گوڵستان سەعید: دادگا سەربەخۆ نییە و ڕۆژنامەنووسان بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری سزا نادرێن

گوڵستان سەعید، چاودێری سیاسی، باسی لەوەکرد، کە لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەماندا چەندین ڕاپۆرتی لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕینەوە هەبووە، بەڵام دەسەڵات وەڵامی داواکارییەکان ناداتەوە.

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- سەرەڕای بوونی چەندین پەیمان و ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی واژۆ کراو لەبارەی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە لە جیهاندا، بەڵام پێشێلکردنی ماف و کاری ڕۆژنامەنووسی سەرەکیترین ڕۆژەڤەکانی جیهانە، کە لە ئاسیا تا ئەمریکا شوێنێک نییە ئەو پێشێلکارییەی تێدا نەکرێت، ڕێکخراوەکانی پەیوەست بەو لایەنەوە کار دەکەن تا ژینگەیەکی لەبارتر بۆ ژیان و ئازادی تاک بنیاد بنێن، بەڵام هەمیشە لەلایەن دەسەڵاتە باڵادەستەکانەوە ڕەت دەکرێتەوە و پێشێلکاری درێژە پێدەدەن.

 

هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو هەرێمانەی، پێشێلکاری مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕینی لە ئاستێکی بەرز دایە، چەندین ڕاپۆرتی نێودەوڵەتی باس لەوە دەکەن، کە دۆخی ڕۆژنامەنووسان و ئازادی ڕادەربڕین لە مەترسیدایە و چەندین ڕۆژنامەنووس بەهۆی کارەکانیانەوە دەستگیر دەکرێن و زیندانی دەکرێن، دیارترین نموونەش زیندانیانی بادینانە، کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا نزیکەی ١٠٠ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکران، هەندێکیان دوای زیاتر لە ساڵێکیان دۆسیەکەیان چووە دادگا و دادگاش دانیشتنەکانی بە بیانووی جۆراوجۆر دوادەخست.

 

شێروان شێروانی، ڕۆژنامەنووسی دەستگیرکراو، یەکێکە لەو نمونە بەرچاوانەی کە لە هەر دانیشتنێکی دادگادا، دادوەر بەبێ بوونی بەڵگەیەکی ڕوون و سکاڵا، لەسەر ناوی جیاواز سزای بەسەردا دەسەپێنێت، دوا سزایان لە ٢٠ی تەمموزدا بوو، کە چوار ساڵ ماوەی زیندانیکردنی بۆ درێژ کرایەوە و ئەمەش ناڕەزایەتی بەرفراوانی لەلایەن چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان لێکەوتەوە.

 

گوڵستان سەعید، چاودێری سیاسی و سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە خولی پێنجی پەرلەماندا، باسی لەوەکرد، لەو خولەی پەرلەماندا ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ بووە و چەندین ڕاپۆرتیان لەبارەی زیندانیانی چاکسازییەکان و ئاسایشی گشتیدا ئامادەکردووە کە لە نێوان ٦٠ مەتر دوجای زیندانێکدا نزیکی ١٣٠ کەس زیندانین، حکومەتیان لە دۆخی زیندانیان بادینان و دۆخی مافی مرۆڤ ئاگادار کردووەتەوە، دەشڵێت: پەرلەمانتار ئەرکیەتی کە حکومەت لە دۆخی خەڵک ئاگادار بکاتەوە و پارێزەری مافی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە بێت، دەبێت حکومەتیش لەسەر ئەو بنەمایە کار و پاراستنی مافی مرۆڤ بکات، کە بووەتە دروشمی هەموو حزبەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە ئامانج نەگیراوە، دەبێت مافی مرۆڤ بپارێزرێت و دادگاکان سەربەخۆ بن و یاساکان وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، چونکە کاتێک ڕۆژنامەنووس لە دەرەوەی یاسای ڕۆژنامەنووسی سزا دەدرێت، وەکو خۆی مافی پێنادرێت، زۆرینەی ئەوانەی دەستگیرکراون، بەپێی یاسای تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەمەش دۆخی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە.

 

گوڵستان سەعید ئاماژەی بەوەدا، دەبێت حکومەت بەو ڕاپۆرتانەدا بچێتەوە کە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانەوە بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ پێشکەش کراون، لە بارەی سەربەخۆیی دادگاوە وتی: دادگاکان دەبێت سەربەخۆ بن و نابێت دەستی حزبییان تیادا بێت، بۆ ئەوەی هاوڵاتی یەکسانی لە یاسادا ببینێت، چونکە ئەگەر دادگا سەربەخۆ بێت، دەتوانێت ماف بۆ خەڵک بگەڕێنێتەوە، لە کەیسی شێروان شێروانیشدا بینیمان کە هیچ سکاڵاکارێک لەسەری نییە، بەڵام بە دەستوەردانی حزبی سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەر شێروان شێروانیدا سەپێندرا، کە لە ماوەی ڕابردووشدا بەهۆی چالاکی و هەندێک کاری ڕۆژنامەنووسییەوە سزای ٦ ساڵیان بەسەردا سەپێنرا، ئەمە ناهەقییە بەرامبەر هاوڵاتی دەکرێت و دەبێتە هۆی گرفت بۆیان.