تونس، ڕۆژنامەنووسانی ژن لە ژێر فشاری دەسەڵاتی دادوەری پیاواندان

ژنانی ڕۆژنامەنووسی تونس لە پێناو ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان بە ئازادی، لە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەجەنگن، زۆرێکیان لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی خۆیاندا هەڕەشەیان لێدەکرێت و لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

زهور مەشرەقی

 

تونس- سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی تونس و ڕۆژنامەنووسان بە گشتی لە خەباتدان لەپێناو ئازادی ڕۆژنامەگەری و وەستاندنی فشارەکانی سەر کارەکانیان، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر زیادی کردووە، ئازادی ڕۆژنامەگەری یەکێکە لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی تونس و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لە بەرامبەر هەموو هەوڵەکانی سەرکوتکردن بەردەوامە لە خۆڕاگری خۆی.

 

کاتێک ڕەخنە لە کارە هەڵەکان دەگرن، سزایان دەدەن

ڕۆژنامەنووس مونیە عەرفاوی بە هۆی کارەکەیەوە چەند جارێک بانگهێشتی بەردەم دادوەر کراوە، بەهۆی ئەوەی ڕەخنەی لە وەزیری کاروباری ئایینی گرتووە داوای یاسایی لەسەر تۆمار کرا، هەروەها ئەسما بەکوش، ڕۆژنامەنووس لە ڕادیۆی "ئەلمونەستیر" لەلایەن ئەو کەسەی بەرپرسی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای پەخشی تونسییەوە تووشی هەراسانکردن بوو و داوای لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرد، هۆکارەکەشی دەگەڕیتەوە بۆ پۆستێکی لە پەیجی سۆشیال میدیای خۆیدا، کە تێیدا بەرگری لە سەربەخۆیی خزمەتگوزاری گشتی کرد و پێشێلکارییەکانی پارێزگاری شاری مونەستیری ئاشکرا کرد و پابەند بوو بە ئەخلاقی پیشەی ڕۆژنامەگەرییەوە.

 

ڕۆژنامەنووسان ڕاستییەکان دەڵێن و ڕووبەڕووی کاردانەوە دەبنەوە

ئەمیرە محەمەد، ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی تونس ڕایگەیاند، ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەموو ڕوویەکەوە پێشێل دەکرێت، هەرچەندە ژمارەیی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە پیاوان زیاترە، بەڵام پێشێلکاریەکان لەسەر بنەمای ڕەگەزی و کۆمەڵگەیی لە پێشێلکاری لەسەر بنەمای کار و پیشەی ڕۆژنامەگەری زیاترن.

 

ئەمیرە محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێکجار هەمان ڕووداو بەسەر هەردوو ڕەگەزدا ڕوودەدات، بەڵام دۆخ و ڕێبازەکە بۆ ژنان جیاوازە و دەڵێت: لەسەر ئەو بنەمایە هێرش دەکەنە سەر ژنان و دەیانترسێنن و هەوڵدەدەن بە هەموو شێوەیەک بێدەنگیان بکەن، ڕۆژنامەنووسان لە کاتی دووگیانی و منداڵبووندا لە هەموو مافەکانیان زەوت دەکرێن. لە بواری کارکردندا کێشە دروستدەکەن و دەبنە هۆی ئەوەی واز لە کارەکانیان بهێنن.

 

سەبارەت بەو قسانەی کە لەسەر یاسا کۆمەڵایەتییەکان و توندوتیژی ئەلیکترۆنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی ژن دەگوترێ، ئەمیرە محەمەد وتی: هەموو ڕۆژنامەنووسێک بۆچوونێکی هەیە، دەتوانێت هەڵوێستی خۆی لەسەر پرسێکی سیاسی بەگوێرەی خۆی و دوور لە لایەن و دەسەڵاتێک بخاتەڕوو بە میتۆدی ئەخلاقی و یاسایی، بەڵام کاتێک دەیکات، ڕەش دەکرێتەوە و پێشێلکارییە نائەخلاقی و ناپیشەیی و یاساکان دەگەنە ئاستێک کە منداڵی ڕۆژنامەنووسان هەڕەشەی ترساندنیان لێدەکرێت، بۆیە زۆرێکیان ناچارن واز لە کارەکانیان بهێنن.

 

"لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڕەشە لە ژنان دەکرێت"

زەینە بەکری، ڕۆژنامەنووسی مەیدانی، دووپاتیکردەوە کە ئاستی توندوتیژی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت و دەڵێت: ژنانی ڕۆژنامەنووس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و لەلایەن خەڵک و دەسەڵاتەوە دەکرێنە ئامانج، هەڕەشەیان لێدەکرێت و کاتێک ڕۆژنامەنووسێک ڕەخنەی سیاسی دەگرێت، هەڕەشە و قسەی ناشیرینی پێدەگات، هەروەها بەستنەوەی ئەخلاقی پیشەیی و بەرپرسیارێتی ڕاپۆرتکردنی هەواڵ، سەربەخۆیی و ڕۆحی کارکردن لە بەرخۆدان لەپێناو ئازادی ڕۆژنامەگەری دەتوانێت ڕێگری لە هەڕەشەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان بکات و پێشێلکارییەکانی بەرامبەریان ڕابگرێت.