ڤالێنتینا عەبدۆ: دەبێت مافی ژنان لە دەستووری سووریادا مسۆگەر بکرێت
ڤالێنتینا عەبدۆ هاوسەرۆکی ئۆفیسی پەیەدە باسی لە ڕۆڵی ژنان لە دەستووری سووریا کرد و دەڵێت: پێویستە مافی ژنان لە دەستووری نوێدا پارێزراو بن و ڕۆڵیان لە ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیکدا بێت.
نەغم چاچان
قامیشلۆ- لەناو داواکارییەکان بۆ یەکسانی و مسۆگەری دەستوری بۆ پاراستنی مافەکان، ژنانی سووریا دووپاتیانکردەوە، کە دەبێت ڕۆڵیان هەبێت لە بونیادنانی داهاتووی سووریا، و بڕیاردەر بن.
ڤالێنتینا عەبدۆ، هاوسەرۆکی ئۆفیسی ڕێکخراوی پەیەدە سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە دەستووری سووریا بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
ڤالێنتینا عەبدۆ سەرنجی بۆ ئەو ڕێککەوتنە ڕاکێشا کە لە ٢٩ی کانوونی دووەمی لە نێوان هێزەکانی قەسەدە و حکومەتی کاتی واژو کرا و بەم شێوەیە دەستی بە وتارەکەی کرد: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت سووریا بە بارودۆخی هەستیار و گۆڕانکاری مێژووییدا تێدەپەڕێت، هەروەها ئەو ڕێککەوتنە لە کاردایە و بڕگەکانی جێبەجێ دەکرێن، ڕاستە، هەنگاوەکان درەنگ دەگیرێن، بەڵام هەنگاوی ئەرێنین، بە تایبەت لە ڕووی گەڕانەوەی دیل و کۆچبەرانەوە.
ژنان پێویستە ڕۆڵیان هەبێت لە ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیکدا
ڤالێنتینا عەبدۆ ئاماژەی بەوەدا، کە لە دەستووری نوێی سووریادا مافەکانی ژنان پێویستیان بە پارێزراویە و وتی: لە پرۆسەی نوێدا ڕۆڵی ژنان وەک جاران نەدراوەتەوە، ئەقڵیەتێکی ڕەق جێبەجێ دەکرێت، ئەگەر ئەم ئەقڵیەتە بەردەوام بێت، مەترسی لەسەر پڕۆژەی ژنان دروست دەبێت، ژنان لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە تا ئەمڕۆش لە هەموو بوارەکاندا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە، دەبێت لە ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک و پرۆسەی نوێدا ڕۆڵیان هەبێت، مافەکانی ژنان لە دەستووری نوێی سووریادا پێویستیان بە پاراستنی هەیە، لە ئەزموونە مێژووییەکانی سووریادا، مافی ژنان بە شێوەیەکی فەرمی دراوە، مافی بڕیاردانیان نەبووە، بۆیە ژنان مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە جارێکی دیکە بەهۆی سنووردارکردنی پاشەکشەوە سنوردار بکرێن.
سیستمە هەنووکەییەکان ترسیان لە پەرەسەندنی دەسەڵات و ئیرادەی ژنان هەیە
ڤالێنتینا عەبدۆ جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە لە دەستوور و داهاتووی سووریادا مافەکانی ژنان بە ڕوونی بخرێنەڕوو و دەستەبەر بکرێن و وتی: سیستەمەکانی ئێستا ترسیان لە گەشەسەندن و دەسەڵات و ئیرادەی ژنان هەیە، چونکە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بە پێشەنگایەتی ژنان بونیاد دەنرێت، ئەو ئەزموونەی کە ١٥ ساڵە لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام دەدرێت، نموونەیەکە بۆ جیهان، ژنان لە هەموو بوارێکدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو، بەتایبەت لە سیستەمی هاوسەرۆکایەتیدا ژنان ئیرادەیان هەیە، سووریا دەتوانێت سوود لەو ئیرادەیە وەربگرێت، هەروەها پێویستە ئەم دەستکەوتانە لە دەستووری سووریادا مسۆگەر بکرێت، ژنان لە هەموو پێکهاتەکانەوە دەبێ درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن تا ئەو کاتەی مافەکانیان لە دەستووری نوێی سووریادا بەدەست دەهێنن.
