ژنان هەڵوێستی خۆیان دژی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق خستەڕوو
ژنانی حزب و ڕێکخراوەکان داوا دەکەن کۆمەڵگە هۆشیار بێت و دژی ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی عێراق بوەستنەوە کە دەڵێت: پیاو مافی هەیە ژنی دووەم بهێنێت و ژنی یەکەن ناتوانێت داوای جیابوونەوە بکات.
شیرین ساڵح
سلێمانی - بەپێی ماددەی ١٨ لە یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨ (یاسای باری كەسێتیی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی هەمواركراو)، تێیدا كاركردنی بە بڕگەی پێنجەم لە ماددەی ٤٠ی هەمان یاسای عێراقی ڕاگرتووە و لە جێگەیدا بڕگەكەی بەم شێوەیە داڕشتووەتەوە: (ئەگەر هاوسەر (پیاو) ژنی دووەمی هێنا، ژنی یەكەم مافی هەیە داوای جیابوونەوە بكات).
٣٠ی تشرینی دووەم، دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەى ماددەى ١٨ی یاسای هەموارى جێبەجێکردنى یاساى بارى کەسێتى و بە "نادەستووری" لە قەڵەمیدا، چونکە بە پێی یاسا عێراقییەکە "ئەگەر مێرد ژنێکی دیکەی هێنا، ژنی یەکەم مافی جیابوونەوەی نییە"، بەڵام لەو ماددە هەموارکراوەی هەرێمی کوردستاندا داڕێژراوەتەوە کە، "ئەگەر مێرد ژنێکى دیکەى هێنا، ژنى یەکەمى مافى جیابوونەوەى دەبێت".
بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ناڕەزایەتی ژنانی باشووری کوردستانی لێکەوتەوە و ئاماژە بەوەدەکەن، کە بێدەنگ نابن و ڕێگەنادەن ئەو یاسایە، کە دژی ژنانە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت و دەبێت بەپێی یاسا هەموارکراوەکە مامەڵە بکرێت.
"فرە ژنی وا دەکات خێزانەکان هەڵبوەشێتەوە"
سازە عەبدوڵا، ئەندامی ژووری پەیوەندی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، دەربارەی ئەو یاسایەی کە حکومەتی عێراق دەریکردووە بۆ هێنانی ژنی دووەم و نابێت ژنی یەکەم داوای جیابوونەوە بکات، وتی: بەداخەوە پیاوسالاری زاڵ بووە بەسەر بڕیارەکانی حکومەتی عێراقدا و پیاو بڕیارەکان دەردەکات، بۆیە ئەو بڕیارانەی کە دەریدەکات زیاتر لە بەرژەوەندی پیاوانە، فرە ژنی شتێکی ڕەوا نیە کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، لە دنیای پێشکەوتوودا پیاو نابێت چەند ژنێکی هەبێت، فرە ژنی دیاردەیەکی ناشرینە و وادەکات کە خێزانەکان هەڵبوەشێتەوە.
"یاساکان وا دەکات ژن بە پلە دووی بمێنێتەوە"
سازە عەبدوڵا ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەو بڕیار و یاسایانەی حکومەتی عێراق دەریدەکات پیاوانەیە و دەیانەوێت ژن سەرکوت بکەن و هەمیشە بە پلە دوویی بمێنێتەوە، حکومەتی عێراق دەیەوێت یاساکانی تاڵیبان لە عێراق جێبەجێ بکات، کە نەهێڵن ژنان ئازاد بن لە بڕیاردان و خوێندندا، حکومەتی هەرێم سەربەخۆ نییە بۆیە حکومەتی عێراق لە بەرژەوەندی خۆی بڕیارەکان دەردەکات، پێویستە خەڵکی هۆشیار بکرێتەوە و لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژناندا ڕێگری بکەن لەم بڕیارە لە ڕووی یاساییەوە.
"یاساکە بۆ بچوککردنەوەی ژنانە"
شەیدا مەعروف، چالاکوانی ژنان، ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراق دژی ژنانە و بۆ بچوککردنەوەی ژنانە، ئەم بڕیارە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دۆخی ژنان، بۆیە داوا دەکەم کە ژنانی ڕیکخراوەکان بە بەیاننامە و سیمینار و ناڕەزایەتی نەهێڵن ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت، ئێمە هەمیشە یاسامان بە سەروەر داناوە، بەڵام بڕیارەکانی دژی ژنانە، دەبێت ژنان خۆیان دژی ئەو بڕیارە بوەستنەوە و ڕێگە بە جێبەجێکردنی نەدەن، چونکە ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراق مافەکانی ژنی یەکەم بە تەواوی پێشێلدەکات.
"یاساکان ٩٠٪ مافەکانی ژنان پێشێل دەکات"
شەیدا مەعروف ئەوەی خستەڕوو، کە پێشتر کۆمەڵێک یاسا دەرکرا وەک یاسای ٦٢ و ٥٩ کە لە بەرژەوەندی ژنان بوون، بەڵام بەداخەوە جێبەجێ نەکرا، ئەمەش نائومێدی لای ژنان دروستکرد، حکومەتی عێراق کە حکومەتێکی فیدڕاڵیە تا ئێستا یاسایەکی دەرنەکردووە لە بەرژەوەندی ژنان بێت و ژنان لێی سودمەند بن، تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش یاساکان لە بەرژەوەندی ژناندا نین، بۆیە ژنان دەبێت لە ژێر یەک چەتردا کۆببنەوە بە هەموو توێژەکانەوە و یەک ڕیزی پێکبهێنن، تا بتوانن کاری جدی لەسەر ئەو یاسا و بڕیارانە بکەن کە دژی ژنان دەردەکرێن و چیتر ژن نائومێد نەکەن، زۆربەی ئەو یاسایانەی دەردەکرێن ٩٠٪ی مافەکانی ژنان پێشێل دەکات.