کەمبوونی دەرمان و گرانبوونی نرخ تەندروستیی ژنان لە ئێران دەخەنە مەترسییەوە

کەمبوونی دەرمان و پێداویستیی تەندروستی، بەرزبوونەوەی تێچووی خزمەتگوزارییەکان، دابەزینی توانای دارایی خێزانەکان، دەستڕاگەیشتنی ژنان لە ئێران بە چاودێریی تەندروستی و چارەسەری قورستر کردووە، کێشەیەک کە بووەتە هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر تەندروستی.

زیلان ئاتمانی

 

ورمێ ـ لەناو قەرەباڵغیی یەکێک لە دەرمانخانەکاندا، دەنگی ژنێکی تەمەن ٥٠ساڵ، کە نیشانەی ماندووبوون بە ڕوخساریەوە دیارە، سەرنجی زیاتر ڕادەکێشێت کاتێک وتی: منداڵ و ماڵ و کارەکانی ماوەی ڕۆژێکە بەجێهێشتوون، لە سەردەشتەوە ناردیانم بۆ مهاباد، لە مهابادەوە هاتم بۆ ورمێ، ئێستا پێم دەڵێن لێرە بەدوایدا نەگەڕێم و بچم بۆ تاران؟ چیبکەم ئەگەر لەوێش دەستم نەکەوێت؟

ئەم جۆرە گفتوگۆیانە ئەمڕۆ لە زۆربەی دەرمانخانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی دووبارەبووەوە دەبیسترێت، بەتایبەت لە شار و ناوچەکانی دەرەوەی ناوەندە گەورەکاندا، چونکە ژمارەی جۆرەکانی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان لە ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە کەمبوونەوەدان، لە کاتێکدا کوالێتیی زۆرێک لەم بەرهەمانەش هەر دەگۆڕێت و خراپ‌تر دەبێت.

 

ئەم کەمییە لە کاتێکدایە کە نرخی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان، بەتایبەت پێداویستییەکانی پاکوخاوێنیی ژنان، بەرزبوونەوەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچوونی بەدواداچوونی کێشە تەندروستییەکانی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە.

 

پاکوخاوێنی لە کاتی سووڕی مانگانەدا

لە نێوان ڕەفەکانی پێداویستییە تەندروستییەکاندا، پێش ئەوەی ژنان بەدوای مارکە، جۆر یان تەنانەت ژمارەی پارچەکان لە پاکەتێکی سانتی ژناندا بگەڕێن، سەرەتا چاویان دەبڕنە ئەو نرخانەی لەسەر بەرزترین ڕەفەکان دانراون، کە نرخەکانیان لە ١٠٠ هەزار تمەن کەمتر نییە.

 

شەیدا. ح، کە فرۆشیارە لە دوکانێکی ناوخۆیی، سەبارەت بە گۆڕانکاریی نرخی سانتی ژنان وتی: نرخی هەندێک مارکە لە نزیکەی ٤٠ هەزار تمەنەوە بۆ ١٦٥ هەزار تمەن بەرز بووەتەوە، هیچ بەرهەمێکی هاوردەمان نییە، چونكە نرخی پاکەتێک سانتی ژنان کە لە جاراندا نرخی نزیکەی ١٦٠ هەزار تمەن بوو، ئێستا نزیک دەبێتەوە لە یەک ملیۆن تمەن.

 

هەروەها دەستنەکەوتنی هەندێک مارکەی ناوخۆیی بۆ ژنانێک وەک سارینا. س بووەتە کێشە، کە وتی: ماوەی دوو ساڵ بوو سانتی لۆکەی دژە هەستیاریم بەکاردەهێنا بەڵام چەند مانگێکە نەماوە، دەڵێن دەستکەوتنی خاوەنی ماددە سەرەتاییەکان قورس بووە.

 

هەندێک لە پێداویستییەکان، وەک سانتیەکانی ڕۆژانەی ژنان، لە بنەڕەتدا لەسەر ڕەفەی دوکانەکان نەماون، هەروەها نرخەکەیان هێندە بەرز بووەتەوە کە بەرپرسی فرۆشتن لە یەکێک لە دەرمانخانەکان وتی: نە کڕیار و نە فرۆشیار توانای دابینکردنیان هەیە، لە بەرامبەردا، خواست لەسەر سانتی کە دەشۆردرێن و پارچە قوماشە کۆنەکانی لە شوێنی خاولیی تەندروستی بەکاردەهێنرێن زیادی کردووە بەهۆی بەرزیی نرخی ئەوانی ترەوە، پرسێک کە لە حاڵەتی ڕەچاونەکردنی بنەماکانی پاکوخاوێتیدا، ڕەنگە ببێتە هۆی کێشەی تەندروستی وەک هەوکردن، کێشەی پێست، سووتانەوەی میز و هتد.