پرسی ژنان بنچینەییە
ڤالێنتینا عەبدۆ دووپاتی کردەوە. کە پێویستە ژنان لە هەموو بوارەکاندا درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن و وتی: ئەگەر کێشەکانی ژنان چارەسەر نەکرێن، کێشەکانی کۆمەڵگەش چارەسەر نابن، چونکە کێشەکانی ژنان بنچینەییە، کێشەی هەموو ژنان وەک یەکن، پێویستە هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن و ژنان هێز و خەباتی خۆیان یەکبخەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە هەموو بوارەکاندا خۆیان نیشان بدەن و ئازادی و بوونیان لە سووریا مسۆگەر بکەن.
نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەمانی سووریا کەمترە لە ١٢٪
ڤالێنتینا عەدبۆ ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ژنان لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی سووریادا جێگەی خۆیان بگرن و هەروەها نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەمانی سووریا کەمترە لە ١٢٪ و بەو شێوەیە نییە کە خوازراوە، ئەم ڕێژەیە زۆر کەمە بە بەراورد بە چالاکیی و دەستکەوت و کار و هەوڵی ژنان، پێویستە ژنان بەشداربن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی سووریادا، پێویستە نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەماندا یەکسان بێت بۆ ئەوەی سیستەمێکی دیموکراتیک لە سووریا دابمەزرێت.
دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان لە دەستووری سووریادا زۆر گرنگە
ڤالێنتینا عەبدۆ جەختی لەوە کردەوە، کە ژنان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە دروستکردنی دەستووری نوێی سووریا و وتی: کاتێک مافەکانی ژنان لە دەستووری سووریادا بە ڕوونی مسۆگەر دەکرێن، ژنان ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕن لە هەموو دامەزراوەییەکان، کەرتی کارگێڕی و پەرلەمانی، چونکە ژنان مافی یاسایی و سیاسییان دەبێت و لەهەمانکاتدا خەباتێکی بێهاوتای بەڕێوەدەبەن و درێژەدان بە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان دەدەن، لەسەر ئەم بنەمایە، دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان لە دەستووری سووریادا زۆر گرنگە.
هەڵمەتێک بۆ پشتیوانی یەپەژە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد
ڤالێنتینا عەبدۆ ئاماژەی بەوەدا، کە یەپەژە شۆڕشی ڕۆژئاوای پاراستووە و بووەتە ئیرادەی ژنان و پێویستە هەموو ژنانی جیهان پشتیوانی یەپەژە بکەن، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ژنان نیگەرانن لەو یەکگرتنەی کە ڕوودەدات، مافی ژنان نەک هەر لەڕووی دامودەزگا و کارگێڕیەوە نادرێت، بەڵکو لەڕووی سەربازیشەوە نادرێت، لە شۆڕشی ڕۆژئاواوە تا ئەمڕۆ، بە پێشەنگایەتی یەپەژە دەستکەوتی زۆر بەدیهاتووە، هەروەها پلاتفۆرمی کردەوەی هاوبەشی تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان لە ٢٦ی نیسان هەڵمەتێکی دەستپێکرد و تا ئەو کاتەی یەپەژە لە دەستووری نوێی سووریادا قبوڵ دەکرێت، درێژە بەو هەڵمەتە دەدات چونکە یەپەژە نوێنەرایەتی هێز و ئامادەبوون و ئیرادە و نوێنەرایەتی هەموو ژنانی جیهان دەکات، یەپەژە دژی داعش شەڕی کرد و هەموو جیهانی پاراست.