چالاکوانانی ژنانی تونس داوای بەهێزکردنی ژنان و گۆڕینی عەقڵییەت دەکەن

لە سایەی هەڵکشانی پێشێلکارییەکان دژی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، دوو چالاکوانی مافی مرۆڤی تونسی جەخت لەوە دەکەنەوە، کە یاساکان بەتەنها بەس نین، داوای گۆڕینی عەقڵییەت و بەهێزکردنی ئابووری دەکەن بۆ مسۆگەرکردنی پاراستنێکی کردەیی.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس ـ شێوەکانی توندوتیژی کە دژی ژنان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ئەنجام دەدرێن بەردەوامن سەرەڕای زۆربوونی دەستپێشخەری و یاسادانانەکان کە ئامانجیان سنووردارکردنیەتی، چونکە ژن هێشتا ڕووبەڕووی دەستدرێژی ناو خێزان و چەوساندنەوە لە کار و جیاکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی دەبێتەوە، سەرەڕای شێوە نوێیەکانی توندوتیژی دیجیتاڵی و ئەلیکترۆنی، لەبەرامبەر ئەم ڕاستیەدا، داواکارییەکان بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی شەرمەزارکردن و سەرقاڵبوون بە دەستنیشانکردنی دیاردەکە بەرەو بەرەنگاربوونەوەیەکی کردەیی و گشتگیر زیاد دەکەن کە مافی ژنان لە ژیانێکی ئارام و شکۆمەندانەدا مسۆگەر بکات.

 

لەم چوارچێوەیەدا دوو چالاکوانی مافی ژنانی تونس دووپاتی دەکەنەوە، کە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان چیتر ناتوانرێت بە دروشم یان پشت بەستن بە بوونی یاسا ڕازی بکرێت، بەڵکو پێویستی بە گۆڕینی بیرکردنەوە و بەهێزکردنی پاراستنی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە، کە ئەمەش دەبێت لەگەڵ فراوانکردنی تۆڕەکانی هاودەنگی ژنان و کۆمەڵایەتیدا بێت، بۆ ئەوەی ژنان بتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر بەرەنگاریی توندوتیژی ببنەوە و مافی پارێزراوییان لە ماڵەوە و لە شوێنی کار و کەشی گشتیدا مسۆگەر بکەن.

 

بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە ڕووبەڕووبوونەوەی هۆکارەکانی دەستپێدەکات

حەیات قادری، چالاکوانی مافی مرۆڤ و ژنان وتی: ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ڕووبەڕووی چەندین شێوەی توندوتیژی دەبنەوە، دیارترینیان توندوتیژی هاوسەرگیری و خێزانی و ئابوورییە، کە بە شێوەیەکی تایبەت لە ناوچە گوندنشینەکاندا بڵاو دەبێتەوە، سەرەڕای توندوتیژی سیاسی کە لە پەراوێزخستنی ژندا خۆی دەبینێتەوە.

 

ڕوونیکردەوە،  کە ئەم پێشێلکارییانە توندوتیژی دەرونیی و ماددی و زارەکیش دەگرێتەوە، شێوە نوێیەکانی توندوتیژی دیجیتاڵی و ئەلیکترۆنی، توندوتیژی ناوماڵ و خێزانی، بەتایبەتی جەستەیی، هێشتا لە بڵاوترین شێوەکانی توندوتیژییە لە ناوچەکەدا.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە دەرکەوتەکانی توندوتیژی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێت، بە بڵاوبوونەوەی هاوسەرگیری زۆرەملێ و خەتەنەکردنی مێینە لە هەندێک وڵاتدا نموونەی هێنایەوە، هەروەها توندوتیژی سێکسی و دەستدرێژییە دووبارەبووەوەکان و هەراسانکردن و وتاری ڕق و کینە لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی لە تونس.

 

ڕوونیکردەوە، کە بەردەوامبوونی ئەم شێوانەی توندوتیژی هەروەها پەیوەستە بە پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتییەوە کە باڵادەستی کۆمەڵگەی پیاوسالاری دەچەسپێنێت،  شێوازی ژیان بەسەر ژندا دەسەپێنێت کە پاڵی پێوە دەنێت دەستبەرداری مافەکانی بێت، سەرەڕای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی گەورە لە ناو خێزاندا.

 

دەرکەوتەکانی توندوتیژی تەنها لە بواری خێزانی و کۆمەڵایەتیدا قەتیس نابن، بەڵکو درێژ دەبنەوە بۆ شوێنەکانی کار و بەتایبەتی کەرتی کشتوکاڵی، کە تێیدا حەیات قادری باسی لە چەوساندنەوەی ژنان کرد، وتی: ژنانی کرێکار لە کەرتی کشتوکاڵیدا لە تونس و مەغریب ڕووبەڕووی پێشێلکاری و کێشەی هاوشێوە دەبنەوە، لەوانە نەبوونی هۆکارەکانی گواستنەوەی پارێزراو و لاوازیی دڵنیایی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و نەبوونی مسۆگەریی پاراستنی کۆمەڵایەتی پێویست.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە توندوتیژی دژی ژنان لە چەندین وڵاتدا بە پرسێکی کەسی یان کێشەیەکی تاکەکەسی دانانرێت کە تایبەت بێت بە ژنێکی دیاریکراوەوە، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە کە کاریگەری لەسەر خێزان و منداڵان و تەواوی کۆمەڵگە هەیە، هەروەها مەترسییەکەی لەوەدایە کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و دەستدرێژییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر مافی ژن لە ژیاندا.

