نەجات زەموری: پێشێلکاری لە ڕۆژئاوا پێشێلکارییەکی گەورەی یاسا و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانە

توندوتیژی دژ بە ژنان لە زۆرێک لە ناوچەکانی سووریا لەسەر دەستی حکومەتی کاتی و جیهادییەکان بەردەوامە، ئەمەش بێ بایەخکردنی ئاشکرای هەموو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە کە مافەکانی ژنان دەپارێزن.

نەزیهە بوو سەعید

 

تونس- لەگەڵ بەردەوامی پەرەسەندنی توندوتیژی و گۆشەگیری دژی ژنانی کورد بەتایبەتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەڵمەتەکانی شەرمەزارکردن و هاوپشتی لەلایەن فێمینیستەکان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان بەردەوامن، ئەم چالاکوانانە ڕووداوەکان بە تاوانێکی کەمتر لە قێزەون نازانن کە لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دژی ژنان ئەنجام دەدرێن.

 

لە چوارچێوەی هاوپشتی و پشتیوانی لە ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو پێشێلکاریانەی کە نزیکەی مانگێکە بەرگەی دەگرن، نەجات زەموری، چالاکوانی مافی مرۆڤ و جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی تونس بۆ داکۆکی لە مافی مرۆڤ، بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجە ناوچەیی و جیهانییەی کە بە پاشەکشە لە بنەما بنەڕەتییەکانی مافی مرۆڤ و هەژموونی ئایدۆلۆژیای سەرمایەداریی پیاوسالاری و ئیمپریالیستی تایبەتمەندە، هەژموون بەسەر گەلاندا، زۆر گرنگە کە ئێمە پشتگیری لە ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بکەین و بەهاوسۆزی لەگەڵدا بوەستین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، وەک چالاکوانێکی مافی مرۆڤ و فێمینیست، دووپاتی دەکەمەوە، ئەوەی کە ژنان لەم شوێن و دەوروبەریدا تووشی دەبن، پێشێلکارییەکی قورسی بنەماکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەکاتی ململانێدا پێکدەهێنێت، لە پێشەنگییاندا پابەندبوونەکانی دەوڵەتان لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەکانی جنێڤ و کارنامەی ژن و ئاشتی و ئاسایش وەک ئەوەی لە ئەنجومەنی ئاسایشدا جێگیرکراوە، هەروەها بڕیارنامەی ١٣٢٥ و بڕیارنامەکانی دواتر.

جەختیشی لەوە کردەوە، بە ئامانجگرتنی ژنان و خستنەڕوویان بۆ جۆرەها توندوتیژی ڕەگەزی یان دوورخستنەوەیان لە پرۆسەکانی بڕیاردان، ناتوانرێت بە کاریگەرییەکی لاوەکی شەڕ هەژمار بکرێت، بەڵکو بە پێشێلکارییەکی سیستماتیکییە کە پێویستی بە لێپرسینەوە هەیە، ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ژێر قورسایی ململانێیەکی چەکداریدا دەژین کە تێیدا بوونی کۆمەڵایەتی خۆیان وەک مەیدانی شەڕ بۆ ململانێ و هەژموون دەقۆزرێتەوە، ئەمەش بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی پاراستن و پارێزراوی و شکۆموندییان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخەکە تادێت مەترسیدارتر دەبێت بەهۆی نەبوونی میکانیزمی کاریگەر بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، بەتایبەتی بڕیارنامەی ١٣٢٥ کە پێویستی پاراستنی ژنان و منداڵانی کچ لە توندوتیژی لە شەڕە چەکدارییەکان و دەستەبەرکردنی بەشداریکردنی تەواو و کاریگەریان لە هەوڵەکانی ئاشتی و ڕێگریکردن لە ململانێکان دیاریکردوو، وتی: پشتگوێخستنی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە شکستی ئاشکرا و بەکۆمەڵ دەزانم لە جێبەجێکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییەکان و پاشەکشە لە بنەما بنەڕەتییەکانی مافی مرۆڤ و بەڵێنە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها لە یاسا نێودەوڵەتییەکان کە دەبێ بۆ هەموو لایەک جێبەجێ بکرێن.

 

''سروشتی هەڵبژێردراوی وتاری نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ''

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی لەو ناوچەیەدا ڕوودەدات سروشتی هەڵبژێردراوی وتاری نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ ئاشکرا دەکات، کە لە چەندین بۆنەدا دەستمان کردووە بە بینینی، دیارترینیان لەو کۆمەڵکوژییانەی لە غەززە ڕوویانداوە، هەروەها بنەماکانی پاراستن و دادپەروەری بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو و جیاکاری جێبەجێ دەکرێن، لەکاتێکدا ژنانی ناوچە جێناکۆکەکان بەبێ پاراستنی ڕاستەقینە و بێ لێپرسینەوە لە تاوانباران دەمێننەوە.

 

نەجات زەموری، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی تونس بۆ داکۆکی لە مافی مرۆڤ لە تونس جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە باسی ئەو پێشێلکاریانە بکرێت و لەگەڵ ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بوەستن، هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆمەڵگەی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مرۆڤدۆستیش دەبێت بە هاوسۆزیی لەگەڵیاندا بوەستین، سەرنجی پێکهاتەکانی دیکەی کۆمەڵگەی مەدەنی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ئەو ڕێکخراوانە ڕابکێشن کە بانگەشەی بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان دەکەن، هەروەها بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ بەگشتی.