تورکیا و چەکی کیمیایی، پەیوەندییەک بۆ لێکۆڵینەوە
پەیوەندی تورکیا لەگەڵ چەکی کیمیایی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٩٠، هەموو جیهانیش دەیەوێت لێکۆڵینەوە لە داتاکان بکات لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا.
سارە دەنیز
ناوەندی هەواڵ- بەدرێژایی مێژوو گازە کیمیاییەکان کە لەلایەن دەوڵەتەکانەوە لە شەڕەکاندا بەکارهێنراون یەکێک بووە لە کاریگەرترین چەکەکان کە کۆمەڵکوژی لێکەوتووەتەوە و دڕندەترین کوشتار بووە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
پەیماننامەی چەکی کیمیایی (CWC) لەلایەن دەوڵەتانەوە ئامادەکراوە بە پەیماننامەی کۆنتڕۆڵکردنی چەک دادەنرێت و بەرهەمهێنان و کۆکردنەوە و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی قەدەغە دەکات، لە ١٢ی ئایاری ١٩٩٧یشدا دەوڵەتی تورکیا بووە بەشێک لەو پەیماننامەیە کە لە ساڵی ١٩٩٣ ڕاگەیەندرا.
تورکیا لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و بەتایبەت لە ئۆپەراسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەو بۆنەیەشەوە ژنانی دیاری جیهان لە نامەیەکدا داوایان لە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (OPCW) کرد کە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و لێکۆڵینەوە لە دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکەوە بکات، بۆ ئەمەش ٦٥ واژۆ کۆکراوەتەوە، لە پێشتریشدا چەندین وتراوە کە تورکیا چەکی کیمیایی بەکاردێنێت، هەروەها پەرلەمانتارانی چەند وڵاتێک یاداشتیان ئاراستەی حکومەتەکانیان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە.
پشتر ئاماژە بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کراوە
لە ساڵی ٢٠١٩دا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە پسپۆڕانی چەکی کیمیایی زانیاریان لەسەر ئەو دەنگۆیانە کۆکردووەتەوە کە هێزەکانی تورکیا فسفۆری سپییان دژی منداڵان بەکارهێناوە، بەڵام تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە کە دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکە چۆن بووە.
ئیلهان عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوای لێکۆڵینەوە کرد، کە ئایا چەکی کیمیایی لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بەکارهێنراوە یان نا، پارتی چەپی ئەڵمانیا دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە ئۆپەراسیۆندا خستە بەرنامەی کاری پەرلەمانی ئەڵمانیاوە، لە ئیتالیاش پەرلەمانتار ئاراسمۆ پالازوتوو لیستێکی پرسیاری سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی پێشکەشی پەرلەمانی ئیتالیا کرد، هەروەها ڕاگەیاندنەکانی جیهان باس لە بەکارهێنانی چکی کیمیای دەکەن لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، بە نمونەش وتارەکەی ڕۆژنامەی تایمز.
بانگەشەکان دژی تورکیا نوێ نییە
دوای هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، بەهۆی بوونی بەڵگە لەسەر تەرمی بریندارەکان بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەرکەوت، شارەزایان سەرنجیان ڕاکێشایە سەر هاوشێوەبوونی کاریگەریەکان و نیشانەکانی چەکی کیمیایی قەدەغەکراو و بەتایبەتییش داوایان لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کرد لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر بابەتەکە ئەنجام بدەن، یەکەمجاریش نییە کە دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بڵاودەبێتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لقی ئامەد، لە ساڵی ٢٠١١دا ڕاپۆرتی چەکی کیمیایی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە ساڵانی ١٩٩٤-٢٠١١ کرد کە بەرامبەر پارتی کرێکارانی کوردستان چەکی کیمیایی بەکارهاتووە، بەتایبەتی باسی لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کرد لەدوای ساڵی ١٩٨٤ەوە کە بە شێوەیەکی سیستماتیک و لە قۆناغی ململانێدا بەڕێوەبراوە بە شەڕێکی مەترسیدار پێناسەی کردووە.
سەرەتا لە ساڵی ١٩٩٠دا دەرکەوت
بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە ئەنجامی پرۆسەی ململانێکاندا سەریهەڵدا، یەکەمجار ١٩٩٤دا شەڕی دژی پەکەکە بەکارهێنرا، لەگەڵ ئەوەشدا دەوترێت بەهۆی بارودۆخەوە نەتوانراوە بەڵگەی ڕاست و دروست بەدەستبخرێت لەلایەن دامەزراوە سەربەخۆکانەوە.
٤٣٧ کەس بەهۆی چەکی کیمیاییەوە گیانیان لەدەستداوە
بەپێی ڕاپۆرتەکان لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ٤٣٧ کەس گیانیان لەدەستداوە، ٤٦ جار چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی بەکارهێنراوە، زانیارییەکانیش بەم شێوەیەیە:
* بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی شەڕڤانان: ٣٩
* دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی سروشت و ژینگە: ٥
* دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی بایۆلۆجی: ٢
* ژمارەی کوژراوەکان لەئەنجامی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی: ٤٣٧
ژمارەی ئەو ئاژەڵانەی لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییدا کوژراون: ١٣٤
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین بەڵگە ئاماژەیان بە چەکی کیمیایی کردووە و داوای لێکۆڵینەوەیان کردووە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤ (ÎHD) لە کارەکانیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر تۆمەتە بەهێزەکانی بەکارهێنانی چەک لە هێرشەکان لە بەروارە جیاوازەکاندا.
