شەڕی حیجابی ناچاری؛ یەکگرتوویی کلیلی سەرکەوتنە

دوای ئەوەی پەرلەمان دەنگی لەسەر بەپەلەیی حیجاب و پلانی پاکیزەیی نەدا، دەسەڵات بەکارهێنانی زیرەکی دەستکردی بۆ ڕێگریکردن لە دژایەتیکردنی حیجاب ڕاگەیاند، ژنانی تارانیش بێ گوێدانە ئەو یاسایانە درێژە بە خەبات دەدەن و دەڵێن: یەکگرتوویی کلیلی سەرکەوتنە.

پەرژین حەکیم

 

تاران- چەند مانگێک بەسەر سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی ئێراندا تێدەپەڕێت، لەو مانگانەدا شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕووبەڕووی هەوراز و نشێوی زۆر بووەتەوە، بەڵام ئەوەی بەردەوامی بە خەبات دا و هیوای شۆڕشی لە بەرامبەر تارانی پایتەختدا زیندوو هێشتۆتەوە؛ قژی ناڕێک، جلوبەرگی گەشاوە و ڕەنگاوڕەنگی ژنان و کچان بوو، کە بە لابردنی حیجابی ناچاری، بەردەوامن لە نافەرمانی مەدەنی و شۆڕشی ژنان بە زیندووی دەهێڵنەوە.

 

"شۆڕش گۆڕانکاری دروستکرد"

ئەنجیلا جەودەت، یەکێکە لەو سەدان کچەی لە سەرەتای شۆڕشی ژنانەوە دەستبەرداری حیجابی ناچاری بووە، تەمەنی ٣٨ ساڵە و کارمەندی کۆمپانیایەکی ئەهلییە لە ناوەندی شاری تاران، باسی لەوەکرد، لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا لەلایەن کەسەوە ئاگادار نەکراوەتەوە و هەمیشە لە تەنیشت ژنانی حیجاب و بێ حیجابدا لە میترۆ و گواستنەوەی گشتیدا بووە و هەستی بە ناخۆشی نەکردووە، کاتێک کچ و ژنی دیکە دەبینێتت، پێکەوە زەردەخەنە بۆ یەک دەکەن و هیوا دەردەبڕن.

 

ئەنجیلا هیوادارە پڕۆژە یاسای دادوەریی حیجاب پەسەند نەکرێت، چونکە ناتوانێت ئەو سەرپێچییەی لە یاساکەدا دانراوە، بە مووچەی مانگانەی بیدات، لەلایەکی دیکەشەوە نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتانەی بێ خواستی خۆی جلوبەرگی ڕەش و حیجاب لە ڕۆژە گەرمەکانی هاویندا، لەبەر دەکرد.

 

ئەو کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە کۆمەڵناسیدا، دەڵێت: ئێمە هەمیشە لەژێر چەقی یاساکانی پیاوسالاری حوکمڕانی کۆمەڵگەدا بووین و لە دوای مردنی ژینا، کە بووە هۆی دەستپێکردنی ڕاپەڕین، گۆڕانکاریی ئەرێنی زۆر لە هەڵوێستی خەڵکی کۆمەڵگە بەتایبەت پیاوان بەرامبەر بە جلوبەرگی ژنان دروستبووە.

 

ڕێگە نادرێت ژنان بێ حیجاب بچنە ناوەندە فەرمییەکانەوە

نگار هوشمەند، ٤٠ ساڵە و بەڕێوبەری یەکێک لە فەرمانگەکانی کۆمپانیایەکی بەناوبانگە، لە پارکێکدا بەبێ لەچک دانیشتووە و دەڵێت: من لە کۆمپانیایەکی ئەهلی کار دەکەم، لە شوێنی کارەکەم ناچاری حیجاب و یەکپۆشین، بەڵام لە دەرەوەی شوێنی کار من لەچک ناکەم و پابەند نیم پێوەی، دوێنێ یەکێک لە کڕیارەکان هات بۆ وەرگرتنی فاکتورە بەبێ حیجابی ناچاری، دەرگاوانەکان ڕێگەی نەدا بچێتە ژوورەوە، هاوکارەکانیش ناچار بوون خۆیان فاکتورەکە ببەن بۆ دەروازەی کۆمپانیاکە.

 

هانا پەروێزی، ١٨ ساڵە و خوێندکاری قۆناغی یەکەمی ئامادەیییە، تیشێرت و پانتۆڵێکی لەبەردایە و لەگەڵ هاوڕێکەی یاریییە، دەڵێت: چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، تاقیکردنەوەیەکمان لە یەکێک لە ناوەندەکانی خوێندن ئەنجامدا، نەیانهێشت کەس بەبێ حیجاب بچێتە ژوورەوە، ئێمە لەبەر دەرگا ماینەوە و هێندەی نەبرد، چەند کەسێکی دیکەش بێ حیجابی ناچاری هاتن و ئەمەش باوەڕبوون بە خۆمانی زیاد کرد.

 

ئەمانە چیرۆکی ئەو ژنانەن کە ڕۆژانە لە شەقامەکانی تاران دەیانبینین و هەموویان هیوایەکیان لە دڵدایە، بەڵام لەلایەن ڕژێمەوە هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ دروستکردنی سنووردارکردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەوەی کە پێی دەوترێت حیجاب، لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا پڕۆژە یاسای حیجاب و پاکیزەیی لەلایەن ئیبراهیم ڕەئیسیەوە پێشکەش بە ئەنجومەنی ئیسلامی کرا، کە ڕەخنەی زۆری لێکەوتەوە، لە بەرامبەردا وتەبێژی حکومەت ئەو دەقەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، بە ناڕاست ناساند.

 

ماوەیەک لەمەوبەر ئاژانسی میزان هەواڵی داڕشتنی پڕۆژەیاسای "پشتیوانیکردن لە کولتووری پاکیزەیی و حیجاب"ی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە بڵاوکردەوە، پڕۆژەیاسایەکە ڕەوانەی ئەنجومەنی ئیسلامی کرا بۆ پەسەندکردنی لە ڕێگەی حکومەتەوە، بەڵام پەرلەمان دەنگی لەسەر ئەو دوو پلانە بەپەلەیەی پاکیزەیی و حیجاب نەدا، دواتر کۆمیسیۆنی ڕۆشنبیری پەرلەمان بەکارهێنانی زیرەکی دەستکردی ڕاگەیاند بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە حیجابیان نییە.

 

فروزان ئەسکەندەری، شارەزای ئایتی باسی لەوەکرد، چۆن زیرەکی دەستکرد دەتوانێت ڕووخساری ئەو کەسانە بناسێتەوە کە حیجابیان لەبەردا نییە، وتی: زیرەکی دەستکرد لە سەردەمی کۆرۆنا بۆ ناساندن و سەرپێچیکردنی  هاوڵاتییانی بێ دەمامک بەکارهات، ئێستاش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی بێ حیجاب یان دەرەوەی حیجابی ناچاری بەکاردێت، کە سەرەتا وێنە وەرگیراوەکان لەگەڵ داتابەیسەکەدا هاوتا دەکرێن، پاشان سەرپێچی بۆ کەسانی بی حیجاب دەنووسرێت، بەڵام ئەم ڕێگەیە هەڵەی زۆریان هەیە و لەلایەکی ترەوە نابێ بە سادەیی لایەنی کۆمەڵایەتی و دەروونییەکەی پشتگوێ بخرێن، چونکە دەبێتە هۆی بێ متمانەیی لای مرۆڤەکان.