سەلما بەکار: یاسادانان بەس نییە بۆ پاراستنی دەستکەوتی ژنان لە تونس

بەڕێوەبەری نێودەوڵەتی تونس، کارکردن بۆ گۆڕینی عەقڵیەتەکان بە پێویستی دەزانێت بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان.

زهور مەشرەقی

 

تونس- ژنانی تونس ترسیان لە لەدەستدانی دەستکەوتەکانیان هەیە، کە دەرئەنجامی ململانێی قوڵی فێمێنستییەکان بوو، لەو پێناوەشدا چەندین زیانیان لێکەوتووە تا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی، تونس بە وڵاتی یاسادانانی فێمێنستییەکان ناوبراوە.

 

ترشی ژنان لە ئەنجامی هێرشی کۆنەپەرستانە و هاندانی لایەنە ئیسلامییەکان و تەنانەت چەپەکانیش، کە پێشتر حوکمڕانی وڵاتیان دەکرد، دروستبووە، هەروەها ئەو پارتانەی کە بازرگانی بە پرسی ژنانەوە دەکەن و باوەڕیان پێی نییە، تەنها لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیاندا وەک بابەتی فراوان بەکاریان دەهێنن، ترسەکەی قوڵتر کردووەتەوە.

 

ئیرادەی فێمینیستەکانی تونس لەسەر بنەمای خەبات و بەرخۆدان بۆ زیاتر ماف و جێبەجێکردنی یاساکان، وەک یاسای دژە توندوتیژی، بە شۆڕشگێڕانە دادەنرێت، چونکە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی لەخۆدەگرێت بە دیجیتاڵی و سیاسییەوە، تەنانەت لە وڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاواشدا لە یاساکانیاندا نەدۆزراوەتەوە.

 

سەلما بەکار، دەرهێنەری فیلم و باوەڕدارێکی داهێنەرانە لە پرسی ژنان ئاماژەی بەوەکرد، یاسای باری کەسێتی ڕاستەوخۆ دوای سەربەخۆیی دەرچووە و سەرکەوتنێک بوو بۆ ژنانی ناوچەکە، نەک تەنها تونسییەکان، بە پاڵنەرێک دادەنرێت بۆ داواکردنی مافەکانی ژنان.

 

ڕوونیشیکردەوە داواکاری مافەکان لە تونسەوە دەستیپێکردووە و فراوانتر بووە بەهۆی ئەو یاسایە گرنگانەی لەوکاتەدا دابنرێت، ئاماژەی بەوەشدا یاساکان بەتەنها بەس نین بۆ پیشاندانی مافەکانی ژنان و یەکگرتن، بەو پێیەی ئەمە پێویستی بە هۆشیاری کۆمەڵگە و کولتوورێکی گشتی هەیە، وا لە کۆمەڵگە پیاوسالارەکان بکات باوەڕیان بە ماف و ئازادی ژنان هەبێت.

 

لە کۆتاییدا سەلما بەکار وتی: ژنانی تونس ئاگادارن و خۆیان ڕادەست ناکەن و پێشێلکردنی  مافەکانیان قبوڵ ناکەن، لەگەڵ ئەوەشدا تێکۆشان و خۆپاراستن پێویستە بۆ ئەوەی هیچ دەستکەوتێک لەدەست نەدەین.