فرەژنی؛ لە نێوان یاسا، باری دارایی و هێرشی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا

چالاکوانان و پسپۆرانی کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوەدەکەن، فرەژنى هەموو لایەنەکانى نەرێنین هیچ لایەنێکى ئەرێنى تێدا نییە، گرفتى توندوتیژى لێدەکەوێتەوە جارى وایە توندوتیژیەکە بۆ هاوژینی یەکەمە وجارى وایە بۆ هەردووکیانە.

شلێر کۆیی

 

کۆیە- بابەتی فرەژنی، لەم دواییانەدا لە بەشێک لە کەناڵە کوردییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بووەتە جێگەی گفتوگۆیەکی گەرم و زۆرجاریش وەک کەرەستەیەکی کات بەسەربردن یان لایک و کۆمێنت بەکاردێت، لێکۆڵینەوە لەم دیاردەیە لە رووی دەروونی، دارایی و یاساییەوە، نیشانی دەدات کە لێکەوتەکانی راستەوخۆ کار دەکەنە سەر شیرازەی خێزان، دوو چالاکوان و پسپۆڕی بواری کۆمەڵایەتی و یاسایی لە کۆیە و سلێمانی، سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لەسەر ئەم دیاردەیە دەخەنە ڕوو..

 

"فرەژنی توندوتیژی لێدەکەوێتەوە"

ئیخڵاس زیاد، فەرمانبەر لە دادگای بەرایی کۆیە، لە ڕوانگەی کارەکەیەوە کە رۆژانە ڕووبەڕووی ئەم کەیسانە دەبێتەوە، تیشکی خستەسەر لایەنە نەرێنییەکان و وتى: بەهۆى کارەکەمان رۆژانە دەبینین کە ژن هێنانى دووەم هەیە و بەرونى دیارە ژنى یەکەم هیچ دڵخۆش نیە لەروى دەرونیەوە, جگە لەوە, لەروى داراییەوە بارێکى قورس لەسەرخێزانەکانە گەر یەک ژنى هەبێت ئەى گەرببێتە دووچۆن, بۆیە ئەو پیاوە کە ژنى دووەمى دەهێنێ زۆربەى ناتوانێت خەرجى بکات و چونکە بارێکى قورس دەکەوێتە سەر ئەو پیاوە ناتوانێت لە ڕووى دارایی ماڵەکە بەڕێوەببات  ماڵێکى بێکێشەبێت، هەروەها لەڕووی پێدانى سۆز وخۆشەویستیش لە کۆمەڵگەى ئێمە باوەرناکەم پیاوێک بتوانێت ئەو خۆشەویستیە بە یەکسانى رابگرێت، هەموو ئەوانەش گرفتى توندوتیژى لێدەکەوێتەوە جارى وایە توندوتیژیەکە بۆ هاوژینی یەکەمە وجارى وایە بۆ هەردووکیانە، بۆیە من وەک خۆم هیچ لەگەڵ فرەژنى نیم.

 

"پیاوان کە هاوسەرگیری دووەم دەکەن ناتوانن دادپەروەر بن"

ئاماژەی بەوەشکرد، لە روى یاساییەوە مەرج نییە بۆ هێنانى ژنى دووەم، بەڵام بەپێى بارو دۆخەکان شتەکان گۆرانکاریان بەسەر دادێت لە کۆندا خێزانەکان خاوەن ئیش و کارى زۆر بوون پیاوەکان ئەرکى زۆریان لەسەر بووە بۆیە کە هاوژینێکی دیکەیان دەهێنا یەکیان بۆ ئیشى ماڵ بووە ویەکى دیکە دەچووە سەر ئیش و هاوکارى دەکرد، بەڵام بەراى من ئێستا دەبێتە بارقورسی بۆ خێزانەکان و هەندێک جار پیاوان ڕێگە پێدراون ژنێکى دیکە بهێنن بەو مەرجانەى دیارى کردووە لەسەرى، بەڵام من پێموانیە هیچ لەو پیاوانە بتوانێ دادپەروەربێت لەهەموو ڕووەکانەوە کە ئەوەش نابێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئیخڵاس زیاد ئاماژەى بەوەشدا کە رۆژانە لەدادگا ژنان دێن سکاڵا تۆماردەکەن و جارى وایە ژنى یەکەم سکاڵا دەکات جارى وایە ژنى دووەم دەبێتە ئاژاوەو کێشە، زۆربەى  کێشەکان بابەتى داراییەو نەبونى دادپەروەریە  وتی: بۆیە دەمەوێ یەک ئامۆژگارى خێزانەکان بکەم گەر لەناو ماڵیان سۆز وخۆشەویستى هەبوو کیشەیان نەبوو هەتا گەر دارایی باشبێت با لە خێزانى خۆى خەرج بکات نەک ماڵى خۆى تێک بدات و ئاژاوە بکەوێتە ماڵیان.

