جانسو شەکەرجی: پڕۆژەی هەمووارکردنی یاسای پاراستنی منداڵ لە تورکیا جەخت لەسەر سزاکردن دەکاتەوە نەک پاراستن
پڕۆژەی هەموارکردنی یاسای پاراستنی منداڵ لە تورکیا کاردانەوەیەکی فراوانی لەنێوان یاساناسان و چالاکواناندا لێکەوتووەتەوە، لە ناو هۆشداری لەوەی کە هەندێک لە ماددەکان ڕەنگە ببنە هۆی توندترکردنەوەی ڕێبازی سزادان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو منداڵانەی تۆمەتبارن.
ئەلیف ئاکگۆڵ
ئیستەنبوڵ ـ لژنەی دادوەری لە پەرلەمانی تورکیا ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەیاسایەک دەربڕی کە چەند هەمووارکردنێک لەخۆدەگرێت بۆ یاسای پاراستنی منداڵ و چەند یاسایەکی تری پەیوەندیدار بەو منداڵانەی کە پاڵدەنرێن بۆ ئەنجامدانی تاوان، چاوەڕوان دەکرێت پڕۆژەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پێشکەش بە کۆمەڵەی گشتی پەرلەمان بکرێت بۆ دەنگدان لەسەری.
بەپێی پڕۆژەکە، سزاکان بۆ ئەو منداڵانەی تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ١٨ ساڵدایە لە هەندێک تاوانی قورسدا توندتر دەکرێن، وەک کوشتنی بەمەبەست و بریندارکردن کە دەبێتە هۆی مردن یان لەکارکەوتنی هەمیشەیی، چونکە دەسەڵات دەدرێت بە دادوەر کە سوود لە کەمکردنەوەی ئاسایی سزا بەهۆی بچووکی تەمەنەوە نەبینێت، هەروەها سنوورەکانی نزمترین و بەرزترین سزای زیندانیکردن کە بەسەر منداڵاندا سەپێنراون بەرز دەبنەوە.
هەروەها پڕۆژەکە بریتییە لە ئامادەکردنی پلانی دەستێوەردانی تاکەکەسی بۆ هەر منداڵێکی سزادراو، گواستنەوەی منداڵانی "ڕەفتاری باش" بۆ دامەزراوەکانی چاکسازی پەروەردەیی، سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە ئامێری تیژ و کونکەر بۆ منداڵان، سەپاندنی سزای زیندانیکردن بەسەر هەر کەسێکدا کە بە کەمتەرخەمی چەکی ئاگرین لە دەستی منداڵاندا بەجێبهێڵێت، ڕێگەدان بە بڕیارێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو منداڵانەی کە بە "مەترسیدار" دادەنرێت دامەزراوە.
لە بەرامبەردا، پڕۆژەکە ڕووبەڕووی ڕەخنەی یاساناسان و ئۆپۆزسیۆن بووەوە، کە پێیانوابوو ڕێبازی سزادان بەهێز دەکات لەپای وەبەرهێنان لە سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکان و ئامرازەکانی ڕاهێنانەوە کە ڕێگری لە گۆشەگیربوونی منداڵان بۆ ناو تاوان دەکەن، هەروەها هۆشداریان دا لەوەی کە پێدانی دەسەڵاتی مەزەندەی فراوان بە دادوەران ڕەنگە ببنە هۆی پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی منداڵان.
حوکمەت جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە ئامانجی پڕۆژەکە ڕێگریکردنە لە بەکارهێنانی منداڵان لەلایەن گروپە تاوانکارییەکانەوە، بەهێزکردنی ئاسایشی گشتی، کارا کردنی سیستەمی دادپەروەری هەرزەکاران.
