کەی وەرگرتنی "اشعة" تیشک پێویستە بۆ "سوفان" سوانی جومگەکان؟

سوانی جومگە بریتییە لە دروست بوونی ئازارێکی میکانیکی درێژخایەن کە نەخۆش بە شێوەیەکی گشتی تووشی دەبێت لە دوای تەمەنی ٤٠ ساڵی وە لەوانەیە ھەندێ جار زووتر ئەم حاڵەتە پەیدابێت کە پەیوەندی بە چەند ھۆکارێکەوە ھەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

دکتۆر چرا کاوە حەوێزی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی جومگەو رۆماتیزم و شیاندنی پزیشکی لەو بارەیەوە زیاتر وتی: "

ئازاری سوانی جومگە بە شێوەیەکی گشتی لە سەرەتا تەنھا لەکاتی جوڵە کردنەو بە پشوودان ئازارەکە کەم دەکات، بەڵام وردە وردە لەوانەیە ئەم ئازارە بەرەو زیادبوون بڕواو نەخۆش ھەست بە ئازار بکات لە کاتی خەوتنیش .

 

-رەقبوونێکی کاتی کەمتر لە ١٥ خولەک لە دوای دانیشتن یان پشودان پەیدا دەبێت.

-ھەندێ جار ئاوسانێکی کەمی لەگەڵ دەبێ.

-هەندێ جار شێوەی جومگەکە لەوانەیە بگۆرێ لە ھەندێ نەخۆش

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ دەستنیشان کردنی "سوفان" پشکنینێکی دیاریکراو نییە ،هەروەها ئەو پشکنینە تاقیگەیانەی کە ھەندێ جار بۆ نەخۆش ئەنجام دەدرێ بۆ ئەوەیە لە نەخۆشی تر جیابکرێتەوە، بۆیە بۆ دەستنیشانکردنی سوانی جومگەکان گرنگترین شت قسە ی نەخۆش و پشکنینی پزیشکیە، هەروەها بە نسبەت وەرگرتنی تیشکی ئاسایی ھیچ سوودێکی ئەوتۆی نییە چونکە بە شێوەیەکی گشتی ئەم گۆڕانکاریانەی کە روودەدات لە کڕکڕاگەو ئێسکەکە کاتی دەوێت تا لە تیشکی ئاسایی "رەش و سپی" دەردەکەوێ ،

بۆیە ئەگەر:

-نەخۆش رێک نیشانەکانی ھەبێ ئەوە وەرگرتنی تیشک ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ بەڵکو تەنھا زیانەکانی تیشکەکە بۆ خۆی زیاد دەکات .

- کاتێک نەخۆش چارەسەری وەرگرت و ھەستی بە باش بوون کرد ئەوە بە ھیچ شێوەیەک پێویست بە وەرگرتنی تیشک ناکاتەوە بۆ ئەوەی بزانی باش بووە جومگەکە یان نا.

کەواتە بڕیاردانی وەرگرتنی تیشک و جۆری تیشکەکە باشترە جێبھێڵدرێ بۆ پزیشکی پسپۆر .

 

کەواتە لە چ کاتێک تیشک پێویستە

-ئەگەر نەخۆش لە گەڵ ئەم نیشانانە پێکانی تووش بوبێ و ئاوسانێکی زۆری لە گەڵ بێ.

- لە کاتێک کە چارەسەری بۆ ماوەیەک وەرگرت و سودێکی ئەوتۆی لە چارەسەر نەبینی

-ئەگەر بریار بدرێ کە دەرزی لە جومگەکە بدرێ یان نەشتەرگەری بۆ جومگەکە ئەنجام بدرێ ئەم کات لە لایەن پزیشکی پسپۆڕەوە بڕیاری جۆری تیشکەکە دەدرێ .

-ھەندێ جار نەخۆشەکە نیشانەی تری ھەیە بۆ جیا کردنەوەی نەخۆشیەکە لەگەڵ نەخۆشی تر ئەوە پێویست دەکات تیشک بگیرێت.

-بۆ وەرگرتنی جۆری تیشکەکەش ئایا تیشکی ئاسایی ئەشیعەی رەش و سپی دەوێت یان وەرگرتنی تیشکی موگناتیسی "MRI" یان "CT" باشتر وایە پزیشکی پسپۆڕ بڕیاری لەسەر بدات .