نموونەکانی بەکارهێنانی چەک
بەپێی ڕاپۆرتێک کەلە تاقیگەی تاوان لە ئەڵمانیا ئامادەکراوە، ئاماژەبەوە دەدات کە ٢٠ گەریلای پەکەکە لە شەڕ و پێکدادانەکانی ڕۆژی ١١ی ئایاری ١٩٩٩دا لە نزیک گوندی بالیکایا-ی سەر بە ناحیەی سلۆپی لە پارێزگای شرناخ، بە چەکی کیمیایی گیانیان لەدەستداوە، ماددەکەشی پێکهاتووە لە تۆبۆن، کە پێکهاتووە لە گازی کیمیایی، ماددەی کیمیایی و بکوژ.
یەکێکی دیکە لە نمونەکان، تەرمی بەدران کایا، گەریلای پەکەکەیە کەلە ٣١ی تەمووزی ٢٠١١دا لە ناوچەی شەمزینانی جولەمێرگ لە شەڕێکدا گیانی بەخشی، بەدران هیچ ئاسەوارێکی فیشەک بە جەستەیەوە نەبوو، بە وتەی ئەو کەسانەی کە تەرمەکەیان شۆردووە، پارچەکانی لەشی ئەو شەهیدە لەکاتی شۆردنیدا دەکەوتە سەرزەوی کە گومانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دروستکردووە.
"چەکی کیمیایی لە جزیرە بەکارهاتووە"
داتای دروست لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە ساڵی ٢٠١٦ بەدەستهێنراوە، کە ئاماژە بە جەزیرە لە باکوری کوردستان دەکات وەک یەکێک لەو شوێنانەی لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆدا چەکی کیمیایی تێدابەکارهێنراوە دوای ئۆپەراسیۆنەکان، ڤیگەن یۆکسەکداغ، هاوسەرۆکی هەدەپە، بەدواداچوونێکی پێشکەش بە کۆمسیۆن کرد، گومانی خۆی لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەربڕی.
لەو کاتەدا فەیسەڵ ساریەڵدز، نوێنەری پارتی دیموکراتی گەلان بوو لە شرناخ، نامەیەکی ئاراستەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا کرد و داوای لێکۆلینەوەیان لەسەر جەزیر کرد، تێیدا نوسرابوو کە سەربازەکان چەکی کیمیایی و سوتێنەریان بەکارهێناوە.
لە نامەکەیدا فەیسەل نووسیویەتی: "ڕاپۆرتی توێکاری ئاماژە بەوەدەکات کە تەرمی چەندین کەس کە گیانیان لەدەستداوە سوتاون یان ڕزاون، لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆشدا کە ٦٤ ڕۆژی خایاند لە جەزیرە، توێکاری بۆ ٨٠ کەسی ناسراو و ١٢٩ کەسی دیکەش کە نەناسراون کراوە".
پزیشکەکانی عەفرین ئەمەیان پشتڕاست کردەوە
ڕوانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی تورکیا لە سەرەتای هێرشەکانیدا بۆ سەر عەفرین بۆمبی ناپاڵمی بەکارهێناوە، بەرپرسانی هەرێمییش ڕایانگەیاند، کە بەڵگەیان هەیە و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە لێکۆڵینەوە بکەن و دژی دەوڵەتی تورک هەڵوێست وەربگرن، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر گوندێکی عەفرین شەش هاوڵاتی برینداربوون پزیشکەکانی گوندەکە جەختیان لەوەکردەوە کە بریندارەکان هەناسەیان تەنگ بووە و بیلبیلەی چاویان فراوان بووە کە ئاماژەیە بە چەکی کیمیایی.
چۆن بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەستنیشاندەکرێت؟
شارەزایان بەدوای سێ جۆر بەڵگەدا دەگەڕێن لەو شوێنەی کە چەکی کیمیایی تێدا بەکارهێنراوە: بەڵگەی ژینگەیی، بەڵگەی پزیشکیی و بەڵگەنامەکان.
بەڵگەی ژینگەیی، لەوانەیە پاشماوەی چەک و نمونەی خاک و پارچەی کۆنکریتی بیناکان بێت.
بەڵگەی پزیشکی، زیندەوەر، خوێن و میز و نمونەکانی قژ لەخۆدەگرێت.
نموونە دۆکیومێنتکراوەکان بریتین لە لێدوانەکانی شایەتحاڵ، تۆمارکردنی ڤیدیۆ و ئەو بەڵگانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێتەوە،
بە وتەی شارەزایان، گەیشتن بە کوژراو و بریندارەکان زۆر گرنگە چونکە ئەوان باوەڕپێکراوترین و سەرچاوەی توێژینەوەی پزیشکی بایۆمیکالن لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، یەکێک لە بەڵگە گرنگەکانیش تەرمەکانن.
ت.پ