"پڕۆژەیەک کە لە پڕۆژەکەی پێشوو سزادەرترە"
پارێزەر جانسو شەکەرجی، نوێنەری دۆسێی منداڵان لە زیندانەکاندا لەناو کۆمەڵەی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ سیستەمی جێبەجێکردنی سزاکان (CİSST)، ئاماژەیبەوەشکرد، کە پڕۆژەیەکی هاوشێوە لە ساڵی ڕابردوودا پێشکەش کرا، بەڵام ناڕەزایەتییەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بووە هۆی پێکهێنانی لژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی بۆ لێکۆڵینەوەی، وتی: لە نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە باس لە هەمووارکردنی سیستەمی دادپەروەری هەرزەکاران کراوە، لەو کاتەدا پڕۆژەیاسایەک لەناو پاکێجی دادوەری دەیەمدا پێشکەش کرا، بەڵام ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکاکانی پیشەیی ناڕەزایەتییان دەربڕی، بۆیە لە پاکێجەکە کشێنرایەوە، دوای ئەوەی ١٦٠ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆبوونەوە و داوای پێداچوونەوەیان کرد، بڕیار درا لژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی پێکهێنرێت، ئەوە هەنگاوێکی گرنگ بوو، چونکە لژنەکە زانیاری گرنگی پێشکەش کرد سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دادپەروەری هەرزەکاران و ڕێگریکردن لە تاوان و خۆشگوزەرانی منداڵان، بەڵام بەداخەوە، ئەو پڕۆژەیەی کە ئەمڕۆ لیژنەی دادوەری پەسەندی کرد، پاشگەزترە و سزادەرترە لەو پڕۆژەیەی کە ساڵی ڕابردوو پێشکەش کرا.
"هەمووارەکە دەرگا بۆ گۆڕینی چەمکی منداڵی دەكاتەوە"
ڕوونیکردەوە، کە مەترسیدارترین شت لە پڕۆژەکەدا ئەو هەمووارەیە کە پەیوەندی بە تەمەنی منداڵییەوە هەیە، چونکە سنووردار نییە بۆ هەندێک تاوان، بەڵکو دەستکاری خودی چەمکی منداڵی دەکات، لە مەترسیدارترین لایەنەکانی پڕۆژەکە ئەوەیە کە کەلێنێک لەناو سیستەمی پاراستنی منداڵیدا بە تەواوی دەكاتەوە، لیژنەی مافی منداڵی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاری بۆ تورکیا کردبوو کە بنەمای بە هەند وەرگرتنی هەر کەسێک کە تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵەوەیە وەک منداڵ لاواز نەکات، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین کە ئەم کەلێنە فراوانتر دەبێت، ئەگەر پڕۆژەکە پەسەند بکرێت، دەسەڵات دەدرێت بە دادوەر کە بڕیار بدات ئایا منداڵەکە وەک کەسێکی پێگەیشتوو مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت یان نا، ئەمەش زۆر مەترسیدارە، چونکە مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵێکدا کە تەمەنی لەنێوان ١٥ بۆ ١٨ ساڵدایە وەک کەسێکی پێگەیشتوو لە هەندێک تاواندا واتای وازهێنانە لە بنەمای زانستی بۆ چەمکی منداڵی و جێگۆڕکێکردنی بە مەزەندەی دادوەر، ئەوەش دۆخێکی نائارامی یاسایی دروست دەکات.
پرسیاری کرد، ئەگەر منداڵەکە بە بڕیاری دادوەر وەک کەسێکی پێگەیشتوو دادەنرێت، ئایا مافی دەنگدانیش پێدەدرێت؟ ئایا وەک کەسێکی تەواو شیاوی یاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت؟ ئایا دواتر وەک پێگەیشتوو دادەنرێت بۆ ئەوەی ڕێگەی پێ بدرێت هاوسەرگیری بکات تەنانەت ئەگەر ئەوە پێشێلکاری سێکسی بنوێنێت؟
"منداڵانی ناو زیندانەکان زیاتر گۆشەگیر دەبن"
جانسو شەکەرجی ڕەخنەی لە بڕگەکانى پڕۆژەکە گرت سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزاکان، بە کەمکردنەوەی ئەو مافە سنووردارانەی دانا کە منداڵان لە زیندانەکاندا هەیانە، وتی: لە ئێستادا منداڵی سزادراو، هەر تاوانێک بێت یان ماوەی سزاکە، بۆ خانەی پەروەردە دەگوازرێتەوە، بەڵام پڕۆژە نوێیەکە مەرجی ڕەزامەندی ئەنجومەنی ئاراستە و چاودێری بۆ ئەم گواستنەوەیە دادەنێت، ئەم ئەنجومەنانە جێگەی کاردانەوەن تەنانەت لە سیستەمی جێبەجێکردنی سزای تایبەت بە پێگەیشتووەکانیشدا، و کاردانەوەکە زیاتر دەبێت کاتێک بابەتی منداڵان دێتە ئاراوە.