 

لەم ڕوانگریەوە، حەیات قادری داوای کرد لە دروشم و وتاری شەرمەزارکردنی توندوتیژییەوە بگوازرێتەوە بۆ ڕێکاری کردەیی و بەرجەستە، کە بە خۆپاراستن و هۆشیارکردنەوە و پەروەردەکردنی نەوە نوێیەکان لەسەر کولتووری دژە توندوتیژی و پەروەردەکردنی منداڵان لەسەر ڕێزگرتن لە ژن و مافەکانی مرۆڤ بە گشتی دەست پێ دەکات، جرختی لەسەر پێویستی بەهێزکردنی ئابووری ژنان کردەوە، بەتایبەتی لە دۆخە لاوازەکاندا، لە ڕێگەی ڕاهێنانیان و پشتگیریکردنی پڕۆژە تایبەتەکانیان بۆ بەدیهێنانی خۆبژێوی و ڕووبەڕووبوونەوەی پاشکۆیەتی.

 

ژنان هێزێکن کە توانای دروستکردنی گۆڕانکارییان هەیە، نەسرین عیونی، چالاکوانی مافی مرۆڤ تیشکی خستە سەر ئەو بۆشاییەی کە لە نێوان بوونی یاساکان و مسۆگەرکردنی پاراستنی کردەیی بۆ ژناندا هەیە، پرسیاری لەبارەی هۆکارەکانی بەردەوامبوونی سەختییەکانیان لە ناوچەکەدا کرد سەرەڕای بوونی یاسادانان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی.

 

وتی: زۆربەی ژنان هێشتا نەگەیشتوونەتە پاراستنی کردەیی، سەرەڕای بوونی یاساکان، هۆکاری یەکەم بریتییە لە بەردەوامبوونی بۆشایی نێوان دەقە یاساییەکان و ڕاستی، چونکە هێشتا هەندێک وڵات پێویستیان بە هەوڵی زیاتر هەیە بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، دابینکردنی سەرچاوە پێویستەکان و ئەو میکانیزمانەی کە جێبەجێکردنی یاساکان و گەیشتنی ژنان بە مافی خۆیان لە پاراستندا مسۆگەر دەکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد،کە هۆکاری دووەم پەیوەستە بە دۆخی ئابووری ئەو ژنانەی زیانبەرکەوتووی توندوتیژین، چونکە نەبوونی سەربەخۆیی دارایی ڕەنگدانەوەی نەرێنی دەبێت لەسەر توانای ژن بۆ دەرچوون لە بازنەی توندوتیژی و گۆڕینی بارودۆخی، ئەمەش وا دەکات بەهێزکردنی ئابووری ببێتە بەشێکی سەرەکی لە هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەکە.

 

جەختیشی لەسەر گرنگی گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگەکانی ناوچەکە کردەوە بەرامبەر بە توندوتیژی، وتی: پرسێکی خێزانی نییە یان کێشەیەک نییە کە تەنها تایبەت بێت بە ژنەوە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتییە کە پێویستی بە بەشداریکردنی کەسەکان و دامەزراوەکان و کۆمەڵگە هەیە، هەریەکە بەپێی پسپۆڕی و ڕۆڵی خۆی، لەپێناو دابینکردنی پاراستندا.

 

هەروەها داوای کرد، کە خۆمان ڕزگار بکەین لە وێنە باو و چەقبەستووەکانی پەیوەست بە ژن و پیاوەوە، بەتایبەتی ئەوانەی کە ژن وەک بوونەوەرێکی لاواز نیشان دەدەن کە دەکرێت بە توندوتیژی و فشار ملکەچی خواستەکانی پیاو بکرێت، پێویستی بەرەنگاربوونەوەی پیاوسالاریی نەرێنی لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا کردەوە، هەر لە منداڵانەوە تا دەگاتە گەورەکان.

 

سەرەڕای ئەو ئاڵەنگارییانەی کە هێشتا ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، نەسرین عیونی متمانەی خۆی دەربڕی بە توانای ژن لە دروستکردنی گۆڕانکاری و بەرگریکردن لە مافەکانی، بە پشتبەستن بە گەشەکردنی هۆشیاری و بزووتنەوە ژنان کە ناوچەکە بەخۆیەوەی دەبینێت، هەروەها زیادبوونی ئەو سکاڵایانەی پێشکەش بە لایەنە ئەمنی و دادوەرییەکان دەکرێن.

 

سەبارەت بە دیارترین خاڵە بەهێزەکانی کە ژنان هەیانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و بەدەستهێنانی مافی خۆیان لە ئاسایشدا، ڕوونیکردەوە، ئەوەی لە ڕێگەی مامەڵەکردنم لەگەڵ زیانبەرکەوتوووسنی توندوتیژی هەستم پێکردووە، توانای گەورەیانە بۆ گۆڕینی سەختی بۆ هێز، باوەڕبوونیانە بە پێویستی گۆڕینی بارودۆخیان لەپێناو گەیشتن بە ژیانێکی ئارام، سەرەڕای توانایان بۆ دروستکردنی پەیوەندی هاوپشتی و پێکهێنانی هێزێکی بەکۆمەڵی کاریگەر کە یارمەتیان دەدات داوای مافەکانیان بکەن و لە بازنەی توندوتیژی دەربچن.

 

لە نێوان ئیرادەی ژنان بۆ گۆڕانکاری و بەرپرسیارێتی دامەزراوەکان و کۆمەڵگەدا، بەڵێنەکە لەسەر گۆڕینی خەبات لەپێناو مافەکاندا دەمێنێتەوە بۆ ڕاستییەک ڕۆژانە کە تێیدا ژنان بە ئاسایش و شکۆ و ئازادییەوە بژین.