دوابەدوای زیادبوونی هێرشەکان بانگەوازی بەهێزکردنی پاراستنی ژنانی عێراق دەکرێت

دوای زنجیرەیەک رووداوی نیگەرانکەر، چالاکوانێکی مافی ژنان داوای توندکردنەوەی چاودێری ناو دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق و سزادانی ئەو کەسانە دەکات کە لە پێشێلکارییەکان بەرامبەر ژنان تێوەگلاون، جەختیش لەسەر دەرکردنی یاسایەک بۆ پاراستن دەکاتەوە.

رەجا حەمید ڕەشید

 

عێراق- سێ رووداوی یەک لە دوای یەک کە لە پارێزگاکانی نەجەف و دیوانییە تۆمار کراون، ئاماژەن بۆ بەرزبوونەوەیەکی مەترسیدار لەو تۆمارانەی پەیوەندیدارن بە دەستدرێژکردن و توندوتیژی سێکسی لەناو هەندێک لە ناوەندەکانی پۆلیسدا، ئەمەش دوای ئەوە هات کە دەسەڵاتداران ژمارەیەک ئەفەسەر و کارمەندیان ڕاگرت لەسەر بنەمای تۆماری دەستدرێژکردن لە دژی ژنانی گیراو و هەرزەکارهێک، ئەم رووداوانە دیسانەوە دۆسیەی لاوازیی چاودێری و رێکارە خۆپارێزییەکانی ناو شوێنەکانی دەستبەسەرکردنیان هێنایە گۆڕێ.

 

ئەم دۆسیەیە لە سایەی داواکارییە بەردەوامەکان بۆ توندکردنەوەی چاودێری لەناو دامەزراوە ئەمنییەکاندا دێت، بە ئامانجی مسۆگەرکردنی پاراستنی ئەو توێژانەی کە زۆرترین ئەگەری پێشلکارییان لەسەرە، بەتایبەت هەرزەکاران، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستی لێپرسینەوە لە تێوەگلاوان بەپێی یاسا دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان.

بتول فاروق، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی گشتی بۆ گەشەپێدانی ژنان، وتی: خەڵکی نەجەف لەسەر دوو هەواڵی ئازاربەخش خەبەریان بۆوە، یەکێکیان پەیوەندیدار بوو بە دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی هەرزەکار، ئەوی تریان ژنێکی هاوژیندا کە لەلایەن یەکێک لە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆوە دەستدرێژی کرایەسەر، ئەم تاوانە قێزەونانە هێندە دووبارە بوونەتەوە کە بوونەتە دیاردەیەک لە گرتووخانەکان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا، کە ئەمەش نیشانەی نەبوونی لەمپەرێکی ڕاستەقینە و پاشەکشەی ترسی سزا لەلایەن هەندێک لە کارمەندانەوە، لەگەڵ نەبوونی ڕاهێنانی راستەقینە و پیشەیی بۆ ئەم کارمەندانە.

 

داواکاری بۆ لێپرسینەوە

ڕوونیکردەوە، ئەمەش ئێمە ناچار دەکات کە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنەکانی تری پەیوەندیدار بکەین کە سەرنجی خۆیان بخەنە سەر ئەم حاڵەتە تاوانکارییانە دژی ئەو ژنانەی کە رووبەڕووی پێشلکاری زۆر گەورە دەبنەوە لەناو ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن یان بنکەکانی پۆلیسدا.

 

جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە، کە بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی لایەنە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بە مەبەستی ئاشکراکردنی ئەم تاوانانە و کارکردن بۆ پەروەردەکردنی هاوڵاتییەکی بەرپرسیار کە خاوەنی ویژدانێکی ڕەوشتی زیندوو بێت.

 

جەختی لەسەر پێویستیی لێپرسینەوەی توند کردەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی کە پۆست و پێگەی خۆیان بۆ مەبەستی نەشیاو و ناپاکی بەکاردەهێنن، هاوکات پێویستە بنکەکان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن بە کامێری چاودێری بئاخنرێن و کادر و کارمەندەکان لەسەر بنەماکانی مافی مرۆڤ و مافی هاوڵاتی ڕابهێنرێن، لەگەڵ جێبەجێکردنی رێکاری سزایی توند لە کاتی ڕوودانی هەر پێشلکارییەکدا.

 

ئاماژەی بەوەش کرد، کە لەوانەیە ئەمە حاڵەتی تاکەکەسی نەبن، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئەمە سیاسەتێکی ڕێکخراو بێت لەلایەن وەزارەت یان بنکەکانەوە پەیڕەو بکرێت، بەڵکو بووەتە دیاردەیەک کە لە یەک جار زیاتر دووبارە دەبێتەوە.

 

کاراکردنی یاسای توندوتیژی خێزانی

بتول فاروق پێیوایە ئەم پێشلکارییانە لە سایەی نەبوونی بۆشاییەکی یاسایی ڕاستەقینەوە روودەدەن کە دادپەروەری بۆ ژنانی عێراقی دابین بکات، چونکە زۆربەی ئەو ژنانەی دەستدرێژیان کرایەسەر ڕووبەڕووی مەترسی کوشتن دەبنەوە لەلایەن کەسوکار و بنەماڵەکانیانەوە بە ناوی "کوشتن بە بیانووی شەرەف"دا، سەرەڕای ئەوەی ئەوان خۆیان زیانبەرکەوتووی دەستدرێژین.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە یاسای عێراقی دادپەروەری بۆ ژنان نەکردووە لەم ڕووەوە و پارێزگاریشی لێ نەکردوون، چونکە هیچ سەنتەرێکی پەناگە بۆ ژنانی تووشبووی توندوتیژی لە عێراق بوونی نییە، تا ئێستاش یاسای توندوتیژی خێزانی کە زۆری پێچوو دەرنەچووە. لە بەرامبەردا، یاسایەک دەرچووە کە ڕێگە بە باوک دەدات کە هاوسەرگیری منداڵە کچەکەی ئەنجامبدات، هیچ سزایەکیش بۆ ئەو کەسە نییە کە هاوسەرگیری منداڵە کچەکەی لە دەرەوەی دادگا و لە تەمەنێکی زوودا ئەنجام دەدات، سەرەڕای یاساکانی تریش کە ژن لە مافەکانی نیشتەجێبوون و بەخێوکردن بێبەش دەکەن و ماف بە پیاو دەدەن ژنی دووەم بهێنێت بەبێ ڕەزامەندی ژنی یەکەمی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتێکدا ژنانی عێراق ئاواتەخوازن بۆ دادپەروەری، هەواڵی کوشتنی هاوژینەکان بۆ ژنەکان دەبینینەوە،  زۆرجار ئەو تاوانانە وەک کوشتنی شەرەف تۆماردەکرێن، تەنانەت ئەگەر ڕاستییەکانیش ئاماژە بە پێچەوانەوەش بکەن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا بتول فاروق وتی: پێویستمان بە خەباتێکی درێژخایەن و بەردەوام هەیە بۆ بەدەستهێنانی مافە سروشتییە مرۆییەکانمان کە ێەقلیەتی پیاوسالاریی زاڵ بەسەر کۆمەڵگە و دەوڵەتدا داگیریکردوون.