ژنان ئارەزووی وەرزش کردنیان هەیە بەڵام هاوکاری ناکرێن

وەرزشکارانی ژن سەرکەوتووانە لە مەیدانەکەدا هەن، بەڵام هاوکاری ناکرێن و وەک پێویست گرنگیان پێنادرێت، بۆیە داوادەکرێت کە سەرجەم یانەکان گرنگی بە وەرزشی ژنان بدەن.

میهرەبان سەلام  

 

هەڵەبجە- پاڵەوانێتی بالەی کچانی عێراق لە هەڵەبجە بەڕێوەچوو کە ماوەی چوار ڕۆژی خایاندو تیایدا ١٠ یانە بەشداربوون، وابریارە لەشاری هەولێر یاری کۆتایی بەڕێوە بچێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە لە عێراق بە گشتی و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت لەمپەر لەبەردەم ژنانی وەرزشکار دروست دەبێت.و هۆکارەکەشی تیروانینی کۆمەڵگەیە بۆ وەرزشی ژنان و هاوکاری نەکردنە. 

 

سەبارەت بەوەی پێویستە چۆن گرنگی بە وەرزشی ژنان بدرێت؟ نیدا یاسر، ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە کۆلیژی وەرزشە جەستەییەکان لەزانکۆی بەغداد و دونیا فەرەج، سکرتێر لەیانەی ئەفرۆدێت لە سلێمانی قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد. 

 

نیدا یاسر، ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە کۆلیژی وەرزشە جەستەییەکان لەزانکۆی بەغداد وتی: بەشداری ژنان بە پێی بینینمان ئەوەیە دواکەوتووە و زۆر لە ژنان بەشداریان باشە، بەڵام هیلاک بوین بە دروست بوونی یاریزان و پێویستە بەشداری کردن نێودەوڵەتی بێت، هەرچەندە هاوکاری مادی زۆر لاوازەو یانەکانیش ناتوانن هاوکاری بکرێن لە سەرجەم یانەکانی عێراقەوە، بۆیە داوادەکەین یانەکان زۆر گرنگی بە وەرزشی ژنان بدەن. بەتایبەت لە کوردستان چەند جۆرە وەرزشێک ژنان تیایاندا سەرکەوتوون، وەک چۆن گرنگی بە وەرزشی پیاوان دەدرێت ئاواش گرنگی بەوەرزشی ژنان بدەن و لایەنی پەیوەندیدارو وەزارەتی وەرزش و لاوان بێنە سەر خەت سەرجەم یانەکان گرنگی بەوەرزشی ژنان بدەن. 

 

راگەیاندنەکان لە ئێستادا هاوکاری باشن بۆ بڵاوکردنەوەی وەرزشی ژنان 

دونیا فەرەج، سکرتێر لەیانەی ئەفرۆدێت لە سلێمانی و کارگیر لەیانەکە لەپاش پیرۆزبایی ئاماژەی بەوەکرد ماوەی ٢٠ ساڵە لە وەرزشدا کار دەکات وتی: جێگەی دلخۆشی نییە ئەم ئاستی بەشداری کردنە بەتایبەت بۆ ژنان، بێباکی دەسەڵاتیش هۆکارەو جاران گلەییمان دەکرد کە دایک و باوک هۆشیار نین، بەڵام ئێستا دەسەلات هاوکار نییەو ئەوەی ماوەتەوە تەنها راگەیاندنە، ئەم پاڵەوانێتییە بکەین بە نمونە زۆربەی پەیج و تۆرە کۆمەڵایەتی و کەنالەکان هاوکاریان کردوین لە گواستنەوەی بە خەڵک، بەڵام بەگشتی پێویستە هاوکاری ژنانی وەرزشەوان بکرێت تاوەکو پەیامە وەرزشییەکە بگەیەنین.