چالاکوانێکی تونسی: تیرۆرکردنی یەنار محەمەد تاوانێکە بۆ بێدەنگکردنی داکۆکیکارانی مافی ژنان

لواحز سمعلی، چالاکوانی تونسی، تیرۆرکردنی یەنار محەمەد، چالاکوانی عێراقی بە تاوانێک زانی کە ئامانج لێی بێدەنگکردنی دەنگەکانی بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان و ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی مەترسییەکانی بەردەم چالاکوانان.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس- هەواڵی تیرۆرکردنی یەنار محەمەد، چالاکوانیعێراقی، شۆک و شەرمەزارکردنی بەربڵاوی لە بازنەکانی مافی مرۆڤ بە تایبەت لە نێو داکۆکیکارانی مافی ژنان لە ناوچەی عەرەبی لێکەوتەوە، بە داکۆکی بەردەوامی بۆ ژنان و چالاکییەکانی لە پاراستنی زیانبەرکەوتووانی توندوتیژی و کارکردن بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ ژنان ناسرابوو.

 

لەو چوارچێوەیەشدا، لواحز سمعلی، چالاکوانی مافی مرۆڤی تونسی، سەرۆکی کۆمەڵەی "گەنجان لە خزمەت ژنان" لە قەسرێن، باسی لە گەشتی یەنار محەمەد و کاریگەرییەکانی تیرۆرکردنی لەسەر بزووتنەوەی مافی مرۆڤ کرد، ئەم تاوانەی بە هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و بەتایبەتی داکۆکیکارانی مافی ژنان زانی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، یەنار محەمەد یەکێک بووە لە دیارترین داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە عێراقدا، ژیانی خۆی تەرخانکردووە بۆ پاراستنی ژنان، بەتایبەتی زیانبەرکەوتووانی توندوتیژی، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی خۆی لە دامەزراندنی و بەڕێوەبردنی خانووی پارێزراو کە شوێنی مانەوە و پشتیوانی بۆ ژنانی دەستدرێژیکراو و ڕزگاربووان دابین دەکات، هەوڵێک کە بە گرنگی زانی لە کۆمەڵگەیەکدا کە هێشتا پرسەکانی توندوتیژی دژی ژنان ڕووبەڕووی بەربەستی کۆمەڵایەتی و کولتووری بەرچاو دەبنەوە.

 

ڕوونیشکردەوە، کارەکانی یەنار محەمەد تەنها لە کاری مەیدانیدا سنوردار نەبوون، هەروەها داکۆکیکردن لە پرسەکانی ژنان لە کایەی گشتیدا و کارکردن بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە سەبارەت بە پێویستی پاراستنی ژنان و دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان لەخۆگرتبوو، ئەم چالاکییە بەردەوامە وای لێکرد ببێتە یەکێک لە دیارترین دەنگە فێمینیستەکانی بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان لە ناوچەکەدا.

 

لواحز سمعلی سەبارەت بە تیرۆرکردنی، ڕایگەیاند، لەدەستدانی یەنار محمد نوێنەرایەتی خەسارێکی گەورە دەکات بۆ مافەکانی مرۆڤ و بزووتنەوەی فێمینیست، نەک تەنها لە عێراق بەڵکو لە ناوچەکە بەگشتی، چونکە ئەو جۆرە کەسایەتیانە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە تیشک خستنە سەر پرسەکانی ژنان و بەرگریکردن لە مافەکانیان لەبەرامبەر توندوتیژی و هەڵاواردن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەواڵی کوشتنی بۆ هەموو چالاکوانانی مافی مرۆڤ شۆککەر و بە ئازار بوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کۆمەڵگەی مافی مرۆڤ یەکێک لە دەنگە دیارەکانی بەرگریکردن لە ژنان لەدەستداوە، ئەم جۆرە ڕووداوانە کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر کۆمەڵگەی مافی مرۆڤ بەجێدەهێڵن، چونکە ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە ژیانیان تەرخانکردووە بۆ بەرگریکردن لە دۆزی مرۆیی.

