مافی هیوا؛ پەیامێک بۆ ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

ڕووبار مەجید، مامۆستای بەشی یاسا دەڵێت: بە جێبەجێنەکردنی مافی هیوا، تورکیا پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ دەکات، پێویستە ژنان پێکەوە تێکۆشان بۆ مافی هیوا بۆ ڕێبەوەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکەن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی لە ناوەندی هەموو مشتومڕە سیاسی و یاسایییەکانی دەوروبەری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، چەمکێک هەیە کە بۆ زۆرێک لە کوردان لە سنووری داواکارییەکی یاسایی تێپەڕیوە و بووەتە هیوایەک بۆ چارەسەری کێشەیەکی مێژوویی؛ ئەویش "مافی هیوا"یە. باسکردنی ئەم مافە تەنها دۆخی یەک زیندانی ناگرێتەوە، بەڵکو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئایندەی پرسی کورد و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەکی ئاشتییانە بۆ ململانێیەکی دەیان ساڵە هەیە.

 

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ناوی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان زۆرجار لەگەڵ پرۆسەکانی ئاشتی و گفتوگۆی سیاسیدا هاتووەتە ئاراوە. چاودێرانی سیاسی پێیان وایە مافی هیوا تەنها پرسێکی یاسایی نییە، بەڵکو نیشانەیەکە بۆ ئەوەی دەرگای گفتوگۆ و چارەسەری سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێشتا دانەخراوە. لە ناوچەیەکدا کە چەندین دەیە بەدەست شەڕ و ناکۆکییە نەتەوەیی و سیاسییەکانەوە دەناڵێنێت، هەر هەنگاوێک بەرەو گفتوگۆ بە گرنگ دەزانرێت. لەبەر ئەوە، هەر گۆڕانکارییەک لە دۆخی ئۆجالاندا، وەک هیوایەک بۆ نزیکبوونەوە لە چارەسەرێکی دیموکراتی و دادپەروەرانە سەیر دەکرێت.

 

" هەبوونی مافی هیوا بۆ زیندانیان مافێکی نێودەوڵەتییە"

ڕووبار مەجید، مامۆستای بەشی یاسا لە زانکۆی سلێمانی قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: کرد کە بەگوێرەی مافە نێودەوڵەتییەکان و چەمکی مافی هیوا،هەموو زیندانییەک لە دوای ٢٠ ساڵ زیندانیکردن مافی ئازادبوون و هەبوونی هیوای ئازادی دەیگرێتەوە. مافی هیوا لە یاسای مافە جیهانییەکاندا بوونی هەیە؛ مافی هیوا لە دوای ٢٠ ساڵ بۆ زۆرێک لە زیندانیان بە ڕەوا دەبینرێت، هەبوونی مافی هیوا بۆ زیندانیان مافێکی نێودەوڵەتییە، واتە هەموو زیندانییەک لە پاش چەندین ساڵی دیاریکراو کە ٢٠ ساڵە دەتوانێت ئازادبێت. 

 

دۆسیەی یاسایی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و گۆڕانکارییەکانی سزاکەی

ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئێستادا هەبوونی مافی هیوا بۆ ڕێبەر ی گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، دەنگدانەوەی پێگەی گەورەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. وەک دەزانرێت، لە ساڵی ١٩٩٩دا لە ڕێگەی پلانگێڕیی دەوڵەتانی زلهێز و ئەمریکا، لە ڕێگەی دەوڵەتی کینیاوە دەستبەسەر کرا، ئەمەش بەبێ هەبوونی داواکاری گشتی یان داوای فەرمی دادگا بوو؛ واتە بەبێ بوونی بنەمای یاسایی، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستگیر کرا، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٣دا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام دەوڵەتی تورکیا تا بتوانێت هەنگاو بەرەو چوونە ناو یەکێتیی ئەورووپا بنێت، سزای لەسێدارەدانی هەڵوەشاندەوە و سزاکەی گۆڕدرا بۆ سزای زیندانی هەتاهەتایی. بەڵام لە هەمان کاتدا، تورکیا یاسای سزای هەتاهەتایی دووبارە هەموار کردەوە؛ تێیدا بڕیاری دا کە سزای زیندانیانی سیاسی و ئەوانەی بە خیانەتی نیشتمانی تۆمەتبار دەکرێن بکرێتە هەتاهەتایی تا مافی هیوا نەیانگرێتەوە. پاشان ڕێبەری گەلی کوردیان بە سزای تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسی دادگایی کرد. سەرەڕای ئەوەی بەگوێرەی مافە نێودەوڵەتییەکان مافی هیوا دەتوانێت ڕێبەر ئۆجالان بگرێتەوە، بەڵام تورکیا پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی تورکیا تا ئێستاش وەک ئەندامێک لە ئەنجومەنی ئەورووپادا هەیە و پێویستە هەر یاسایەک ئەوان دەری بکەن، جێبەجێی بکات. دەوڵەتی تورکیا بۆ جێبەجێکردنی بنەما نەتەوەیی و مرۆییەکان بەڵێنی بە ئەورووپا داوە، بەڵام ئێستا هەموو یاساکانی ناوخۆی لە دژی مافە نێودەوڵەتییەکانن.

