمێنێتەوە

 

ت.پ