 

"تیرۆرکردنە پەیامێکی ترسناکە"

ڕوونیشیکردەوە، ناکرێت تیرۆرکردنی چالاکوانێکی ناسراوی مافی مرۆڤ بە ڕووداوێکی گۆشەگیر هەژمار بکرێت، بەڵکو نوێنەرایەتی پەیامێکی ڕوونی ترساندن دەکات کە ئاراستەی بەرگریکارانی ماف و ئازادییەکان دەکرێت، ئەم جۆرە تاوانانە ئامانجیان بێدەنگکردنی دەنگەکانی مافی مرۆڤە، بەتایبەتی داکۆکیکارانی مافی ژنان کە لە هەلومەرجی سەختدا کاردەکەن و ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری دەبنەوە.

 

دووپاتیکردەوە، کە ئەم جۆرە هێرشە ڕادەی ئەو مەترسیانە ئاشکرا دەکات کە ڕووبەڕووی چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەبنەوە و جەخت لەسەر پێویستی دابینکردنی پاراستنی زیاتریان بۆ دەکاتەوە، جا چ لە ڕێگەی بەهێزکردنی یاساکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ یان بە چالاککردنی ڕۆڵی دامودەزگاکانی حکومەت لە دەستەبەرکردنی پارێزراوییان.

 

”پشتگیریکردنی ئەو هەوڵانەی کە دراون”

لواحز سمعلی باسی لە دۆخی تونس کرد و ڕایگەیاند، داکۆکیکارانی مافی ژنان ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە، لەوانە ئەو سنووردارکردنانەی کە ڕەنگە کاریگەرییان هەبێت لەسەر کارەکانیان و ئەو فشارانەی کە دەخرێنە سەر چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک ڕێوشوێن و یاسا نیگەرانی بۆ زۆرێک لە چالاکوانانی دروستکردووە، بە تایبەتی باسی لە فەرمانی ژمارە ٥٤ کرد کە بە "سەرچاوەی نیگەرانی" بۆ چەند ژنێکی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ پێناسەی کرد بەهۆی ئەو سنووردارکردنە ئەگەرییانەی کە دەیسەپێنێت بەسەر ئازادی ڕادەربڕین، ئەمەی بە بابەتێک زانی کە پێویستی بە گفتوگۆ هەیە بۆ دەستەبەرکردنی هاوسەنگی لە نێوان یاساکان و پاراستنی ماف و ئازادییەکان.

 

لواحز سمعلی وتی: ئەم هەلومەرجانە پێویستی بە هاودەنگی زیاترە لە نێوان چالاکوانان و هەنگاوی هاوبەش هەیە بۆ پاراستنی ماف و ئازادیەکان، هەروەها بەردەوامبوون لە داکۆکیکردن لە پرسی ژنان سەرەڕای ئەو ئاڵەنگاریانەی کە لەوانەیە سەرهەڵبدەن.

جەختیشی کردەوە، کە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان تەنها لە کاری مافی مرۆڤدا سنووردار نییە، بەڵکو بەشێکە لە پڕۆسەیەکی فراوانتر کە پەیوەندی بە جێگیرکردنی بەهاکانی دادپەروەری و یەکسانی لەناو کۆمەڵگەدا هەیە، ئەمەش پێویستی بە پاڵپشتیکردنی ئەو هەوڵانەی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانەم لەو بوارەدا هەیە.

 

لە کۆتای قسەکانیدا لواحز سمعلی وتی: رەنگە ئەم جۆرە تاوانانە کەشوهەوای ترس و دڵەڕاوکێ لای بەشێک لە چالاکوانان دروست بکەن، بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەتوانن گیانی هاودەنگی و ئیرادە بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن بەهێزتر بکەن، بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ وەک پێویستیەکی بنەڕەتی دەمێنێتەوە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا کە هەوڵی گەیشتن بە دادپەروەری و یەکسانی بدات، هەروەها ئەم جۆرە ڕووداوانە دەبێت هاندەرێک بن بۆ بەهێزکردنی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ نەک هۆکارێک بۆ پاشەکشەکردن لەم ڕێگایە.