جەختی لەوەکردەوە، کە دوای ئەوەی منداڵەکە بۆ چەند ساڵێک لەناو زینداندا دەمێنێتەوە، پرسیاری لێدەکرێت کە بۆچی چاوی بە خێزانەکەی ناکەوێت یان بۆچی ڕفتارە توندوتیژەکانی زیادی کردووە، لە کاتێکدا خودی دامەزراوەکە بەرپرسە لەو بارودۆخەی کە گەیشتووەپێی، لەوانەیە منداڵێک لە ئیسکی شەهیرەوە بۆ زیندانێک لە ئەنقەرا بگوازرێتەوە، پاشان نەبوونی سەردانی خێزانەکەی بۆی وەک خاڵێکی نەرێنی لە هەڵسەنگاندنی ڕفتاری چاکدا دابنرێت، بێ ئەوەی سەیر بكرێت سەختی گواستنەوەی خێزانەکە یان هۆکارەکانی لاوازی پەیوەندیە.
ئاماژەی بەوەدا، کە منداڵان رووبەڕووی سەختی گەورە دەبنەوە لە دەستگەیشتن بە پارێزەران منداڵەکە نازانێت چۆن تانە لە سزایەکی سەرپێچی بدات، بۆ کێ داوای گواستنەوە بنووسێت، چۆن ڕاپۆرتی تووشبوون بە توندوتیژی بدات، لەم بارودۆخانەدا، بەستنەوەی هەڵسەنگاندنی ڕفتاری چاک بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاراستە و چاودێرییەوە وای لێدەکات منداڵان زیاتر گۆشەگیر ببن و کەمتر توانای دەستگەیشتنیان بە مافەکانیان هەبێت.
"ئاسایش لە رێگەی زیندانەکانەوە چارەسەر ناکرێت"
پارێزەر جانسو شەکەرجی جەختی لەوە کردەوە، کە بەدیهێنانی ئاسایش لە سیستەمی دادپەروەری هەرزەکاراندا تەنها لەڕێگەی تیشکخستنە سەر قۆناغی زیندانەوە نابێت، بەڵکو لەڕێگەی بەهێزکردنی سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبێت کە ڕێگری لە توندوتیژی پێش ڕوودانی دەكەن، ئەگەر لە کاتی گەیشتنی منداڵەکە بۆ زیندان دەست بە باسكردنی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بکەین، ئەمە واتای ئەوەیە کە ئێمە پێشتر دواکەوتووین، ئەگەر نیگەرانییەک لەبارەی توندوتیژییەوە هەبێت، پێویستە پێش ڕوودانی تاوانەکە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە زیندانەکان کۆتا بازنەن لەم زنجیرەیەدا.
ڕوونیکردەوە، کە زیندانەکانی منداڵان ژینگەیەکی گونجاو بۆ پێداویستییەکانیان نیین وتی: پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی منداڵ ڕێنمایی دەکات کە سەندنەوەی ئازادی دەبێت کۆتا پەناگا بێت، لە تورکیا هیچ بەڵگەیەک نییە کە زیندانیکردنی منداڵان ئاسایش بەدی بهێنێت یان ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی تاوان بکات، چونکە دەستگەیشتن بە خوێندن سنووردارە، پەیوەندی لەگەڵ خێزان سنووردارە، پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنییش سنووردارە، لە سایەی گۆشەگیری و فەرهەنگی توندوتیژی لەناو زیندانەکاندا، زیندان بە چارەسەرێک بۆ کێشەی ئاسایش دانانرێت.
لە کۆتاییدا قسەکانیدا، پارێزەر جانسو شەکەرجی، نوێنەری دۆسێی منداڵان لە زیندانەکاندا لەناو کۆمەڵەی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ سیستەمی جێبەجێکردنی سزاکان (CİSST)، وتی: لە ساڵی ڕابردوودا ١٦٠ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی بانگەوازیان کرد بۆ ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیرتر، لەسەر ئەوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی پێکهێنرا، ئەمڕۆ ئێمە پێویستمان بە سیستەمێکی دادپەروەرییە کە منداڵ لە ناوەنددا دابنێت، بە دووبارە داڕشتنەوەی پڕۆژەیاساکە بەپێی دیدگایەکی گشتگیر کە مافەکانی منداڵان و پێداویستییەکانیان لەبەرچاوبگرێت، لە جیاتی تیشکخستنە سەر سزاکردن.