 

نەخۆشییە جەستەیییەکان و قورسیی دەستنیشانکردن و چارەسەر

هەروەها بەدواداچوونی ژنان بۆ دۆخی تەندروستیی جەستەییان لە سایەی گرانبوونی نرخ و خراپتربوونی دۆخی گوزەراندا قورستتر بووە، نەغەمە. ز، کە پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوونە وتی: بەرزبوونەوەی تێچوونی خزمەتگوزارییەکانی دەستنیشانکردن نەخۆشەکانی بە شێوەیەکی بەردەوام هانبەستووە کە بەدوای چارەسەری جیاوازدا بگڕێن، تاوەکو بتوانن خۆیان لە ئەنجامدانی پشکنینەکان بەدوور بگرن بەهۆی بەرزیی تێچووەکەیانەوە؛ چونکە تێچوونی وێنەگرتنێکی سادە بە شەپۆلی سەروو دەنگی بۆ منداڵدان و هێلکەدانەکان نزیک دەبێتەوە لە یەک ملیۆن تمەن، لە کاتێکدا تێچوونی پشکنینی لینجی ملی منداڵدان نزیکەی سێ ملیۆن تمەنە.

 

کەمیی هەندێک دەرمان، وەک دەرمانی هۆرمۆنی سادە یان ئەوانەی کە بۆ چارەسەری شێرپەنجەی ژنان بەکاردەهێنرێن، نەخۆشەکان بە تایبەتی لە شار و ناوچەکانی دەرەوەی ناوەندە گەورەکان ناچار دەکات لە پایتەختەکانی پارێزگاکان یان تاران بەدوای چارەسەردا بگەڕێن و تەنانەت پەنا بۆ بازاڕە نافەرمیەکان و وڵاتانی دراوسێش ببەن.

 

بە وتەی ئەو پزیشکە، دوای ئەوەی بەهۆی ئەو بارودۆخانەوە چارەسەری خۆیان دواخستووە، ژمارەی ئەو نەخۆشانەی نەشتەرگەری فریاگوزارییان بۆ دەکرێت، بەهەمان شێوە زیادی کردووە.

 

نەخۆشە دەروونییەکان... ژنانی پەراوێزیش هێندەی تر ئازاریان هەیە

نەبوونی دەرمانە دەروونییەکان باری قورس لەسەر نەخۆشەکان دروست دەکات کە دەناڵێنن بە دەست تێکچوونە دەروونی و دەمارییەکانەوە، سەرەڕای ئەوەی هەندێک دەرمانە دەروونییەکان لە ماوە جیاوازەکاندا تووشی کەمی بوون لە بازاڕدا، لەو کاتەدا جێگرەوەکانیان دابین دەکران، بەڵام ئێستا، تەنانەت دەرمانە جێگرەوەکانیش زۆر دەگمەن بوون یان کەوتوونەتە ژێر رێژە و دابەشکردنی سنووردارەوە.

 

کازیوە. م، کە دایکی دەناڵێنێت بە دەست نەخۆشیی شیزۆفڕنیا (تێکچوونی کەسێتی) دوای ئەوەی تووشی شۆکێکی توندی سۆزداری بوو، کەمیی دەرمان سەرەتای ئازاری قووڵتر بوو لەناو خێزانەکەدا، وتی: دایکم پێویستە ڕۆژانە شەش حەب بخوات، بەڵام کەمی دەرمان بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ژەمی خواردنی و وایکردووە ناڕێک بێت.

 

هەروەها مانگی رابردوو دایکی جارێکی تر خڕایە نەخۆشخانە دوای قورسبوونی نیشانە دەروونییەکان و هەوڵدانی بۆ ئازاردانی خۆی.

 

لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگ و توندبوونەوەی سزاکان لەسەر ئێران، دەستگەیشتن بە چارەسەر بۆ زۆرێک لە نەخۆشەکان قورستتر بووە، بەرپرسان دەڵێن دۆخەکە هێشتا بەرەو خراپتربوون دەچێت، ئەمەش ئەو ژنانەی کە پێشتر لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا ڕووبەڕووی بەربەستی گەورەتر دەبوونەوە، بە شێوەیەکی بەردەوام دەخاتە بەر مەترسیی وازهێنان لە چارەسەر یان تەواونەکردنی، ئەو مەترسییە نەخوازراوانەی کە لەسەر تەندروستی و ژیانیان دروست دەبێت.