تەندروستی جیهانی: بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئاوڵەی مەیمون ١٦٠% زیادی كردووە
تەندروستی جیهانی ئاشکرایکرد، بەهۆی پەتای ئاوڵەی مەیمون باری لەناكاوی جیهان ڕادەگەیەنن و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئاوڵەی مەیمون ١٦٠% زیادی كردووە.
ناوەندی هەواڵ
تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆكی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی سەبارەت بە ڕاگەیاندنی باری لەناكاو لە جیهاندا بەهۆی پەتای ئاوڵەی مەیمون لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ڕاگەیاندنەکان ئاماژەی بەوەکرد، لیژنەی فریاگوزاریی ڕێكخراوی تەندرووستیی جیهانی كۆبوونەتەوە و بۆچوونی خۆیان لەبارەی ئاوڵەی مەیموونەوە پێیان ڕاگەیاندم، كە بارودۆخی لەناكاوی تەندرووستیی جیهانی بەهۆی پەتای ئاوڵەی مەیمون ڕابگەیەنم، بۆیە منیش ئەو ئامۆژگارییەم قبوڵكرد.
ئاشکراشی کرد، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئاوڵەی مەیمون ١٦٠% زیادی كردووە، هەروەها مەترسی پەتای مەیمون بەشێكی زۆر وڵاتانی ئەفریقای هەراسان كردووە.
پەتای ئاوەڵەی مەیمون، نەخۆشییەكی ڤایرۆسی گوازراوەیە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بەهۆی بەریەككەوتنی ڕاستەوخۆشەوە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، نیشانەكانی ئەو نەخۆشییە بریتین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، ئازاری ماسولكە و دەركەوتنی برین لەسەر پێست.
ئەم نەخۆشییە زۆر زوو دەگوازرێتەوە و لە كاتی بڵاوبوونەوەی سەرەتاییدا لە كۆماری دیموكراتی كۆنگۆ لانیكەم ٤٥٠ كەسی كوشت، لە ئێستادا لە بەشێك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا بڵاوبووەتەوە و زانایان نیگەرانن لە خێرایی بڵاوبوونەوەی جۆرێكی نوێ پەتاكە.