 

پەوەندی نێوان مافی هیوا و پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکەدا

لە درێژەی قسەکانیدا، ڕووبار مەجید وتی: بوونی مافی هیوا گرێدراوە بە پرسی ئاشتییەوە. لە لایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە پرسی ئاشتی و پێکەوەژیان لە مێژە سەری هەڵداوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا تا ناچار نەبێت و ئاشتی و پێکەوەژیان و ئازادبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی لێ نەکەوێتەوە، مافی هیوا پەسەند ناکات، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە پرسی ئاشتی و پێکەوەژیاندا دەستپێشخەریی گرنگی ئەنجامداوە و لە لایەن پارتی کرێکارانیشەوە هەوڵ بۆ پرسی ئاشتی دەدرێت، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بۆ ڕێگریگرتن لە بەدەستهێنانی مافی هیوا لە لایەن کوردەوە و بەهۆی چەندین هۆکاری ترەوە، هەنگاو بۆ پرسی ئاشتی لە ناوچەکەدا نانێت. ئەم ڕێگرییانە مێژوویین لەبەرامبەر هەبوونی مافی هیوا و پرسی ئاشتی لە ناوچەکەدا. هاوكات، نەبوونی هەڵوێست و هەنگاوی پێویست لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنی یاسای هیوا و پێشێلکردنی یاساکانی مافی مرۆڤ لەلایەن تورکیاوە، وایکردووە تورکیا بەردەوام بێت لە پێشێلکارییەکانی. لە ئێستادا بڕیاری سیاسی بەسەر ڕێبەری کورد عەبدوڵا ئۆجالانمدا جێبەجێ دەکرێت، نەک بڕیاری مافەکانی مرۆڤ. ئەمەش لە کاتێکدایە کە مافەکانی مرۆڤ لە ڕووی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە لە بنەماکانی بابەتی و شەخسی پێکدێت؛ لە ڕووی بابەتییەوە هەموو مرۆڤێک مافەکانی مرۆڤ دەیگرێتەوە و جیاکاری ئەنجام نادرێت، لە ڕووی تاکەکەسی و شەخسیشەوە نابێت هیچ تاکێک لە یاسادا جیاکاریی بەرامبەر بکرێت.

 

تێکۆشانی ژنان و پێویستیی دروستکردنی لۆبی نێودەوڵەتی

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕووبار مەجید وتیشی: لە درێژەی هەڵمەتەکانی جێبەجێکردنی مافی هیوادا، زیاتر لە ٨٠٠ پارێزەر واژۆیان بۆ جێبەجێکردنی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامداوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پرسی ئاشتی و پێکەوەژیان دەبینرێت. هەروەها ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، وەک کارەکتەرێکی سەرەکی بۆ دەستکەوتەکانی مافی ژنان دەبینرێت؛ بەگوێرەی ئەو فەلسەفەی پێکەوەژیانەی ئەو پەیڕەوی دەکات، ژنان ڕۆڵی سەرەکییان هەیە، لەبەر ئەمەشە کە ژنان هەمیشە لە هەوڵی جێبەجێکردنی پرسی ئاشتی و هەبوونی مافی هیوادان. بۆ ئەم بابەتە، پێویستە ژنان لە ڕێگەی یەکگرتوویی و پێکەوەژیان لە تەواوی پارچەکانی کوردستاندا، بۆ پشتیوانیکردنی جێبەجێکردنی مافی هیوا کار و تێکۆشان ئەنجام بدەن. لە ئێستادا ژنان دەستکەوتی گرنگیان بەدەستهێناوە، هەبوونی زانستی "ژنۆلۆژی" و یەکگرتوویی ژنان دەتوانێت هەم پرسی ئاشتی و هەم مافی هیوا لەسەر بنەمای فکرو فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەدەست بهێنێت. ئەمەش پێویستی بە دروستکردنی لۆبییەکی گەورە و دەنگێکی بەهێز هەیە لەسەر ئاستی جیهان، تا دەوڵەتی تورکیا ناچار بە قبووڵکردنی مافی هیوا و پرسی ئاشتی بکات.