بڕیارنامەی ١٣٢٥ی نەتەوە یەکگرتووەکان خواستەکانی ژنانی یەمەنی دەستەبەر نەکردووە
دوای ١٠ساڵ لە ململانێ لە یەمەن، ژنان وەک هێزێکی بەهێز لە هەوڵەکانی فریاگوزاری و داکۆکیکردن لە ئاشتیدا سەریان هەڵداوە، بەڵام پەراوێزخستنیان لە هەڵوێستی بڕیاردان پرسیار لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ١٣٢٥ی نەتەوە یەکگرتووەکان دروست دەکات.
ڕانیا عەبدوڵا
یەمەن- زیاتر لە ١٠ ساڵە ململانێی یەمەن ئازاری بێئەندازە و وێرانکاری و زیانلێکەوتووی بێشوماری مەدەنی بەدوای خۆیدا هێناوە، لە نێوان ئەم شەڕانەدا ژنانی یەمەن ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە لە پێدانی یارمەتی بۆ ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە و لێکەوتەی وێرانکارییەکانی ململانێکان بوونە، هەروەها بانگەشەیان بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان کردووە و چەندین دەستپێشخەری و هاوپەیمانی ژنان سەریان هەڵداوە، کە کار لەسەر فریاگوزاری و بوژانەوە و بونیادنانی ئاشتی دەکەن، بەم شێوەیە کاریگەرییەکی بەرجەستەیان لەسەر زەوی هەیە.
لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٠، بڕیارنامەی ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بەڵگەنامەیەکی فەرمی و یاساییە سەبارەت بە ژنان، ئاشتی و ئاسایش، ڕۆڵە چارەنووسسازەکانی ژنانی دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگی بەشداریکردنی یەکسانیان لە هەموو هەوڵەکان بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئاسایش کردەوە، هەروەها پێویستی بەشداریکردنیان لە پرۆسەکانی بڕیاردان کرد کە پەیوەندییان بە پێشگرتن و چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانەوە هەیە.
وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و کار لە یەمەن لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠ ، پلانی کاری نیشتمانی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ١٣٢٥ی دەستپێکرد ،کە ئامانجی بەهێزکردنی ژنان و باشترکردنی پێگەی ژنان و پاراستنیان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و دڵنیابوونە لە بەشداریکردنیان لە پرۆسەکانی ئاشتیدا، بەڵام پلانەکە ئەنجامە خوازراوەکەی بەدەست نەهێناوە، سەرەڕای ئەو ڕۆڵە بەرچاوانەی کە ژنان لە کاتە سەختەکانی وڵاتەکەدا بینیویانە و بەشداری بەرفراوانیان تێداکردووە، هەروەها نوێنەرایەتیان لە هەڵوێستەکانی بڕیاردان و دانوستانەکانی ئاشتی لە یەمەندا هێشتا ئامادەنەبووە، پەراوێزخراون و لە ڕۆڵی بڕیاردان و پۆستە حکومییەکان و ڕاوێژکارییەکانی ئاشتی دوور خراونەتەوە، ئەم دەرکردنە ڕاستەوخۆ پێچەوانەی پلانی کاری نیشتمانییە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ١٣٢٥ سەبارەت بە ژنان، ئاشتی و ئاسایش.
لە پەراوێزی پانێڵێکدا کە لە تەعز لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن بەڕێوەچوو، بە ناونیشانی "بڕیارنامەی ١٣٢٥: شیکردنەوە و جێبەجێکردن"، ئاژانسەکەمان لەگەڵ چەند ژنێک کۆبووەوە کە بارودۆخی ئێستای بەشداری ژنان و خواستەکانیان بۆ داهاتوویەکی نزیک باسکرد.
ئەنجێلا مەعمەری، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیجی بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان و منداڵان ڕوونی کردەوە، کە یەمەن واژۆکارێکە لەسەر ئەم بڕیارنامەیە و پابەندە بە جێبەجێکردنی، یەکەم پلانی نیشتمانی لە ساڵی ٢٠٢١ داڕێژرا، ئاماژەی بەوەشکرد، بەداخەوە ئەم پلانە نیشتمانییە بڵاونەکرایەوە، لەبری ئەوە پلانێکی نیشتمانی جێبەجێکردن لە ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ داڕێژرا، هەروەها جوڵەیەک هەیە بەرەو پلانێکی نیشتمانی تۆکمە کە چەندین پارێزگاری یەمەن لەخۆبگرێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ١٣٢٥ لەڕێگەی چوار پایەی سەرەکییەوە، ئەم پایانەش جەخت لەسەر پێویستی و بەهێزکردن و پاراستنی ژنان دەکەنەوە.
"جەختکردنەوە لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی بڕیارنامەکە"
سەباح شەرعەبی، سەرۆکی لیژنەی نیشتمانی ژنان لە تەعز، جەختی لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی بڕیارنامەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی توندوتیژی ڕەگەزی کردەوە، وتی: پێشێلکاری زۆر هەیە، لەوانە دەستگیرکردن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، بۆیە دەبێت چارەسەرێک هەبێت و ئەم بابەتە بخرێتە ڕوو.
ئەو هیوای خۆی دەربڕی کە ئەم بڕیارنامەیە جێبەجێ بکرێت و تۆڕ و هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و کامپەکانی حکومەت هەبێت بۆ فشارخستنە سەر جێبەجێکردنی.
عەزیە حاشدی، پسپۆڕی دەروونناس، جەختی لە گرنگی جێبەجێکردنی بڕیاری بەهێزکردن و پاراستنی ژنان کردەوە، وتی: بە پشتبەستن بە کارەکانم لە بواری دەروونناسیدا، هیچ جێبەجێکردنی ڕاستەقینە و کاریگەرانە بۆ ئەم بڕیارە نییە، هەروەها هیچ هەوڵێکی ڕاستەقینە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو توندوتیژییەی ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە نیە، وەک توندوتیژی کۆمەڵایەتی و توندوتیژی خێزانی و هەندێکجاریش توندوتیژی ئاڵۆزتر هەیە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە بەپەلە ئەم بڕیارە کارا بکەین و جێبەجێبکەین، چونکە مسۆگەرییەکی ڕاستەقینەی مافەکانی ژنانە، جا چ سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری یان خێزانی بێت.
سەرەڕای ئەوەی یەمەن پلانێکی نیشتمانی بۆ جێبەجێکردنی دەستپێکردووە، بەڵام بەشداری ژنان لە بڕیاردان و دانوستانەکانی ئاشتیدا سنووردارە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە داواکاری فێمینیستەکان بۆ چالاککردنی بڕیارەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و دەستەبەرکردنی مافەکانە.