ژنانی هەڵەبجە بەربەستی کۆمەڵایەتیان بۆ گەشتن بە وەرزش تێپەڕاندووە
پەیمان زەینەدین، سەرپەرشتیاری تیپی فوتساڵی کچان و تیپی بالەی کچان دەڵێت: بەربەستی کۆمەڵایەتیمان تیپەڕاندووەو تەنها بەربەستی ئابوریمان لە پێشە، تەنها بەهاوکاری خۆمان توانیومانە بەردەوامی بدەین بەتایبەت یاریزانی فوتساڵ و تۆپی پێ هەموو پێویستی بەپارەیە.

میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-ساڵانی ڕابردوو بۆ ژنانی هەڵەبجەو گەشتن بە وەرزش قورس بوو چونکە کۆمەڵگە بە جۆریکی تر لە ژنانی دەروانی بەتایبەت ئەوانەی وەرزش دەکەن، بەڵام لە ئیستادا بە هەوڵ و رەنجی ژنان خۆیان بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان تیپەریون و تەنها بەربەستە ئابورییەکان ماون، لە ڕووی ئابوورییەوە وەک پیویست هاوکاری یانەکان ناکرێت، ئەمەش بەربەستە لەبەردەم ژنانی وەرزشکار کە نەتوانن پێداویستییە وەرزشییەکانیان دابین بکەن، یاخود نەتوانن وەک پیشەیەک بەردەوام بن لە وەرزش کردن، لە کاتێکدا لە جیهاندا وەرزشکاران وەک پیشە سوودی لێ دەبینن و هەموو کاتی خۆیان بۆ وەرزش تەرخان دەکەن.
سەبارەت بەو پرسە پەیمان زەینەدین، سکرتیری یانەی سیروانی هەڵەبجەو سەرپەرشتیاری تیپی فوتساڵی کچان و تیپی بالەی کچان بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: لە سالی ٢٠٠٣ تا سالی ٢٠٢١ وەک یاریزان بووم، دواتر لەوساڵەدا وەک سکرتێری یانەکە دەست بەکار بووم و بەردەوامم.
"لە ئێستادا دروست کردنی تیپ ئاسانتر بووە"
پەیمان زەینەدین، سکرتیری یانەی سیروانی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد، ساڵانی رابردوو ئەوەندە یاریزان کەم بووە تەنها بە شەش یاریزانەوە چونەتە مەیدان بۆ یاری کردن، یاریزانی یەدەگیان نەبووە، بەلام ئێستا دروست کردنی تیپ ئاسان بووەو زیاترو زیاتر دێنە وەرزش، وتی: ئیمە کۆمەڵێک کچ بووین وەرشمان دەکردو ئێستا زیاتر کچان دێن و دەبنە یاریزان، کێشەی خیێزان ئەوەیە وادەزانن ئەگەر کجان بێنە وەرزش ئیتر گرنگی بە خوێندن نادەن، بەڵام ئیمە دڵنیایان دەدەینێ کە خوێندنگە و خویندن ئەنجا یاری و وەرش کردن.
"بەربەستی کۆمەڵایەتیمان تیپەراندووەو تەنها بەربەستی ئابووریمان لە پێشە"
سەبارەت بەوەی لە ئێستادا بەربەستەکانی بەردەم بەرەوپێش چونی وەرزشی ژنان چین؟ پەیمان زەینەدین باسی لەوەکرد کە کۆمەڵگە لە ئێستادا پێشوازی لە کچان دەکات بەڵام لە ئیستادا نەبوونی بودجە کە بتوانین یاریزانەکە دلخۆش بکەین و بتوانین بەشداری خولێک بکەین نییە، داوای هاوکاری دەکەین و ئیتر یاریزانەکە گرێبەستی نییە ، تەنها بەهاوکاری خۆمان توانیومانە بەردەوامی بدەین بەتایبەت یاریزانی فوتساڵ و تۆپی پێ هەموو پێویستی بەپارەیە، لەبەرئەوە پێویستە بازنە وەرزشییەکان هاوکاری بکرێن و گیرو گرفت چارەسەر بکەن.
یانەی سیروان هەڵەبجەو رێکارە وەرزشییەکان بەرەوپیش چووەو تەنها باری ئابووری رێگرە وتیشی: دایک و باوک ئیستا دلخۆشن بەهاتنی کچەکانیان بۆ ناو وەرزش، وەک مەلەوانی، جومناستیک، کاراتی، لە خورماڵ و هەڵەبجەو سیروان چەندین کچ هەیە کە لە هەواڵی وەرزش دەپرسن و بۆیە تاکە بەربەست لە ئێستادا بەربەستی ئابووریە.
لە کۆتایی قسەکانیدا پەیمان زەینەدین داوا لە دایک و باوکان دەکات گرنگی بە وەرزش بدەن وتی: با منداڵەکانیان دوور بخەنەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و گرنگی بە وەرزش بدەن، هەروەها حکومەت و لایەنی پەیوەندیداریش بێنە سەرخەت وەک ساڵانی ڕابردوو پارە بۆ یانەکان دابین بکەن، بەبێ جیاوازی، لە ئێستادا ژنان خویان یاوەتە وەرزش و پێویستە گرنگی پێ بدرێت.