 

"فرەژنى هەموو لایەنەکانى نەرێنین هیچ لایەنێکى ئەرێنى تێدا نییە"

نەزیرە حارس، ئەندازیارو ئەندامى ئینستویتى نارین لەسلێمانى وتى: فرەژنى بەپێى یاسا قەدەغەیەو بەپێى شەرع کەدەوترێت دەبێت فرەژنى هەبێت، وەک لە بەغدا هەیە بە پێى مەزهەبی جەعفەرى ڕێگە دەدات منداڵی کچى نۆ ساڵ و ١٠ ساڵ هاوسەرگیری بکەن، بەڵام هێنانی ژنی دووەم بەهیچ شێوەیەک گونجاو نییەو و ئێمە پیشتر لەم بارەوە کارمان کرد کە دوو بژارەدە هەبوو یەکێکیان فرە ژنى هەرنەبێت ویەکێکیان بەپێى مەرج هەبێت، مەرجەکان وەک ژنەکە نەخۆش بێت یان مناڵى نەبێت و ژنى یەکەم ڕەزامەند بێت بەڵام ئێمە بەپێى مەرجیش  وتمان هەرنابێت فرەژنى هەبێت، چونکە  گەر پیاوەکە نەخۆش بێت ژنەکە ناچێت هاوسەرگیری بکاتەوە یان پیاوێکى دیکە بێنتە سەرماڵەکە، بۆیە ئەومافەى پیاو داویەتى بەخۆى خۆى داویەتى بەخۆی بەپێى یاسای بارى کەسى چونکە پیاو چۆن مافى هەیە ژنیش مافى هەیە، بەڵام بەداخەوە یاسا مرونەتى هەیە و پیاوان دەچن لەدەرەوەى هەرێم ژن مارە دەکەن و لەو شوینانەى یاساکەى جێبەجى ناکەن.

 

"پەیامنیرو دەزگاکانی ڕاگەیاندن پرسیاری نابەجێ دەربارەی فرەژنی دەکەن"

سەبارەت بە هەندێک لەو کەناڵانەى کە بەردەوام باسی فرەژنى دەکەن، نەزیرە حارس وتى: ئەو پەیامنێرو دەزگایانەى راگەیاندن کە باسی سەرەکیان فرە ژنییە من پێموایە لە ئاست نزمیانەو نارۆشنبیرن، ئەگەرنا ئەوە چییە دەچنە بەردەم پیاوێکی بەتەمەن و بەپێکەنینەوە دەپرسن ژنى دووەمت هێناوە یان ئەى کەى دەىهێنى بەتەمانىت؟! ئەوانە هەموو پرسیارى نابەجێن و لەناهۆشیاری دەىکەن جگە لەوەى یارى هەستى پیاوەکەش دەکەن، بۆیە ئەوانە نا پرۆفیشناڵن، چونکە یاسایەک هەیە دەبێت پابەندبین بەڵام دیارە ئەوانە شارەزا نین بەو یاسایانە و لەڕووی مرۆڤایەتیەوە  شارەزاییان نییە، بۆیە فرەژنى هەموو لایەنەکانى نەرێنین هیچ لایەنێکى ئەرێنى تێدا نییە،  هەرکات کە ژنێک هاوسەرگیری دەکات بەو پیاوانە خەڵک لۆمەى ژنەکە دەکات منیش لۆمەى دەکەم، بەڵام لەوانەیە ئەو ژنەش ناچاربێت یان پرۆسەى هاوسەرگیرى نەبینیوە دەیەوێت تاقىبکاتەوە یان لەوانەیە ژنەکە ماڵى نییە لاى براو ئەوانەیە حەزى لێیە ماڵى خۆى هەبێت بەڵام من دەڵێم نابێت وابێت دەبێت رەچاوى لایەنى مرۆڤایەتى بکات.