بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەبێتە هۆی زیاتر بوونی توندووتیژی

چالاکوانانی ژنان بە پێویستی دەزانن بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بە هاوکاری ڕێکخراوەکان، یاساییەکان، چالاکوانان بە دواداچوون و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت چونکە هۆکارە بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکان دژ بە ژنان.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە-  بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق ناڕەزایەتی لێکەوتوەتەوەو ژنان پێیان وایە کە ئەمە دەبێتە هۆی زیادبوونی توندووتیژی دەروونی و جەستەی و پاشان پەل دەکێشێت بۆ توندووتیژی کۆمەڵایەتی و تێکچوونی شیرازەی خێزانەکان بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری. 

 

"ئەم بریارە دەبێتە هۆی کۆیلەکردن و بەستنەوەی ژن"

بەهار مونزیر سەرپەرشتیاری گروپی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی، باسی لەوە کرد بڕیارەکە تەنها لە سەر ئاستی کوردستان نا بەڵکو لەسەر ئاستی عیراقیش دەبێتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان چونکە بەستنەوەی ژنان و بە کۆیلەکردنیەتی، کاتێک پیاوێک جارێکی تر هاوسەرگیری دەکات ژنەکە مافی داواکردنی جیابوونەوەی نیە و لە پەیوەندییەکدا دەیهێڵێتەوە کە خۆی پێی باش نیە.

وەک بەهار مونزیر باسی دەکات، لە ئەزموونەکانی خۆیان چەندین ژن ڕووی لە ڕێکخراوەکان کردووە لەسەر ئەوەی کە هاوسەرەکانیان ژنی دووەمی هێناوە و داوای  جیابوونەوەیان کردووە، وتی: " ئەگەر بێت و نەیەینە دەنگ لە سەر ئەم بابەتە ئەوە ئەو دەسکەوتانەی ژنان و بزووتنەوەی ژنان بەدەستیان هیناوە لێیان دەسەندرێتەوە."

 

پیاوەکان دەچن لە سەر ناوچەکانی سەر بە حکومەتی عیراق ژن مارە دەبرن

بەهار مونزیر ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم بریارە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێنەکراوە، بەڵام ئەم بریارە کۆمەڵێك بەهانە زینوودەکاتەوە یەکێک لەوانە ئەوەیە کە پیاوەکان دەچنە ناوچە دابراوەکان ژنەکانیان مارە دەبری چونکە واژووی ژنی یەکەمی ناوێت.

 ئەم چالاکوانە پێی وایە بەمجۆرە بەهانەکەیان زۆرتر فراوان دەبیت و ڕێگەکەیان بۆ ئاسان دەکرێت و توندووتیژیەکان بۆ سەر ژنان زیاتر دەبێت و یاسایەکی پیاو سالاری زیاتر دەخولقێنێت.

 

ئەم بریارە بۆ ئەم سەردەمە زۆر نەگونجاوە

بەوتەی بەهار مونزیر ژنانی ئیستا ژنانێکی زیرەک و بەهیزن و لە سەرجەم کایەکانی ژیان بەشدارن و پێویستە بەهەموو رێکخراوەکان و یاساییەکان و دادگاکان هەڵوێستیان هەبێت و بە وردی بە دواداچوونی بۆ بکەن و خوێندنەوەی لەسەر بکەن لەگەڵ رێکخراوەکانی عیراق بۆئەوەی ڕوونیبکەینەوە کە یاساکە چ دەرهاویشتە و ڕەنگدانەوەیەکی لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت.

 

ئەم یاساییە توندووتیژیەکان زیاتر دەکات

دڵسۆز زەنگەنە، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی دابین و چالاكوان ئەم بریارەی بە شێوەیەکی مەترسیدار بینی و وتی: " ئەم یاسایە زیادبوونی توندوتیژییە بەرامبەر ژنان چونکە مافی ژنە وەک پیاو بە جیا لەگەڵ هاوسەرەکەی بژی، پێویستە چاو کراوەبین چونکە بەهۆی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی ئێمە ئەم بریارە هەڵوەشانەوەی خێزانی بەدواوەیە چونکە ئەگەر ئەم بڕیارە جێبەجێبکریت ئەوا مەترسییەکان زیاتردەبن و داواکارین دادگای فیدراڵی و حکومەتی هەرێم هاوکاری ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان بن تاوەکو بتوانن یاسایەک دابڕێژن مافی ژنان بپارێزیت.